وتەبێژی یەكێتی: لەگەڵ یەكڕیزیی هێز و لایەنە سیاسییەكانداین

09:58 - 2023-10-17
کوردستان
334 جار خوێندراوەتەوە

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ریكاردۆ رۆدریگێز بەرپرسی نووسینگەی یۆنامی لە هەرێمی كوردستان، تاوتوێی بارودۆخی سیاسیی عیراق و هەرێم، دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، هەروەها دەرەنجامەكانی پێنجەمین كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان، كرد.
لەسەر بانگهێشتی بەرپرسی نووسینگەی یۆنامی لە هەولێر، دوێنێ، سەعدی ئەحمەد پیرە، سەردانی نووسینگەی یۆنامی كرد. سەرەتا ریكاردۆ رۆدریگز پیرۆزبایی خۆی بەبۆنەی سەركەوتنی كارەكانی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی و دەستنیشانكردنی وتەبێژیی یەكێتی لە سەعدی ئەحمەد پیرە، كرد.
لای خۆیەوە، وتەبێژی یەكێتی، رایگەیاند: بەرنامە و پلان و كارەكانی پێنجەمین كۆنگرە بەسەركەوتوویی بەڕێوەچوو، وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تەئكیدمان كردەوە لەسەر خاڵە جەوهەرییەكانی پێویستیی ئەمڕۆی ژیانی حزبایەتی و ئامانجە ستراتیجی و خزمەتگوزارییەكانی حزبمان بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، هەروەها كاركردن بە بەرنامە و پلانی نوێ بۆ ئۆرگانەكانی یەكێتی بەسوودوەرگرتن لە بیر و ئایدیای نوێ بۆ زیاتر دەوڵەمەندكردنی ئامانجەكانی یەكێتی لە ئێستا و داهاتوودا، وتیشی: كۆنگرە جەختی لەسەر یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی هێز و لایەنە سیاسییەكان كردەوە.
باسی لەوەشكرد «یەكێك لە بەرنامە گرنگەكانی یەكێتی ئەوە دەبێت، كە داوا لە ئاژانسە جیاوازەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات هاوكاریی زیاتری هەرێمی كوردستان بكەن ئەوەش بە ئامانجی بوژانەوەی زیاتری ژێرخانی ئابووری و مرۆیی و رەخساندنی هەلی كاری زیاتر بۆ گەنجان و چینوتوێژەكان.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان