شۆڕشی مەستێك لە سووچێكی زەوی

11:29 - 2023-11-02
دووتوێ
357 جار خوێندراوەتەوە

شوان شەفیق



دەستێك توند بە گەردنی 
ئێوارەیەكی نارنجییەوە
دەگرم
دەستەكەی تریشم دەكەمە ملی شەوگار
گۆرانی وەرە یاری نازدار دەڵێم
ئاوازی كەوتنی قەترە قەترەی 
ئارەقی سنگی مانگ دەژەنم
ختووكەی ئەستێرەكان دەدەم
بۆ كشان نوكتە دەكەم
قژی تەنیایی شانە دەكەم

بەیانییەكەی لە سوچێكی ئەم زەوییە پڕ ژاوەژاوە 
قاپێك ئارەقی مەستەكی
دەخۆمەوە
نامەوێ گوێ لە چرپەچرپی ئێوە بگرم
نامەوێ دیمەنی روخسارتان ببینم
نامەوێ و نامەوێ نامەوێ
بتاندوێنم
دەزانن ئیرەیی بە بەئاگاییتان دەبەم
ئەی بێ ئاگاكان لە من!

كە مەست دەبم
ئەندێشەكانم تووڕ دەدەم.
لەسەر مێزی دانپێدانان 
بەرانبەر كورسی هەقیقەت دا دەنیشم،
رابردوو دەدەمە دادگا
خواستی من نییە زیندانی هەستەكانم بم
بێزار بێزار بووم
لە مرۆڤە بێ سەرەكان
لە بێ هەستەكان
لەوانەی نابیستی دەنگی گریان
نابینای فرمێسكەكان
لێدانەكانی دڵن!

كە مەست دەبم 
سست نابم
نابمە ئەوان
ئەوان هەزاران سیگاریان پێ فڕێدامە
ناو زبڵدان
سییەكانیان یەك پارچە كردمە قەتران
بە شەونمی گەڵایەك هەناسە دەدەم
بە لاواندنەوەی گوڵێك خۆم تێر دەكەم 

تووڕە تووڕە
یەخەی ناسكی پەروانە دەگرم
كراسی شەهوەتی دەدڕێنم
باڵی پەپوولەیی گڕ دەدەم
مۆمی تەمەن دەسووتێ
بە فیڕۆ دەچێ ژیان
 بەو قەهرەوە
گوێی پێ نادەم
شەلال!
كۆت!
بەند!
نابم

كە مەست دەبم
لەسەر مێزی كەیف و سەفا
وەك قومارچییەكانی خاك!
گەمە بە دواڕۆژی گەلێكەوە ناكەم
نیشتمان بە شوودان 
بۆ بوودەڵە پیاوانی وڵات
 ئەركی من نییە
ئەو كارە بۆ قەڵەم فرۆشانە
هەر ئەوە بەشیانە لە ژیانا

كە مەست دەبم
جڵەوی ئازارەكانم باشتر دەگرم
پیاسەكانم زیاتر دەكەم
زیاتر دەنووسم 
بە مەستی راستگۆیانە تر دێر بە دێر 
لە نەخۆشخانەی چاكسازیدا
تەقڵ لە دوای تەقڵ لەبرینەكانی كۆمەڵگا دەدەم
لە گلان دەترسم
لە گلۆر بوونەوە
دەزانم گرەو لەسەر هەڵنەستانەوەم كراوە
هەڵدەستمەوە!

سەردەمێكە گەر كۆیلەی پارە و ناو ناوبانگ نەبیت
وەك ئەو ژنانەی دوور لە جوانكارین
دەخرێیتە مۆزەخانەی مێژووەوە
چ بەختەوەرییەكە خودبوون؟
چەند ناشیرینە لەوان چوون؟
دەپرسم بۆ ئەوەندە گەورەیە مرۆڤبوون.

#مروارییەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان