بە بەشداریی نوێنەری یەكێتی، كۆنگرەی هاوبەشی پارتی كار و پارتی چەپی سەوزی هۆڵەندی رێكخرا

08:47 - 2023-10-16
کوردستان
226 جار خوێندراوەتەوە

لەسەر بانگهێشتی رەسمیی پارتی كاری هۆڵەندی و پارتی چەپی سەوزی هۆڵەندی، نوێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەهۆڵەندا، بەشداریی كۆنگرەی هاوبەشی ئەو دوو پارتە دەكات و پەیامی پیرۆزبایی یەكێتی دەگەیەنێتە كۆنگرە و سەرۆكایەتیی هەردوو پارتەكە.
كۆنگرەی هاوبەشی سۆسیال دیموكراتەكانی هۆڵەندا و پارتی چەپی سەوزی هۆڵەندی، رۆژی 14/10 لە رۆتەردام، بەئامادەبوونی نوێنەری یەكێتی و نوێنەرانی چەندین پارت و رێكخراوی سیاسیی جیهانی و باڵیۆز و دیپلۆماتكاران، دەستیپێكرد، كە مەبەست لێی ئامادەكارییە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی داهاتووی هۆڵەندا، كە بڕیارە لە 22/11/2023 بەڕێوەبچێت و هەردوو پارتی كار و پارتی چەپی سەوز لیستی هاوبەشیان دەبێت.
لە كۆنگرەكەدا، بەختیار بەكر نوێنەری یەكێتی لە هۆڵەندا، پەیامی رەسمیی یەكێتی گەیاند بە سەرۆك و سەرۆكایەتیی پارتی كار و پارتی چەپی سەوز، هەروەها بەرچاوڕوونی سەبارەت بە دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكان لەناوچەكەدا و رۆڵ و هەوڵەكانی یەكێتی و گۆڕانكارییە ناوخۆییەكان و بەڕێوەچوونی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی و دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خۆڕێكخستنەوە و ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو لە عیراق و هەرێمی كوردستاندا، خستەڕوو.
لە لێدوانێكیشدا بۆ میدیای یەكێتی، بەختیار بەكر، رایگەیاند: «كۆنگرەكە رووداوێكی مێژووییە، بە یەكێك لە گەورەترین كۆنگرەكانی هۆڵەندا دادەنرێت، زیاتر لە پێنج هەزار ئەندام و سەدان میوانی نێودەوڵەتی، لەنێویاندا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشدارن، كە دەرفەتێكی باشبوو بۆ گەیاندنی پەیامی سیاسی و سازدانی دیداری دووقۆڵی لەگەڵ دۆستەكانمان لە پارتە چەپ و دیموكراتەكان بەگشتی و دەستەخوشكەكانمان بەدیاریكراوی».

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان