لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی سلێمانی دەستبەكار بوو

12:34 - 2023-11-22
کوردستان
392 جار خوێندراوەتەوە

بە ئامادەبوونی سەركەوت زەكی لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستن و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و ئەندام و كادیرانی مەڵبەند، لە مەراسیمێكی تایبەتدا ئاڵوگۆڕی پۆستی لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەكەدا زیاد جەبار ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی سلێمانی دەستبەكاربوو، پێزانینیش ئاڕاستەی جەزا سەید مەجید وەك لێپرسراوی پێشووی مەڵبەند كرا لەپای ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا جێ دەستی دیاربووە و لەگەڵ ئەركە حزبییەكەیدا خزمەتی بە سلێمانی كردووە.
جەزا سەید مەجید لێپرسراوی پێشووی مەڵبەندی سلێمانی وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند، ئێمە هەموومان خوێندكاری رێبازەكەی مام-ین و لەسەر ئەو رێبازەش ئامادەین بۆ هەر ئاڵوگۆڕێكی دەسەڵات كە بە بڕیاری حزب بکرێت، كە ئەم ئاڵوگۆڕەش لەسەر راسپاردەی كۆنگرەی پێنجی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆك بافڵ-ە و پابەند دەبین پێوەی، داواش لە هەموو هەڤاڵانمان دەكەم كە هاوكار و پشتیوانی لێپرسراوی نوێی مەڵبەند بن.
جەزا سەید مەجید وتیشی، لە ماوەی یەك ساڵ كاركردنماندا 1357 چالاكی كراوە و سەردانی پێنج هەزار ماڵە شەهیدمان كردووە و 761 كۆبوونەوەمان كردووە لەگەڵ ناوەند و بنكەكان، بەپێی پێویست هاوكاری هەڤاڵان و كادیران و هاووڵاتیانمان كردووە و هەر لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ نەخۆشخانەی ئاسیای نێودەوڵەتی رێكەوتنمان كردووە بۆ داشكاندن لە سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی نەخۆشخانەكە بۆ ئەو كەسانەی كە لەرێگای مەڵبەندەوە سەردانیان دەكەن.
هەر لە مەراسیمەكەدا سەركەوت زەكی لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند، ئاڵوگۆڕكردنی پۆستەكان لەناو یەكێتی دا نەریتێكی سروشتییە و ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕی لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی دەكەین و دواتریش لە بەشێك لە مەڵبەندەكان هەمان پڕۆسە دەكەین، كە یەكێتییەكان بە رۆحێكی سیاسیانەی حزبیانەی بەرزەوە پێشوازی لەم هەنگاوە دەكەن.
سەركەوت زەكی وتیشی، كاك جەزای سەید مەجید كەسێكی تێكۆشەرە و لە بنەماڵەیەكی تیكۆشەرە و ماندووبوونی زۆری بینیوە و لە كاروانی خەبات جێنەماوە، هەمیشە رۆحی داهێنەرانە و گیانی هاوكاری هەبووە، ئێمەش هەوڵدەدەین ئەوەی كە پێشكەشمان كردووە زیادی بكەین و كەمتەرخەمیەكانمان نەهێڵین و یەكێتییەكی گەشتر و سەركەوتووتر پێشكەش بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكەین چونكە گەشەكردنی یەكێتی یەكسانە بە گەشەكردنی كوردستان.
هەر لە مەراسیمەكەدا زیاد جەبار لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ بۆمن شانازییەكی گەورەیە كە لە مەڵبەند دەستبەكار دەبم، دڵنیابن لەگەڵ هاوكارانم پێكەوە وەك تیمێك كار دەكەین بۆ سەركەوتنی سیاسەت و بەرنامەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وتیشی، مەڵبەندەكان بە گشتی ئۆرگانی گرنگ و كاریگەری یەكێتین، مەڵبەندی سلێمانی مەڵبەندێكی زیندووە لە شارێكی زیندودا، لە سەرەتای دروستبوونییەوە گرنگی و كاریگەری خۆی هەبووە، هەروەها هەموولایەك دڵنیا دەكەینەوە كە كۆكەرەوەی هەڤاڵەكانمان دەبین و وەك یەك تیم كارەكانمان جێبەجێ دەكەین
لە كۆتایی مەراسیمەكەدا لەلایەن جەزای سەید مەجیدەوە چەپكەگوڵی پیرۆزبایی ئاڕاستەی زیاد جەبار لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی سلێمانی كرا و بەڵێنی بە هەڤاڵانی مەڵبەند دا وەك رابردوو پاڵپشت و پشتیوانیان بێت، لەبەرامبەریشدا زیاد جەبار سوپاسی لێپرسراوی پێشووی مەڵبەندی سلێمانی كرد كە هەمیشە بە رۆحیەتێكی حزبیانە ئەركەكانی جێبەجێكردووە و هیوای خواست لە ئەركی داهاتویدا سەركەوتووبێت.

سەرچاوە: pukmedia

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان