سێ دەوامی ئاستەنگی لە بەردەم مامۆستا و خوێندکاراندا دروستکردووە

09:54 - 2023-12-18
ڕاپۆرت
530 جار خوێندراوەتەوە
قوتابخانەیەکی چوار دەوامی لە کەرکوک

راپۆرتی/ ھێمن ئەحمەد


دیاردەیەکی پەروەردەیی چەند ساڵێکە بەرۆکی قوتابخانەکانی کەرکوکی گرتووە ئەویش خۆی لە کۆمەڵێک گیروگرفتی جۆراوجۆردا دەبینێتەوە: کەمی قوتابخانە، کەمی کتێب، بچووکی و کۆنی قوتابخانەکان، ئەمە جگە لە سێ دەوامی و دوو دەوامییەکەی لە بەشێک لە قوتابخانە حکومییەکانی کەرکوکدا هەن.
گیروگرفتی سێ دەوامی بۆتە دیاردەیەکی بەرچاو و ئاستەنگێکی گەورەی لە بەردەم تێگەیشتنی خوێندکاراندا دروستکردووە، بەشێوەیەک ناتوانن بە ئاسانی وانەکانیان بخوێنن، جگە لەوەش کاتەکانی دەوامکردن نەگونجاوە بۆ خوێندکاران ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی هۆشیاری خوێندکار لە قوتابخانەدا.
ئەم دیاردەیە رۆژ لە دوای رۆژ زیاد دەکات و بەشێک لە قوتابخانەکان سێ دەوامی و دەوامی شەوانیشی تێدا دەکرێت، لەپاڵ ئەمانەشدا لە زۆربەی قوتابخانەکاندا ئامێرەکانی فێنکەرەوە و گەرم کەرەوە نییە.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەرکوک کە دەست کوردستانی نوێ کەوتووە، لە کەرکوک نزیکەی هەزار و 850 قوتابخانە هەیە، کە 550 هەزار خوێندکار تیایاندا دەخوێنن و 20 قوتابخانەی سێ دەوامیش هەیە. ئەوە لە کاتێكدایە کەرکوک ساڵانە پێویستی بە دروستکردنی قوتابخانەی نوێ هەیە و چەند ساڵێکە هیچ قوتابخانەیەکی نوێ دروست نەکراوە.

سێ دەوامی ئەرکێکی قورسە لەسەر دایک و باوک
عەلی خورشید دانیشتووی گەڕەکی پەنجاعەلی شاری کەرکوکە، باوکی یەکێک لەو خوێندکارانەیە کە لە قوتابخانەیەکی سێ دەوامی دەخوێنێت و وتی، ئەو قوتابخانانەی لە دەوروبەری ئێمەن زۆربەیان سێ دەوامین، دەوامی یەکەمیان لە حەوتی بەیانییەوە دەستپێدەکات، ئەمەش وا پێویست دەکات دایک و باوک لە سەعات شەشی بەیانییەوەوە لە ئامادەباشیدا بێت بۆ ئەوەی منداڵەکان بۆ قوتابخانە بەڕێ بکەن ئەمەش ئەرکێکی قورسە بۆ ئێمە و منداڵەکانیش.
وتیشی، جگە لە سێ دەوامییەکە ژمارەی خوێندکاران لەناو پۆلدا زۆرن ئەمەش ئاستەنگ بۆ تێگەیشتنیان دروست دەکات، هەندێک لە قوتابخانەکان دەوامی شەویشی تێدا دەکرێت بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان بەسەرچووە و دەیانەوێت فێری خوێندەواری ببن.

گرفتی قوتابخانەکان زیاد دەکات
عەبدوڵڵا مەجید مامۆستایە لە یەکێک لەو قوتابخانانەی سێ دەوامی تێدا دەکرێت دەڵێت، چەند ساڵێکە پەروەردەی کەرکوک بەڵێنی پێداوین چارەسەری کەمی قوتابخانەکانمان بۆ بکات لە شارەکەدا، بەڵام بەداخەوە هەر بەڵێنە و هیچیتر، وەک ئاگادارم قوتابخانەیەکی زۆر لە ناوچەکانی دەرەوەی کەرکوک کراونەتەوە و بەشێکی تریشیان نۆژەن کردۆتەوە، بەڵام لە ناوچە کوردییەکان هیچ قوتابخانەیەکی نوێیان بنیادنەناوە، بۆیە رۆژ لە دوای رۆژ ئاستەنگی نەبوونی قوتابخانە زیاد دەکات.
وتیشی، بۆ نزیکەی 10 ساڵ دەچێت بەرپرسان چەند قوتابخانەیەکیان بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە روخاندووە و تائێستا دروستیان نەکردۆتەوە ئەمەش ئاستەنگی بۆ خوێندکار دروست کردووە و بۆتە هۆکاری سەرهەڵدانی سێ دەوامی لە بەشێک لە قوتابخانەکاندا، بێجگە لەوەی هەر پۆلێک 40 بۆ 50 خوێندکاری تێدایە و ئەوەش گرفتی وانە وتنەوەی بۆ مامۆستایان دروست کردووە.

پەروەردەی کەرکوک کەمتەرخەمە
مامۆستا عەبدوڵڵا باسی لەوەشکرد، لەپاڵ هەموو ئەم کێشانەدا بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەرکوک کەمتەرخەمە بەرامبەر داواکارییەکانمان  و هەوڵی جدی  نادات کێشەکانی خوێندکاران و قوتابخانەکان چارەسەر بکەن، لەبەرئەوەی بەرنامەیەکی پەروەردەیی و بیناکاری نییە بۆ دابەشبوونی رێژەی خوێندکار و قوتابخانە بۆیە ئەو گرفتانە دروست بوون.
پەروین فاتیح بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری لە پەروەردەی کەرکوک رایگەیاند، لە شارەکەدا هەزار و 850 قوتابخانە هەن بۆ پێکهاتە جیاوازەکانی کورد و عەرەب و تورکمان و ئاشووری کە هەریەکەیان بە زمانی دایکی خۆیان دەخوێنن.
وتیشی، لە دوای پڕۆسەی ئازادی عیراقەوە ژمارەیەک قوتابخانە دروستکراون و هەندێکیانیش نۆژەنکراونەتەوە، بەڵام روخاندنی ژمارەیەک قوتابخانە بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەیان وایکردووە ژمارەی قوتابخانەکان کەم ببنەوە.

زیانگەیاندن بە پڕۆسەی پەروەردە
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کەرکوکدا 20 قوتابخانەی سێ دەوامی هەیە و 80 قوتابخانەش دوو دەوامی تێدا دەکرێت، لەگەڵ چەند قوتابخانەیەک کە چوار دەوامی تێدا دەکرێت بە دەوامی شەوانیشەوە.
پەروین فاتیح بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری لە پەروەردەی کەرکوک باسی لەوەشکرد، بوونی سێ دەوامی و دوو دەوامی لە قوتابخانەکاندا کاریگەری گەورەی نێگەتیڤی لەسەر خوێندکار و مامۆستا هەیە، چونکە ئاستی خوێندکار لەکاتی خوێندندا دادەبەزێت و  دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ماوەی خوێندن، هەروەها قەرەباڵغی پۆلەکانیش رۆڵ دەبینێت لە تێنەگەیشتنی خوێندکار بۆ وانەکان و مامۆستاش ناتوانێت بەپێی پێویست وانە بێڵتەوە هەموو ئەوانە وادەکات زیان بە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن بگات لە شارەکەدا.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان