هاتنی ئۆزدەمیر بۆ رواندز

11:25 - 2023-11-01
دووتوێ
755 جار خوێندراوەتەوە

فوئاد بەرزنجی

رەفیق حیلمی لە یاداشتەکانی دا لەلاپەڕە 151 دا دەڵێت: کەمالیەکان بۆ هەڵگێڕانەوەی عەشیرەتە کوردەکانی باکوری عێراق لە ئینگلیز لە ژێر ناوی «عەلی شەفیق» ناو «میرئاڵایەک»ی میلیس واتە «کۆلۆنەلی ئەهلی»دا کە لە رەگەزی چەرکەسەکانی میسر بوو، تاقمێک عەسکەریان ناردە رواندز «حوزەیران 1922» ئەم تاقمە نەک لە مەفرەزەیەکی عەسکەری، بەڵکو زۆرتر لە  چەتەیەک ئەچو. لە چوار پێنج زابت و چەند نەفەرێکی تورک بەولاوە ئەوانی تری ئەم چەتەیە هەموو کورد بون، لە خەڵکی کەرکوک و هەولێریش هەندێکیان لەوانە لەگەڵ بو کە بە تورکی قسەیان ئەکرد و نەیان ئەزانی کوردن یان وایان بە جوان ئەزانی کە ببن بە تورک. عەلی شەفیق خۆی ناو نابو «ئۆزدەمیر پاشا» واتە «خوێی ئاسن کە بەکوردی شتێکە وەک ڕۆبیتەن، یان گیان پۆڵا» تاقمی مستەفا کەمال بەسەر زاری دانی بە ئۆزدەمیردا نەئەناو لە چاوی میرییا بەچەتەیەکی یاخی و سەربەخۆ ئەدرایە قەڵەم، بەڵام بە هۆی لاگیری کوردەوە بە بێ پەروا لەو ناوەدا حوکمی ئەکرد لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بو بەئەمیری بێ فەرمانی ناوچەی رواندز و عەشایەری دەوروپشت و گەلێک لە عەشیرەتەکانی کرد بە لاگیری خۆی و تورکە کەمالیەکان و نفوزێکی گەورەی لەو ناوەدا پەیاکرد قەزاکانی رواندز و کۆیە و ڕانیە و، بەهۆی «عەباسی محمود ئاغا» بەشی زۆری پشدەر بە ئەمری ئەو ئەچو بەڕێوە. لە دوای کوژرانی کەبتەن بۆندی حاکمی سیاسی چەمچەماڵ واتە «ئەو کەپتن بۆندەی کە هەیئەتی شایەتەکانی برد بۆ بەغدا کە لە دیوانی عورفی ئینگلیزەکانا شایەتی لە شێخ مەحمود بدەن. کەریم بەگ ئەم بۆندەو زابتێکی تری ئینکلیز و غەفوری خەجێی خەڵقی سلێمانی پیاوی بۆندی لە ڕۆژێکا کوشت و چوە لای ئۆزدەمیر لە رواندز»، کەریم بەگی فەتاح بەگی سەرەک عەشیرەتی هەمەوەندیش کە بەینێک بو لە ئینگلیزەکان یاخی ببو و تەنگی بە هێزەکانیان هەڵچنیبو چوە لای ئۆزدە میر. بەجارێک بوە هۆی پەرەسەندنی ئۆزدەمیر و زیادی ئاژاوە لە کوردستانا.»
 لێرە زۆر روون و ئاشکرا دیارە کە بەهۆی تەڵەکەبازی ئۆزدەمیر لە ناوچەکەدا خەڵکێک کردوویەتی بە شوێنی خۆحەشاردان و پاڵ پێوەدانی بەڵام لەڕاستیدا خۆی جێگەی متمانەی تورک نەبووە، بەڵام بێ ئاگایی کورد لەو حاڵە و بێ مەئوایی کورد لەو دۆخەدا هەردەبوو وابکرایە کە ئەمە بۆتە هۆی دروست کردنی متمانە بۆ ئۆزدەمیر و بڕوا پێکردنی لەلایەن کەمالییەکانەوە و مانەوەی لە سنووری پشدەردا» تا دەوری دەگاتە قۆناغێکی باش و دەسەڵاتداری ناوچەکە.
رەمزی قەزاز
هەر لەمبارەیەوە رەمزی قەزاز، لە کتێبی کورد لە کۆتایی چەرخی نۆزدەهەمەوە تا ناوەڕاستی چەرخی بیست،لە لاپەڕە 146و 147دا دەڵێت: 
لەم کاتەدا بوو حکومەتی فەرەنسە لەگەڵ تورکیا « ئۆزدەمیر» کە لەوێ شەڕی دەکرد لەگەڵ فەرەنسیەکانا لە وێوە بە خۆیی و هێزەکەیەوە ناردیان بۆ رەواندز بەم جۆرە هێزی رەواندز بەهێز کرا.
هەروەها دەڵێت:
ئۆزدەمیر ناوی خۆی «علی شفیق»ە لە ڕەگەزی چەرکەسە  پیاوێکی وریا بووە، لە پشدەر ئەو ئاغایانەی لە دژ بابکر ئاغا و ڕژێمی حوکمی ئینگلیز بون خۆیان ئاشکرا کرد، هەمو بە ماڵەوە هاتنە «وەزنە» بۆ ئەوەی نزیک بن لەجوڵانەوەی رەواندز، نوێنەریان نارد بۆ لای ئۆزدەمیر، داوایان کرد کە هێرش ببرێت بۆسەر دەربەند، هەروەها لەم داواکردنە پشدەریەکان و ڕانیەیی و غفورخان بەتوندی هەوڵیان داو داوایان لە «ئۆزدەمیر» کرد کە هێرش بەرنەسەر دەربەند، شێخانی بجیل داوایان لێکرد هێرش ببرێتە سەر عەقرە، لەم وەختەدا «کەریم بەگی» فەتاح بەگی هەمەوەند «فەقێ محمد» و «سەید محمد جەباری» لەگەڵ دووسەد سوارا لە ڕێگای حەریرەوە هاتنە رەواندز، ئەم هاتنە زۆر دەنگی دایەوە، پاش یەک دوو ڕۆژ لە دوو قوڵەوە هێرش برا لە شاوور و ناو دەشتەوە ، ئەحمەد تەقی لە قۆڵی شاوورەوە لەگەڵ هەمەوەندەکان بو بەبێ شەڕ گیرا،  «ئۆزدەمیر» لەقۆڵی ناودەشت بو لەگەڵ «بەهلول ئاغا» مدیری ئینگیزەکاندا بەشەڕ هاتن، نزیکەی سەد چەکدارێکی شێخی سەلان لەگەڵ ئەحمەد تەقی دا چون بە دەنگیانەوە، هێزی نەتەوە بە ئاسانی چونە «شەهیدان» کە دوو سەعات لە دەربەندەوە دورە هێزی لای شاوریش ڕانیەیان  داگیر کرد، ئینگلیزەکانیش لە ژێر فەرماندەی «میجەر ئەدمۆندس» دا هێزێکی گەورەیان لە دەربەند کۆکردبۆوە بۆ بەرگری، بابکر ئاغاش لە قەڵادزە خۆی قایم کردبو، خەتی تەلەفۆنی بەینی قەڵادزەو دەربەند بڕابو، هەردوو لوتکەی چیاکان هێزی نەتەوە داگیری کردبو هێزی نەتەوەی دەست وەشێن لە شەهیدان ئامادە بون بۆ هێرش بردن، ئینگلیزەکان بڕیاری ئەوەیان دا کەواز لەدەربەند بێنن و بگەڕێنەوە، هێزی نەتەوە لەبەری بەیانا هێرشی بردە  سەر دەربەند، لە بەرئەوەی کە هێزی ئینگلیزی تیا نەمابو بێ شەڕ گیرا، هێزی نەتەوە ڕویان کردە «بوسکین» بەدوای هێزی ئینگلیزدا کە هێشتا لە قەڵای بوسکین دا مابون، دەسکرا بە شەڕکردن بە تۆپ و مەترەلیوز، هێزی نەتەوە لە هەمو لایەکەوە هێرشی برد، هێزی ئینگلیز شکاو ڕویان کردە شاخی «دەرو بزماری» بەرامبەر ڕانیە کە لەوێ خۆیان بگرنەوە سوارەی هێزی نەتەوە لە پێش ئەواندا سەر شاخەکەیان گرت هێزی ئینگلیز کە بەمەیان زانی گەڕانەوە بۆ لای گردە بلوێرەکە کەلەوێدا خۆیان بگرنەوە، لە بەری مەرگەوە سوارەی پشدەری لە پێش گەیشتنی ئەواندا گردەکەیان گرت،  ئیتر هێزەکەی ئینگلیز بە پەرێشانی کەوتنە ناو مەرەزەکانی دەشتایی «بتوێن»وە تۆپ و گرانایی و زۆر شتیان لێ بەجێما لەم کاتەدا فڕۆکەی زۆری ئینگلیز هات وە فریای هێزە  پەرشو بڵاو و بەزیوەکە کەوت لە ژێر پارێزگاری فڕۆکەوانەکانا بە پەلە پڕوزکێ خۆیان گەیاندە «سەرخمە» وەچونە «کویسنجاق»بۆ سبەینێ ئەوێشیان بەجێ هێشت ئینجا سولەیمانیان چۆڵکرد،  وەبڕیاری هاتنەوەی شێخ مەحمودیان دا لە دیلی... بۆ زانیاری زیاتر سەیری لاپەڕەکانی  149 - 156 بکەن.
رەمزی قەزاز چی دەڵێت؟
دواتر رەمزی قەزاز دەڵێت: بەڵێ لێرەدا دەتوانرێت لەم ماوەیەی کە شێخ مەحمود لە کوردستان نەمابو واتە کە لە ئەسارەت بوو  لەهیندستان، ڕۆڵی ئۆزدەمیر و تورکەکان لە ناوچەی رەواندز وەدەردەکەوێت و جارێکی تر، ترس دەکەوێتەوە دڵی ئینگلیزەکان بۆ کپ کردنەوەی ئاگری ئەم شۆڕشانە بە پێویست زانراوە  بەناچاری شێخ مەحمود بهێننەوە لە هیندستانەوە یان لە ئەسارەت بۆ زێدی خۆیی و شوێنی حوکمداریەکەی و گەل و نیشتمانەکەی کوردستانی باشور، سلێمانی».
ئەحمەد تەقی 
هەر لەمبارەیەوە  ئەحمەد تەقی  لە لاپەڕە 34 ی کتێبەکەیدا دەڵێت:
«پاش ئەوەی کە پێشەوا ڕەوانەی هیندستان کرا ئینگلیزەکان لەباتی ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ دانیشتواندا باشتر بکەن بە پێچەوانەوە کەوتنە سزادانی خەڵک و بەتایبەتی ئەوانەی کە سەر بەشێخ مەحمود بوون لە ناوسلێمانی و دەرەوەی شاردا. هەرچەندەش نوسین و خوێندن بەزبانی کوردی بوو، میجەرسۆن یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لەسلێمانی بەناوی پێشکەوتنەوە دەرکرد لەگەڵ ئەوەشدا ئەمانە هەمووی تەنها بۆ مەسڵەحەتی ئینگلز بوو» هیچی تر... بۆزانیاری زیاتر سەیری لاپەڕەکانی 35 - 46 بکەن».
«ئەمە ئەوە دەردەخات کە هۆکاری بانگهێشتی ئۆزدەمیر بۆ رەواندز و جێ بوونەوەی ئەو رەفتارە خراپانە بوو کە ئینگلیزەکان دەیان کرد دژی بزوتنەوەی کورد جگە لە ناردنی مەلیکی کوردستان بۆ ئەسارەت کەبۆ یەک سات کورد ئۆقرەی نەگرت بەتایبەتی کەریم بەگی فەتاح بەگی هەمەوەند کەبەتەواوی ئۆقرەی لەبەر ئینگلیز بڕی بوو، جگە لە خراپی بارودۆخی ناوەخۆیی بەریتانیا لە ناو وڵاتەکەیدا»
عەلادین سەجادی
هەر لەمبارەیەوە مامۆستا عەلادین سەجادی  لە کتێبی  شۆڕشەکانی کورد لە لاپەڕە 82 و 83 دا دەڵێت: 
وڵاتی سلێمانی لە پاش برانی شێخ مەحمود بۆ «هیندستان» بەتەواوی تێکچوو، لە لایەکەوە لە ئاکرێ و ئامێدی ئاژاوە دەستی پێ کردبوو، لەم لاوە لە وڵاتی هەورامان و مەریوان و بانە دیسان هەرا هەڵسابوو،» «ئۆزدەمیر»یش- پاشماوەی تورک- لە وڵاتی رەواندز تۆزی ئەکرد!. لەلای سابڵاخ و ورمێوە «سمایل ئاغای سمکۆ» دەستی پێ کردبوو. شەڕی»1914- 1918» هەرچەندە بڕابووەوە، بەڵام گێچەڵ و پاشەلەقەی هەر لەناوا بوو، هێمنی و ئاسایش دانەمەزرابووەوە. بەتایبەتی هەستێکی کوردایەتی لە هەموولایەکی کوردەوارییەوە پەیدا بوو بوو. ئەمانە و مانەوەی «ئۆزدەمیر» لە وڵاتی رەواندز سەریان لە سیاسەتی ئینگیز تێکدابوو لە وڵاتا، بە جارێ چوار چاو بووبووەوە. نە ئەمەبوو لابکاتەوە بەلای»حاجی شەعباناغا»ی ئامێدی و»فارساغا»ی زێبارییەوە، کە لە وڵاتەکەدا ئاگری ئاژاوەیان ناوەتەوە، نە ئەمەبوو لابەلای «ئۆزدەمیر»ەوە بکاتەوە کە بەخۆی و لەشکرێکی تورکەوە لەوڵاتی رەواندزو دەوروبەریا خەریکی  پڕوپاگەندە بوو بۆ تورک و خەریکی ئەوە بوو کە کوردەکان هەڵگێڕێتەوەو بیانکا بە سەر بە تورک. ئەمە لەعیراقیشدا بەرەی سەردار ڕەشید جافرسانی لهۆن و مەحمودخانی دزڵی و مەحمودخانی کانی سانان و حەمەخانی بانە، ئەمانە هەریەکە لەلایەکەوە ئاژاوەیەکیان ناوەتەوە و زرنگەی تەلی دڵی زۆریشیان بەلای کوردایەتیدا دەنگ ئەداتەوە. وڵاتی سولەیمانیش بۆ بەردانی «شێخ مەحمود» ئەوە هەر زۆر زۆر دڵ بریندارن وهەر ڕۆژە نە ڕۆژێک لەلایەکەوە کارەساتێک ئەقەومێ! ئەم شتانە هەموو ئینگلیزیان ناچار کرد بەوە کەدان بە واقیعا بنێ و «شێخ مەحمود» لە هیندستانەوە بگێڕێتەوە بۆ سلێمانی و سەر لە نوێ شێخ مەحمود ببتەوە بە حوکمدار. هەرچەندە لە ماوەی بەینی ئەم دووجاری حوکمداریەدا حکومەتێکیش لە بەغدا بەناوی حوکوومەتی «فیصەڵ»وە دانرابوو، بەڵام وڵاتی کوردستان بەبێ «شێخ مەحمود» هەر نە ئەچوو بەڕێوە.»
کەواتە دۆخی سیاسی کوردستان بە گشتی و باشوور بەتایبەت نائارام بووە کە زۆربەی نا ئارامیەکەش دیار  نەبوونی سەرۆک یان سەرکردەی کورد و دوودڵی و ژیان بێزاری خەڵک وابوو کە بە هیچ جۆرێک حکومەت کاری بۆ نەکرێ بۆیە وەک واقیع بە گرنگ دانرا لەلایەن ئینگلیزەوە کە شێخ مەحمود بگەڕێتەوە بۆ حوکمداریەکەی کە وەک دیارە دۆخەکە زیاتر ئەوەبوو کە ئینگلیز بەهۆی ئۆزدەمیرەوە  سەرلێ شێواوانە ڕەفتار بکات بەڵام دواجار بڕیار دەدات  شێخ مەحمود دێننەوە بۆ سێمانی.
کریس کۆچێرا 
هەر لەمبارەیەوە  کریس کۆچێرا لە کتێبی کورد لەسەدەی 19 و 20 لە لاپەڕە 126 دەڵێت: 
لە 18ی مانگی مارس دا فەرماندەی هێزی هەوائی ئینگلیز سێرجان سالموند، تەسمیمی گرت کە شاری رەواندز بۆمبارانکا و بەو جۆرە تورکەکان کۆتایی پێ بێنێ. ئەویش مەبەست بەوە بوو کە شێخ مەحمود و سەرۆکی تورکەکان هەردوکیان دەیانەویست دژی ئینگلیز دەس بەکار بن. ستونێک لە سەربازەکانی «کوئی کول» کە تەنیا ئینگلیزی بوون، هێرشیان بردە سەر شاری موسڵ. هەولێر و کۆی سەنجاق، وە مەبەست لەو هێرشە بڕینی هات و چۆ لەبەینی تورکەکان و شێخ مەحمود بوو. ستوونی دووەم «فڕۆن تێڕکول» کە بریتی لە پۆلیس و چریک بوون، یەک ڕاست چوونەسەر ڕێگای سپیلک و شاری رەواندز. کولونیل شەفیق سەرداری تورک کە ئەو هێرشە گەورەی بیست و لە پاشان چاوی پێ کەوت، شەڕی نەکرد، وە لە 22ی ئاپریلی1923 دا رواندزی بەجێ هێشت. ئەو هوروژم وهێرشانە هاوکات لەگەڵ وەختێک بوو کە دووهەمین کونفراسی لۆزان کراوە، دەستی بە ئیش و کار کرد. «
ئینگلێزەکان دەیان زانی کە ئۆزدەمیر بۆتە کێشەو سەری بەشێک لە خۆرکەی حکومەتەکەی باشووری کوردستان و شێخ مەحمود، بەڵام بارودۆخی ئینگلز لە خراپیدا بوو لە وڵاتی خۆیدا ئابوریەکەی و کێشەکانی جەنگ وای کردبوو کە لە حاڵێکی تاڕادەیەک لاوازدا بێت، کە ئەمانە هۆکارێک بوون بۆ لاشل کردنی ئۆزدەمیر و چۆڵی ناوچەکە لە سیاسەت و پشت گوێخستنی لەلایەن ئینگلێزەکانەوە.
رەفیق حیلمی 
رەفیق حیلمی لە سەرچاوەی پێشوو دەڵێت: عەلی شەفیق یان ئۆزدەمیر بەڕاستی زیرەک و خوێندەوارێکی وریا بو. تەبیات و سروشتی کوردەکانی ئەزانی و لە دەستوری عەشایردا ئاگاداری هەبو، کابرایەکی باڵا نزیک بە کەڵەگەت و جوان و بەشەوکەت  بو. بە بەرگی سەربازیەوە وێنەیەکی مومتازی زابتی تورک و بەدوان و گفتوگۆی ئەدیبانە یا بەچەشنی خوێندەوارە بەرزەکان ئەهاتە بەرچاو.
لە سیاسەتی هەڵسوڕاندنی عەشایرا گەلێ لە حاکمەکانی سیاسی ئینگلیز باشتر و سەرکەتو بو. تەبیات و میزاجی سەرەک عەشیرەتەکان تێگەیشتبو زۆری ئەو سەرەکانەی کردبو بە ئەموستیلەی دەستی. جگە لە ئەمانەش لە یارمەتی ئەهالی و عەشایری ئەو ناوەدا چە بەچەک و جبەخانە و چە بەئازوقە و پارە لە ئینگلیزەکانی تێپەڕاندبو. وەنەبێ کە سەرچاوەی ئەم چەک و ئازوقەو پارەیە لە لایەن هێزەکانی مستەفا کەمالەوە هەڵقوڵابێ. بەڵکو بەشی هەرە زۆربەی ئەمانە هەر لەناوچەی دەسەڵاتی ئۆزدەمیر جێ بەجێ ئەکرا. هونەری ئۆزدەمیر لەوەدا بو کە لەو یارمەتیەکەمەی لەلایەن مستەفا کەمالەوە بۆی ئەهات، جۆرە ئیدارەیەکی هێنابوە ناو کە چوارئەوەندەی تریشی لەناوچەی حوکمی خۆیا پێکەوە ئەناو جگە لەبەرگ و خواردن و کردنی چەتەکەی لەگەڵی بون، ژیانێکی باشی بۆ ئەوانەش جێبەجێ ئەکرد لەدەس ئینگلیزەکان هەڵئەهاتن و ئەچونە لای. لەسەر ئەمەشەوە خەڵات و بەراتی لێ ئەدا بەم و بەو و بەهات و چۆکەرەکان. بە کورتی لە ئیدارەیەکا کە بۆ ئەو ڕۆژە بەکار ئەهات وێنەی نەبو»
دەرەنجام 
لێرە پێویستە هەڵوێستە بکەین لە سەر ئەم بابەتە کە دەڵێت: «یدارەیەکی باش و بە سەلیقەی هەبووە» کەواتە ئۆزدەمیر هەرچەند جێگەی متمانەی کەمالیەکان نەبوو بەڵام لە بەڕێوبردن و حوکمداریدا توانیوێتی سەرکەوتوو بێت، وەک حوکمدارێ حوکم بکات بەزیرەکانە نەک قۆرغ کاری سەرو سامانی ناوچەکە، بۆئەوەی مەرامی تورکە فاشیەکان و ئامانجەکانی خۆی بپێکێ. هەموو شتێکی خستۆتەگەڕ. 
بەڵێ مێژووی کورد پڕە لە هێنان و بردن مێژوویەکە زۆر جاران زوڵم دەکەین لە خۆمان یان لە شۆڕشەکان بەتایبەت شۆڕشێکی نەتەوایەتی وەک شۆڕشەکانی»مەحمود بەرزنجی» شێخ مەحمود، کە تەواو نەیارانی کوردی خسبووە باری نائاسایی و لێکۆڵینەوە، کە چی بکرێت یان چی بۆ نەکرێت. بەڵام بەداخەوە هەمیشە بەشێکی زۆر لە خۆمان بەجۆرێک ئەو بابەتانە هەڵدەسەنگێین کە نەک زوڵم، بەڵکو بەتەواوی نەسرەوتنی گەل و نیشتیمان دەخەینە گومانەوە. بێئەوەی هەست بکەین چی بەجێ دێڵێ بۆ داهاتوومان.
گرنگە ئەم مێژووانە وەک سەردەمی خۆی و ئەندێشەکانی ئەو کاتی گەل و نیشتمانپەروەران شڕۆڤە بکەین، هەمیشە باس لە مل نانی ئەسپی شۆڕشگێڕان بکەین بۆ ئازادی و بۆ خۆحوکمکردن و سەربڵندی نەتەوەیەک کە بە درێژایی مێژوو هەموو سەردەمەکان زوڵمی لە کورد و لە خەباتی کورد کردووە.

سەرچاوەکان:
1 -ڕەفیق حیلمی یاداشت چ3،سلێمانی 2023
2 -ڕەمزی قەزاز:بزوتنەوەی سیاسی و ڕۆشنبیری کورد لە کۆتایی چەرخی نۆزدەهەمەوە تا ناوەڕاستی چەرخی بیست، چاپخانەی ژین، ساڵی1917
3 -ئەحمەد تەقی:یاداشت، چاپخانەی سلمان الاعظمي- بغداد، 1970
4 -کریس کۆچێرا: کورد لە سەدەی 19-20 وەرگێڕانی محمد بازیانی،بەهاری 1349 تاران.
5 -عەلائەددین سەججادی: شۆڕشەکانی کورد و کۆماری عیراق، سنندج، کوردستان، 1395

رواندز 1972

  

          رەمزی قەزاز                                                                                                             عەلادین سەجادی

رواندز 1964

 

                                  کریس کۆچێرا                                                                                                                       رەفیق حیلمی 

دیمەنێکی خەرەندەکانی رواندز



بابەتە پەیوەندیدارەکان