دوو شۆڕه‌سواری شۆڕشی نوێ
خالید گه‌رمیانی
كاره‌ساتی كۆتایی شۆڕش له 1975دا، چه‌نده مایه‌ی خه‌م و ئازاره بۆ خه‌ڵكی كوردستان، سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شۆڕشێكی دیكه‌ی نوێ و نوێخواز و جیاواز له 1976دا، هێنده و بگره زیاتریش مایه‌ی شانازی و سه‌ربه‌رزی و شكۆمه‌ندییه، مایه‌ی تیماركردنی زامی ده‌روونی تاكی كورد و كوردستانییه، میدالی شانازییه‌كی مه‌زنه به به‌رۆكی هه‌ڵگیسێنه‌رانییه‌وه، به به‌رۆكی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له یه‌ك دوو ساڵی سه‌ره‌تای ئه‌و كاروانه‌دا بوونه ته‌وژم و هێزی به‌رده‌وامی و پاشان گه‌شه‌كردنی.
شه‌هیدی فه‌رمانده و نه‌مر خالید گه‌رمیانی، یه‌كێكه له‌و تێكۆشه‌ره دیارانه‌ی شانازی به‌شداریی سه‌ره‌تای كاروانه‌كه‌ی پێده‌بڕێت و میدالی دره‌وشاوه‌ی خه‌باتی به به‌رۆكه‌وه‌یه.
خالید گه‌رمیانی و هاوڕێكانی، هاوسه‌نگه‌ر و هاوڕێبازه‌كانی، له رۆژگاری بێ هیواییدا كاروانێكیان به‌ڕێخست كه جار له دوای جار قه‌ره‌باڵغتر و فراوانتر ده‌بوو و ده‌بێت، جا كه ئه‌وان هه‌ڵگریی چه‌مكی شانازیی ئه‌و ده‌ستپێكه‌بن، ئه‌وا شانازیی به‌وه‌وه ده‌كه‌ین كه خالید گه‌رمیانیمان هه‌یه، كه تێكۆشه‌ره گەر‌میانی و كوێستانییه‌كان و شه‌هیده‌كانمان هه‌یه و نه‌وه‌ی دوای ئه‌وانین بۆ درێژه‌دان به رێبازه‌كه‌یان.
شه‌هیدی فه‌رمانده جه‌مال كه‌ریم ناسراو به خالید گه‌رمیانی، ساڵی 1955 له گوندی (كورده‌میری حاجی حوسه‌ین)ی ناوچه‌ی پێباز له دایكبووه، به پێنج ساڵی ماڵیان چۆته كفری و به‌هۆی بارودۆخی ئه‌وساوه ته‌نیا تا پۆلی پێنجی سه‌ره‌تایی خوێندووه.
ساڵی 1974 چۆته ریزه‌كانی حزبی شیوعی عیراقه‌وه، ساڵی 1976 كراوه‌ته سه‌رباز.
خالیدی عاشقی نیشتمان و خاوه‌ن هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و چینایه‌تی هه‌ر كه هه‌واڵی چوونه شاخی مه‌فره‌زه‌ی پێشمه‌رگه‌ی پێده‌گات، خێرا و له ناوه‌ڕاستی ساڵی 1977دا خۆی گه‌یاندۆته شه‌هید سیروان تاڵه‌بانی و له هه‌رێمی پێنجی قه‌ره‌داغ بۆته پێشمه‌رگه.
ئازایه‌تی و چوست و چالاكییه‌كه‌ی سه‌رنجی هه‌مووانی به‌لای خۆیدا كێشكردووه و به‌و هۆیه‌شه‌وه شه‌هید سیروانی فه‌رمانده‌ی زۆری خۆشویستووه و هه‌ر ئه‌ویش نازناوی (خالید)ی پێ به‌خشیوه، ئیتر له‌وساوه جه‌مال بۆته خالید گه‌رمیانی.
شه‌هید خالید زۆر به‌خێرایی بۆته شۆڕه‌سواری مه‌یدانی خه‌بات و پارتیزانێكی دیاری شۆڕشی نوێ، ئازا و به جه‌رگ و هه‌ڵمه‌تبه‌ر، هه‌ر بۆیه‌ش كراوه‌ته فه‌رمانده‌ی كه‌رتی پێنجی دووزی سه‌ر به هه‌رێمی پێنجی قه‌ره‌داغ.
شه‌هید خالید خاوه‌نی ده‌یان نه‌به‌ردی و چالاكیی گه‌وره‌یه، هه‌میشه پلانی ورد و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هه‌بووه له‌و چالاكیانه‌ی ئه‌نجامی داوه، بۆیه سه‌ركه‌وتنه‌كانی ببووه هۆی ترس و له‌رزێكی زۆر بۆ دوژمن به‌تایبه‌ت جاش و كه‌سانی ناپاك.
یه‌كێك له چالاكییه‌كانی ئه‌وه‌بوو ساڵی 1980 كوڕی قائیمقامی ئه‌وسای كفری ده‌ستگیركرد و له‌گه‌ڵ خۆی بردی، ئه‌وه‌ش قائیمقامی ناچاركرد بكه‌وێته گفتوگۆ و له‌به‌رامبه‌ردا خالید گه‌رمیانی داوای ئازادكردنی دوو پێشمه‌رگه‌ی كرد كه له ئه‌منی كفری زیندانی بوون و له ساتی كۆتاییدا بوون بۆ ره‌وانەكردنیان بۆ ئه‌منی به‌عقوبه و دواتر زیندانی موسڵ، سه‌ر ئه‌نجام پێشمه‌رگه‌كان ئازادكران.
ئه‌مه چالاكییه‌كی گه‌وره‌ی سه‌ربازی و سیاسیی شه‌هید خالید گه‌رمیانی بوو، چونكه دیاره كه ئه‌و پێشمه‌رگانه بگه‌یه‌ندرانایه‌ته زیندانی موسڵ، چ چاره‌نووسێكیان ده‌بوو!.
له كۆتایی هه‌مان ساڵدا به فه‌رمانی سه‌ركردایه‌تیی شۆڕش ده‌كرێته فه‌رمانده‌ی كه‌رتی چواری جه‌باری.
به‌داخه‌وه، له كاتێكدا به‌ره‌و ناوچه‌ی كه‌رته‌كه‌ی به‌ڕێگه‌وه بووه، رۆژی 8/12/1980 له گوندی (قازانقایه)ی قه‌ره‌داغ، كه‌وته بۆسه‌ی دوژمنه‌وه و شه‌هیدكرا، دواتر له ته‌نیشت كاك ئارامه‌وه، له گوندی (ته‌نگیسه‌ر)ی قه‌ره‌داغ، به‌خاكسپێردرا.
ئاوات كۆكه‌یی
ره‌سوڵی حه‌مه‌زێڕ
شه‌هید ره‌سوڵ محه‌مه‌د حه‌سه‌ن ناسراو به ره‌سوڵی حه‌مه‌زێڕ، ساڵی 1937 له گوندی (جاسه‌نه)ی قه‌زای دوكان له دایكبووه، ساڵی 1961 په‌یوه‌ندی كردووه به رێكخستنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه و رۆڵی به‌رچاوی بینیوه له ناو خه‌ڵكی ناوچه‌كانی دوكان و سورداش و دۆڵی جافایه‌تیدا، سه‌ركرده‌ی نه‌مر عومه‌ر ده‌بابه لێپرسراوی بووه له‌كاری رێكخراوه‌ییدا.
هه‌مان ساڵ كه تازه شۆڕشی ئه‌یلول ده‌ستیپێكردبوو، له گرتنی مه‌خفه‌ری قه‌شقۆڵی به‌شدار بووه و به ئۆتۆمبێلی خۆی كه‌لوپه‌ل و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی مه‌خفه‌ره‌كه‌ی گواستۆته‌وه بۆ چه‌می ره‌زان، كه ئه‌وكاته مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی له‌وێ بووه.
ساڵی 1963 بووه به پێشمه‌رگه و هه‌مان ساڵ له نزیك شارۆچكه‌ی دوكان به‌شدار دبوووه له هێرشكردنه سه‌ر هێزێكی تاوانبار زه‌عیم سدیق و گورزێكی كوشنده‌یان له‌و هێزه‌ی دوژمن داوه.
له‌به‌رامبه‌ر دڵسۆزی و بوێری و چاونه‌ترسییه‌كه‌یدا، هه‌ڤاڵ مام جه‌لال ده‌ستخۆشی لێده‌كات و وه‌ك پاداشتیش ده‌مانچه‌كه‌ی قه‌دی خۆی پێشكه‌ش ده‌كات و ده‌یكاته سه‌رلق له هێزه‌كه‌ی خۆی.
دواتریش هه‌ر له‌گه‌ڵ باڵی مه‌كته‌بی سیاسی پارتیدا درێژه‌ی به خه‌بات داوه، دوای رێكه‌وتنی به‌یانی 11ی ئازار و یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو باڵه‌كه‌ی پارتی، گه‌ڕاه‌وه‌ته‌وه سلێمانی.
ساڵی 1971 په‌یوه‌ندی كردووه به رێكخستنه‌كانی (كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی-لینینی)ه‌وه كه دواتر ناوه‌كه‌ی بوو به كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان.
له به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێستی سیاسی و كوردایه‌تیدا دوو جار زیندانی كراوه.
ساڵی 1974 كه شه‌ڕ له نێوان شۆڕش و حكومه‌تی عیراق سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه، دووباره چه‌كی پێشمه‌رگایه‌تیی كرده‌وه‌شان، هه‌مان ساڵ له شه‌ڕه‌كه‌ی شاخی شیشار برینداركراوه و بۆ چاره‌سه‌ر ره‌وانه‌ی ئێران كراوه.
دوای نسكۆی ساڵی 1975 دوورخراوه‌ته‌وه بۆ خواروی عیراق، ساڵی 1976 گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ سلێمانی و رۆڵی هه‌بووه له گه‌شه‌كردنی رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه له سلێمانی و كه‌ركوك و ناوچه‌ی دوكان.
ساڵی 1979 بووه به پێشمه‌رگه له هه‌رێمی چوار و كراوه‌ته فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه، رژێمی به‌عس كه‌وته راوه‌دونانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی، سه‌رئه‌نجام باوكی ده‌ستگیركرا و خرایه ژێر ئه‌شكه‌نجه‌وه و پاش ماوه‌یه‌ك به‌وهۆیه‌وه كۆچی دوایی كرد.
ئه‌ندامی هه‌ر سێ كۆنفرانسه‌كه‌ی كومه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان بووه.
ساڵی 1982 به‌شداری شه‌ڕه‌كانی پشتیوانی كوردستانی ئێرانی كردووه و له‌به‌رامبه‌ر به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانیدا وه‌ك فه‌رمانده‌یه‌كی به ئه‌زمون، هه‌ڤاڵ مام جه‌لال كلێته‌كه‌ی سه‌ری خۆی داوه‌تێ پله‌ی جێگری فه‌رمانده‌ی كه‌رتیشی پێ ده‌به‌خشێت.
دوای دامه‌زراندنی مه‌ڵبه‌نده‌كان كراوه به فه‌رمانده‌ی كه‌رت له تیپی 47ی پیره‌مه‌گرون و دواتریش جێگری فه‌رمانده‌ی تیپ له مه‌ڵبه‌ندی دوو.
سه‌رپه‌رشتی و به‌شداری ده‌یان چالاكی كردووه له ناو شاری سلێمانی و رێگه‌ی دوكان-سلێمانی و ده‌شتی هه‌ولێر و داستانی رزگاری و چه‌ندین نه‌به‌ردی تر.
ساڵی 1986دا بۆ پاراستی ناوچه‌ی سه‌ركردایه‌تی وه‌ك فه‌رمانده‌یه‌كی به‌توانا ده‌نێردرێته گوندی قه‌مچوغه.
له‌و ماوه‌یه‌دا به‌رپه‌رچی چه‌ندین هێرشی به‌ربڵاوی دوژمنیان داوه‌ته‌وه كه كراونه‌ته سه‌ر باره‌گانی پاراستنی سه‌ركردایه‌تی و سه‌رجه‌م هێرشه‌كانیان تێكشكاندووه.
رۆژی 27/8/1987 به سه‌ختی برینداركرا و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی شۆڕش كرا له به‌رگه‌ڵوو، زیاتر له سێ مانگ به بێ هۆشی له‌ژێر چاودێری وردی پزیشكه‌كاندا ده‌مێنێته‌وه، له كیمیابارانكردنی به‌رگه‌ڵوو دوباره بریندار ده‌بێته‌وه و چاره‌سه‌ری له‌وێ نابێت، بۆیه سه‌ركردایه‌تی بڕیار ده‌دات ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ر، به‌ڵام له‌به‌ر سه‌ختی برینه‌كه‌ی له رۆژی 8/12/1987 له گوندی مه‌رگه شه‌هید بوو و گه‌یشته كاروانی نه‌مران.
ئارام هه‌ڵه‌دنی