سەعدی پیرە: کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و لایەنەکان بۆ پاراستنی یەکڕیزی نێوماڵی کوردە

10:16 - 2023-11-25
کوردستان
312 جار خوێندراوەتەوە

لە دوای کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ هەریەک لە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری و یەگرتووی ئیسلامی، سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بەپێی راسپاردەی کۆنگرەی پێنجی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کار بۆ یەکخستنەوەی ناوماڵی کورد دەکەین و هەنگاومان ناوە بۆ کۆبوونەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
هەروەها وتیشی لەکۆبوونەوەکاندا باسمان لەوە کردووە هەموو توانای خۆمان بەکاربهێنین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و قوتی هاووڵاتییان، بەتایبەت مامۆستایان کە ئێستا لە مانگرتندان و بەهۆیەوە خوێندنی خوێندکاران دوادەکەوێت، کە ئەوانیش هەقی خۆیانە و بۆ بژێوی ژیان پێویستە هەقیان پێبدرێت. هاوکات باسی لەوەشکرد راستە هەوڵەکان بۆ نێوماڵی کورد گرنگن بەڵام موقەدەس ئەوەیە موچەخۆر لەکاتی خۆیدا موچەی وەربگرێت.
وتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەشدا لە کۆبوونەوەکانیاندا باسیان لە هەڵبژاردن کردووە کە پێویستە لەکاتی خۆیدا بکرێت و هاوکات دەسەڵاتەکان دەستاودەستیان پێبکرێت. ئەوەش باسکراوە کە پێویستە قەوارەی هەرێم بپارێزین و ناڕێکی و هەبوونی کیشە لە نێوماڵی کورد، کاریگەری لەسەر عیراقیش دەبێت، هاوکات باس لەوەشكراوە کە لەهەرێم هەوڵی پاراستنی ئەمن و ئاسایشی خەڵکەکەی خۆمان بدەین.
سەعدی پیرە ئەوەشی خستەڕوو کە لەگەڵ هەرسێ لایەنی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو لەسەر ئەو خاڵانەی گفتوگۆمان کردووە یەک دەنگ بووین و کۆبوونەوەکان ئەنجامی باشیان دەبێت و کۆبوونەوەکانیش لەئەنجامی نەبوونی یەکڕیزی بووە بۆیە هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ تاکو ریکەڕیزی نێوماڵی کورد پارێزراو بێت.
هەروەها جەختی لەوەشکردەوە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەموو کات بۆ هەڵبژاردن ئامادەین و دەمانەوێت هەڵبژاردنێکی بێگەرد و پاک بەڕێوەبچێت و هەلبژاردنی داهاتوویش لەکاتی خۆیدا بکرێت.
سەبارەت بە کۆنگرەی پێنجی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی پیرە وتەبێژی یەکێتی باسی لەوەشکرد سەرکردایەتییەکی تۆکمە و بەهێز، دەتوانێت چارەی کێشەکان بکات و ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان هەر بەو مەبەستەیش سەرکردایەتییەکی نوێ هەڵبژێردراوە.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان