حاكم والی ئێناخی: كاری ئەژی ئەمین بەلاڕێدابردنە

04:27 - 2024-01-08
کوردستان
408 جار خوێندراوەتەوە

حاكم والی ئێناخی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەژی ئەمین توانی ماوەیەك بەلاڕێماندا بەرێت، بەڵام پاش كاركردن لەگەڵیدا رۆژ لە دوای رۆژ هەڵەكانی بەرامبەر بە خاك و گەل و یەكێتییەكەمان دەردەكەوتن، چونكە هەنگاوەكانی بە ئاشكرا پارتیبوونی دەسەلماند و لە چوارچێوەی باڵێكی ئەمنی ناو پارتیدا بە سیاسەتێكی گوماناوی ئاڕاستە دەكرا، ئێمە و ئەوانەشی ئێستا كاری لەگەڵدا دەكەن لە لایەن ئەژی ئەمینەوە، بۆ تێكدانی ئارامی ئاسایش و یەكڕیزی گەل و خاك و بەتایبەت یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان بەكاردەهێنراین".
راشیگەیاند: "سەرەنجام پاش بەرجەستەبوونی راستییەكان و كارە گوماناوییەكانی، بڕیارماندا كەچیتر بەشێك نەبین لە جێبەجێكردنی ئەجێندای خیانەتكارانەی ئەژی، بەڵكو بەپێچەوانەوە بە گژیدا بچینەوە و لەناو یەكێتییەكەی خۆماندا درێژە بە خەبات بدەین و بە تەواوەتی دەستبەرداری سیاسەتە گوماناوییەكانی ئەژی ئەمین ببین كە لە دژی كورد و تێكدانی یەكڕیزی ماڵی كورد پیادەیدەكات". 
حاكم والی ئێناخی راشیگەیاند: "بەدەرفەتی دەزانم لێرەوە روی دەممان بكەینە ئەو هەڤاڵانەی كە تاوەكو ئێستا لەگەڵ ئەژی ئەمیندا كاردەكەن و خۆیان بە یەكێتی دەزانن، پێیان دەڵێم: "بەناوی یەكێتییەوە فریوتان دەدات و بۆ مەرام و ئەجێندای تایبەتی ئاڕاستەتان دەكات، تكایە راستییەكان ببینن و مێژووی پاكی خۆتان و بنەماڵە تێكۆشەرەكەتان نەكەن بە قوربانی ئەژی ئەمین كە مافی بەیەكێتییەوە نەماوە، پێویستە ئەو هەڤاڵانە بزانن كە یەكێتی ماڵی خۆتانە و خزمەتكردن و بەرژەوەندی گەل و نیشتمان و یەكێتی لای ئەژی نییە"، لێرە بەدواوە ئەوەی لای ئەژی ئەمین دەمێنێتەوە هەر وەك ئەو هەژمار دەكرێت".
PUKMEDIA

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان