دڵم بۆنی یەکەم بارانی بەهاری گرتووە

11:36 - 2023-11-02
دووتوێ
208 جار خوێندراوەتەوە

 نازە نەجیب

1
کاتێک گەڕانەوە ئەستەم ئەبێت،
ڕێگاکان،
لەخۆیاندا وون دەبن،
ناتوانن ئاوڕێک لەڕابردوو بدەنەوە، 
راوەستانێکە ،کە ئەژنۆ دەشکێنێ!!
هەنگاوەکان خۆیان،خۆیان دەبژێرن و سێبەری دارسنەوبەرەکان 
لەخوارو خێچییان رازی دەبن،
باوەش بۆ کۆستی یەکتر دەکەنەوە!!!!
من لەم نێوەندەدا، رزگاربوویەکی زەمەنێکم 
پەتی سێدارە، وەکو ملوانکەی مرواری دەبینێت و 
رازی دڵیش، 
هەروەک تەلقینی سەرگۆڕی مردووان بەچپەو 
دەنگێکی ناساز، دەبیستێ..
مەراسیمی ئاوێزانەکە کۆتایی پێ دێنێ..
چ تێکەڵاوییەکی دوور مەودایە؟؟؟؟
مەل لە هێلانەی خۆی بترسێت و
دەنگەکان تێکەڵ بەسەداو هاواری، ئاوازێکی پڕ سۆزو مەحەببەت بێ
حەزێکی شێتانە کە پێشتر نەبووبێت..
ناوێکی نوێ ،کەلەکەس نەنرابێت ..
کەسێک کە پێشتر لەکەس نەچووبێت 
جیهانێکی نوێ 
پێنووسێکی نوێ و
گوزارشتێکی بێ دەربڕین و تێگەیشتنێک لەجۆرێکی تر !!!
راوەستانێک و ئاوڕدانەوەیەک 
هەمووی،
خەونە .....
خەون !!!!!

2
دڵم بۆنی یەکەم بارانی بەهاری گرتووە 
شێتانە پێم دەڵێ: خۆشەویستی هیچ سنوورێکی نییە!!!
سێوی ئادەمێکی یاخی بووە،
چیتر دەستی وشە غەمگینەکان مەگرە،سەیری ئاسمان کە و
مۆمێک داگیرسێنە 
ئەستێرەیەک بکە بە هاوڕێ 
ژیان تامێکی تری هەیە، دیوێکی نەبینراوە!!
من لەم گێژاوەدا خۆم دەدۆزمەوە، لەچوارچێوەی ئەلبوومێکی دڕاودا
رادەکەم وەک ئەوەی یەکەمجارم بێت هەنگاو بنێم 
بۆ (هیچ) شوێنێک دەچم!!!
لەبەرگی خۆم دەردەچم ئاوڕ نادەمە 
لەم چوارچێوەیە نامێنمەوە،
گوێ لە ئاوازی ئەم مەملەکەتە ناگرم،کە لەدوای سووتانی دارسنەوبەرەکان سەما دەکەن و
پێکی گەمژەیی دەنۆشنەوە
ناگەڕێمەوە،
رێگایەکم دۆزییەوە، سەراب پەی پێ نابات
بەخشندەیی ئاسمانە، کە من هەم ..
تۆ هەیت ..
خۆمان نابینین، تا لەیەک وون نەبین 
ئاوێنەکان خۆمان پیشان نادەن 
وێنەکان زۆر نامۆ بوون، خۆمان نەبووین 
چەند خۆشم دەوێیت!!!
قووڵی ئەم رستەیە دەم خنکێنێت 
چیتر نایڵێمەوە ،
هەرگیز نایڵێمەوە ........
3
عیشق وەکو غوبار،
تاوێک دێت و سەدەیەک لەسەر دڵێکی شکاو دەنیشێت و بێدەنگ دەبێ .. یان هەر نایەت ..
وەکو گڕکانێک، 
کەلەدوای گۆرانییەکی غەمگین لەلایەن تیاترۆیەکی غەمگینتر چڕرابێت، جەنگێکی سارد بەرپا دەکات ..
چەندە حوزنێکی قووڵە، بەبێدەنگی ماڵئاوایی لە وشەکان بکەین وشەکان دەمێننەوە ..
گوێم لێیانە یەکتر دەدوێنن..
کەسەکان دەڕۆن،
مرۆڤ وەکو کۆلارە لەهەموو ئاسمانێکدا دەفڕێت ولەهەموو زەوییەکیش دەنیشێتەوە 
من لەبێدەنگی خۆمدا دەخنکێم ..
لەنێو ئازارەکاندا وەکو مەلێکی سەربڕڕاو خۆی بگەوزێنێ لەنێو خوێناوی برینێکی کۆن،کەتازە کولابێتەوە 
بەو ئاوازە غەمگینانەوە، سەما دەکەم ..
وەکو پێکە شەرابێک،
قوم قوم خۆی دەخواتەوە تا خاڵی دەبێت ..
دەنگ و سەدای رۆژە رێیەک دەڕوات تا رێبوارانی مەملەکەتی 
خەمفرۆشان گوێیان لێ بێت ..
من بە شەونمی گوڵە بەیبوون دەست نوێژ دەگرم 
رووم لەقیبلە،
نزاکانم دەخنکێن 
خاڵی دەبن لە عیشق 
خاڵی دەبن لە ناو 
خاڵی لەهەناسەو 
لە وشە نەوتراوەکان،
خاڵی لەهەموو شت ..

#مروارییەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان