تێری ئیگلتۆن
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
كاتێك كارل ماركس له مۆزه‌خانه‌ی به‌ریتانیا سه‌رقاڵی نووسینی كتێبی «سه‌رمایه« بوو، خاوه‌ن قه‌رزه‌كانی ماندوویان كردبوو، گله‌یی له‌وه ده‌كرد تا ئێستا هیچ كه‌سێك ئه‌وه‌نده ده‌رباره‌ی پاره نه‌ینووسیوه و هاوكات ئه‌وه‌نده كه‌م پاره‌ی ده‌ستنه‌كه‌وتووه. گله‌یی له‌وه‌ش ده‌كرد ئه‌م « كتێبه ئابوورییه قۆڕه« له نووسینی كتێبه گه‌وره‌كه‌ی ده‌رباره‌ی به‌لزاك دووری خستۆته‌وه. «سه‌رمایه«كه‌ی ماركس پڕه له ئاماژه بۆ هۆمیرۆس، سۆفۆكلیس، فرانسیس رهبلیس، شكسپیر، سێرڤانتس، گۆته و كۆمه‌ڵێ نووسهریتر. هه‌ڵبه‌ته زۆر حه‌زی له چاره‌ی ئیدمۆند سپنسه‌ر، شاعیری كاكهلێسی شاژنه ئه‌لیزابێسی یه‌كه‌م نه‌بوو، كه ئه‌و كه‌سه بوو پشتیوانی له حكومه‌ت و ترس و تۆقاندن له ئیرله‌ندا كردبوو.
2-1
میخائیل باكۆنینی ئه‌نارشیست، كه یه‌كێك بوو له توندترین نه‌یاره‌كانی ماركس له‌ناو چه‌په‌كاندا، دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌سانێكی كه‌م هه‌ن وه‌كو ماركس ئه‌وه‌نده‌یان خوێندبێته‌وه و ئه‌وه‌نده زیره‌كانه كتێبیان خوێندبێته‌وه. ماركس به خوێندنه‌وه‌ی دانتی و مه‌كیاڤیللی فێری زمانی ئیتالی بوو، به خوێندنه‌وه‌ی سێرڤانتس و پیدرۆ كاڵدرۆن فێری زمانی ئیسپانی بوو، به خوێندنه‌وه‌ی پوشكین-یش فێری زمانی روسی بوو.
به‌م پێیه ماركس یه‌كێك بوو له‌و كه‌سه یه‌كه‌مانه‌ی به‌قسه‌ی گۆته به‌كرده‌وه له ئه‌ده‌بی جیهانیدا نغرۆ ببوو، ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی كه هه‌ندێك له باشترین نووسینه‌كانی رۆژگاری ئێمه له ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا به‌رهه‌می ئه‌ون. تیۆره‌كانی فریدریش شیله‌ر ده‌رباره‌ی جوانناسی، كه هاوڕێی گۆته و كلاسیكزان بوو، له پشت روانینی ماركسه‌وه بۆ كۆمۆنیزم خۆی حه‌شار دابوو، ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی كه تیایدا هه‌موو كه‌سێك ئازاد بێت هه‌موو تواناكانی به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت نیشان بدات.
ماركس به گه‌نجی حه‌زی ده‌كرد ببێت به شاعیر، نه‌ك تیۆرسینی سیاسی، ئه‌وسا شیعری رۆمانسیی قورس بۆ «جێنی» هاوسه‌ری ئایندهی بنووسێت. به‌ڵام به قسه‌ی «لۆدۆڤیكۆ سیلڤا»، فه‌یله‌سووفی فهنزویلایی و نووسه‌ری كتێبی «شێوازی ئه‌ده‌بی ماركس «( Marxs Literary Style) كه یه‌كه‌مجار ساڵی 1971 به ئیسپانی بڵاوبۆته‌وه، شیعره‌كانی ماركس «به شێوازێکی دڵگیر خراپ» بوون. ماركس پاشان له دژی زیاده‌ڕه‌وییه هه‌ستییه‌كانی رۆمانتیزم هه‌ڵوێستی وه‌رگرت، چونكه ئازاری سروشتی ئه‌ویان ده‌دا كه حه‌زی له كێش و به‌راود بوو. تراجیدیای مامناوه‌ندیش به نه‌زمی سروود، شێوازێك بوو كه ئه‌و زه‌مانه هه‌ركه‌سێك بیویستایه توانای ئه‌ده‌بی گه‌شه بكات ده‌بوو به‌كاری بهێنێت. هه‌روه‌ها ماركس به‌شێكی له رۆمانێك نووسی كه به‌قووڵی كاریگه‌ری «تریسترام شندی» (Tristram Shandy) لۆرانس ستێرنی له‌سه‌ر بوو، یانی گه‌وره‌ترین دژه رۆمان به زمانی ئینگلیزی. پاشان هه‌موو ساڵێك جارێك ئه‌سخیلۆسی ده‌خوێنده‌وه، عاشقی ئه‌وه بوو به زمانه جیاوازه‌كان شیعر بۆ دۆستان و خێزانه‌كه‌ی بخوێنێته‌وه و له ماڵه‌كه‌ی له له‌نده‌ن گروپێكی دروستكردبوو كه شكسپیریان ده‌خوێنده‌وه. له برۆكسلیش ئه‌ڵقه‌یه‌كی كرێكاری دروستكردبوو كه كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی رێك و پێكیان ده‌رباره‌ی ئه‌ده‌ب و مۆسیقا ده‌كرد. «ئه‌لینۆر»ی كچی، له‌وانه‌یه له خۆشه‌ویستی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری كچه‌وه بۆ باوكی ئه‌مه‌ی وتبێت، ده‌یوت باوكی زۆربه‌ی شانۆگه‌رییه‌كانی شكسپیری به ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی له‌به‌ره. ئه‌گه‌رچی ماركس زیاتر حه‌زی له ده‌قێك بوو كه وه‌زن و قافیه‌ی هه‌بێت، به‌ڵام بهقووڵیش حه‌زی له چیرۆكی میللی ئه‌ڵمانی بوو، حه‌زی له كتێبی گشت په‌سه‌ند، كتێبی عاشقانه، ئه‌فسانه و شیعری میللی بوو. ماركس جیاوازی له نێوان كه‌لتوری میللی ره‌سه‌ن و ئه‌ده‌بی بازاڕی به‌ریتانیادا ده‌كرد، چونكه به‌ڕای ئه‌و ئه‌و سه‌نعه‌ته، به راكردن به دوای قازانجی مادیدا، ده‌بێته هۆی له‌ناوچوونی زه‌وق و دابه‌زینی هه‌ست و شعور.
سه‌رچاوه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی كه‌لتوری:
ماركس یه‌كێكه له سه‌رچاوه‌كانی ئه‌و شته‌ی كه ئێمه ئه‌مڕۆ وه‌كو لێكۆڵینه‌وه‌ی كه‌لتوری ده‌یناسین: ته‌نیا رۆمان كه ماركس زۆرترین بایه‌خی پێدا رۆمانی هه‌ژێنه‌ر و پڕ فرۆشی «نهێنییه‌كانی پاریس»( The Mysteries of Paris) بوو كه «ئۆژون سو» نووسیویه‌تی. هه‌روه‌ها یه‌كێك بوو له پێشڕه‌وانی لێكۆڵینه‌وه‌ی مێژووی ئه‌ده‌ب و خۆی وته‌نی لایه‌نگری «برایه‌تیی شكۆداری رۆماننووسان بوو له به‌ریتانیا» كه چارلس دیكنز و ولیام ساكهری و ئه‌لیزابێس گاسكیل و خوشكانی برونتێی له‌خۆده‌گرت و ده‌یوت ئه‌مانه زۆر زیاتر له هه‌موو مامۆستایانی ئاكار و سیاسه‌تمه‌داران توانیویانه راستییه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كان ئاشكرا بكه‌ن، به‌ڵام وه‌كو هاوڕی و هاوكار و پشتیوانه داراییه‌كه‌ی فریدریك ئه‌نگلس، ئه‌میش ئه‌و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بیانه‌ی به‌لاوه ئاسایی بوو كه به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی تایبه‌تیان هه‌بوو بۆ وه‌رگر. ماركس هه‌موو نووسینێكی جوان و باشی له پاشكۆی «ئه‌ده‌ب»دا جێدهكردهوه، به‌ڵام ره‌خنه‌ی له‌و كه‌سانه ده‌گرت كه حه‌قیقه‌تی ناو شیعر و رۆمانیان له‌گه‌ڵ جۆره‌كانی تری زانیندا تێكه‌ڵ ده‌كرد. له‌لای ماركس داواكردنی سیستمێكی فه‌لسه‌فی له شاعیران و رۆماننووسان مه‌سه‌له‌یه‌كی هیچ و بێبایه‌خ بوو. حه‌قیقه‌ت به‌لای نووسه‌ره‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كی ئه‌بستراكت و نه‌گۆڕ نییه، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌یه‌كی تایبه‌ته.
ماركس نهدیدهویست به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی بۆ مه‌به‌ستی سیاسی به‌كاربهێنێت، به‌ڵكو ئامانجی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زمانی سیاسه‌ت بوو له رێگه‌ی گوزارشتی ئه‌ده‌بییه‌وه. به هێنانه‌وه‌ی قسه‌یه‌ك له ترۆیلوس و كریسیدا (Troilus and Cressida) شانۆگه‌ری تراجیدی شكسپیره‌وه رۆح ده‌كات به به‌ری روونكردنه‌وه‌ی دیپلۆماسییه‌تی توركه‌كاندا، یان فاوست و پالمرستۆن «سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا» له رسته‌یه‌كدا پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. مانیفێستی كۆمونیست هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه پڕه له وێنه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ر: «تارماییه‌ك خه‌ریكه ئه‌وروپا داگیر ده‌كات». كاتێك چاوێك به سیاسه‌تی ئه‌وكاته‌ی فه‌ره‌نسادا ده‌خشێنێت، به تایبه‌تی له كتێبی «هه‌ژده‌ی برۆمێری لویس بۆناپارت»دا، گۆته‌ی وه‌كو كۆمیدیا، تراجیدیا، گاڵته‌جاڕی، بازاڕی، داستان، پارۆدی «لاساییكردنه‌وه‌ی ته‌نزئامێز»، نمایش و زاراوه‌ی له‌م بابه‌ته‌ی دێنه خه‌یاڵییه‌وه. ئه‌گه‌ر دراما خۆی له‌خۆیدا سیاسییه، سیاسه‌تیش بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ شانۆگه‌رییه. له هه‌ردووكیاندا هونه‌ری قسه‌كردن و وتاربێژی ده‌بینین، ماركس كه هه‌میشه ده‌چوو بۆ شانۆگه‌ری، به‌قووڵی عاشقی ئه‌م دوو شێوازه‌ی هونه‌ری میللی بوو. له ده‌قی پیرۆزی عیبریشدا روانینێكی هاوشێوه به‌دیده‌كرێت، كه ئه‌م جوله‌كه عه‌لمانییه باش ئه‌مه‌ی هه‌زم كردبوو، كاتێك ژنه‌كه‌ی و كچه‌كه‌ی بڕیاریان دابوو بچن بۆ ته‌ماشای «كڵێسایه‌كی ئاكاری» (Ethical church)، ماركس به‌شكۆوه پێی وتن باشتر وایه ئه‌مانه به په‌یامبه‌رانی كتێبی پیرۆز له قه‌ڵه‌م بده‌ن.
جوان و شیرین ده‌نووسێت
ماركس سه‌باره‌ت به داڕشتنی خۆی زۆر هه‌ستیار بوو، جارێكیان به یه‌كێك له ناشرهكانی وتبوو، هۆكاری دواكه‌وتنی له ته‌سلیمكردنی نووسینه‌كانیدا هه‌ژاری و نه‌خۆشی جگه‌ر و «دڵهڕاوكێیهتی سه‌باره‌ت به شێوازی داڕشتنی». وه‌كو كه‌سێك كه مامۆستای داشۆری و گاڵته‌پێكردن و ده‌ربڕینی زیره‌كانه‌یه، گه‌رم و گوڕ و جوان و شیرین ده‌نووسێت، له ورده شه‌ڕه‌وه بۆ به‌زم و خۆشی، له میهره‌بانییه‌وه بۆ تووڕه‌یی و هه‌را. ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ی له كۆڵنی ئه‌ڵمانیا ماركس سه‌رنووسه‌ری بوو، رۆژنامه‌ی راینی نوێ
(Neue Rheinische Zeitung)، بایه‌خی پڕ دڵه‌ڕاوكێی به شێوازی ئه‌و نووسه‌رانه ده‌دا كه نووسینیان تێدا بڵاوده‌كرده‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك كه ماركس خۆی جاریوابوو وه‌كو ره‌خنه‌گرێكی ئه‌ده‌بی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ به‌ڵگه سیاسییه‌كانی نه‌یاره‌كانیدا ده‌كرد. كتێبی ئایدیۆلۆجیای ئه‌ڵمانی
(The German Ideology) شیكردنه‌وه‌یه‌كی كێشی تیایه له‌سه‌ر داڕشتنی نووسه‌رێكی ئه‌ڵمانی تازه‌كار و ده‌سكورت، نیشانی ده‌دات چۆن ریتمی خه‌واڵووی ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر له بێتاقه‌تیدا ئاگای له پووچی به‌ڵگه‌كانی نه‌بێت، رستهبهندی خراپ و خوازه‌ی په‌رێشان و شه‌پڕێو نیشانه‌ی بیری بێناوهڕۆكه.
ئه‌گه‌ر شێوازی نووسین ده‌ربڕی رۆحی نووسه‌ر بێت، ئه‌وسا له‌وانه‌یه وردبینیكردنی وه‌كو بێشه‌رمی بێته به‌رچاو، وه‌كو كاتێك كه له سیمای روكه‌شی كه‌سێك ورد ده‌بینه‌وه. ده‌ڵێی له شێوازدا جۆرێك خۆمانهبوون و ناجێگیری له ئارادایه كه رێگه له‌و جۆره فزولیكردنه ده‌گرێت. نووسه‌ران پێیان باشه پێیان بڵێیت پلۆتی رۆمانه‌كه‌یان قه‌ناعه‌تپێكه‌ر نییه تا ئه‌وه‌ی ببیستن داڕشتنهكهیان جیاواز نییه. رۆلان بارت ده‌ڵێت شێوازی ئه‌ده‌بی وه‌كو گه‌یشتن به قووڵایی به‌ده‌ن وایه، كه ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی شێوازی كه‌سێك وه‌كو ئه‌ندامه‌كانی ناوه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌یه‌كی تایبه‌تی بێت. له‌وانه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی تێبگه‌ین بۆچی نووسه‌رێك له هه‌ندێك ده‌نگ و ریتم بێزاره و هه‌ندێكی تر سه‌رنجی راده‌كێشن، پێویستمان به جۆرێك ده‌روونزانیی شێواز بێت، شێواز چۆن ره‌نگدانه‌وه‌كانی نه‌ست فۆرمه‌ڵه ده‌كات؟ بۆچی ده‌ڵێی شكسپیر سه‌گی ئیسپانیولی به نه‌سته‌له‌ی ته‌ڕ بانگ ده‌كات؟
خه‌یاڵی تیۆری ماركس
لۆدۆڤیكۆ سیلڤا ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی خستۆته لاوه كه شێواز ئه‌وه‌نده مه‌سه‌له‌یه‌كی تاكه كه‌سییه ناتوانرێت له باسی گشتیدا به‌كاربهێنرێت. به‌قسه‌ی سیلڤا تێكچرژانێكی سه‌یر له نێوان داڕشتنی ماركس و روانینی بۆ مێژوودا هه‌یه. له‌ناو هه‌موو سه‌نعه‌ته ئه‌ده‌بییه‌كاندا زیاتر له هه‌موویان كینایه، كۆكردنه‌وه‌ی دژه‌كان، قڵپكردنه‌وه، وێنه و دژایه‌تی له به‌رهه‌مه‌كانی ماركسدا باوه. ده‌ڵێی فرت و فێڵ و ناكۆییه‌كانی مێژوو به‌دزییه‌وه خۆیان كردووه به‌ناو شێوازی نووسینیدا. داڕشتنی ماركس به قسه‌ی سیلڤا، له جیاتی ئه‌وه‌ی ته‌واو به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كان ده‌رببڕێت «جێبه‌جێیان»ده‌كات. له روانگه‌ی سیلڤاوه ئامانجی ماركس ئه‌وه‌یه بگات به وردترین ئه‌گه‌ری ئاوێته‌كردنی وشه و مانا، هه‌ر بۆیه بیركردنه‌وه‌كانی ئه‌بستراكت نین و ته‌قریبه‌ن به‌رجه‌سته ده‌بن. ئه‌مه بهرچاوروونییهكی رێنیشانده‌ره، هه‌رچه‌نده ده‌بێت وریا بیت. وشه و مانا له‌و شتانه نین كه بكرێت ئاوێته بكرێن، یان به‌هه‌مان مانا له‌یه‌ك جیابكرێنه‌وه. له‌وانه‌یه نووسین ئه‌و هه‌سته سه‌باره‌ت به زمان دروست بكات كه گوایه به ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌ی واقیع له جووڵه‌دایه، وه‌كو ئه‌و شوێنه‌ی كه هاملێت ده‌ڵێت: «نه‌خێر، به‌ڵام / ده‌بێت له‌ناو بۆگه‌نی عاره‌قی سیسه‌مێكی درزبردوودا بژیت.» یان له‌وانه‌یه وا بێته به‌رچاو له كۆتی جیهانی رزگار بوویت، وه‌كو زۆر له شیعره‌كانی پرسی شیلی، به‌ڵام قه‌باره‌ی ئه‌م خوازانه نابێت به حه‌رفی لێك بدرێنه‌وه. به‌هه‌مان شێوه، سه‌باره‌ت به ماركسیش رووبه‌ڕووی شتێك ده‌بینه‌وه كه سیلڤا ناوی ده‌نێت «خه‌یاڵی تیۆری»، خه‌یاڵێك كه تیایدا به‌قورسی ده‌توانرێت مانا و وێنه بناسرێنه‌وه. هه‌ندێك له ئه‌ندێشه‌كانی ماركس ده‌ڵێی له قاڵبی وێنه‌دا هاتوونه‌ته مێشكییه‌وه، كێتێبهكهی سیلڤا سه‌رنجی چه‌ند خوازه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی ده‌دات، وه‌كو «سه‌رخان» كه به‌سه‌ر فكریدا زاڵه. لێره‌دا خوازه مه‌سه‌له‌ی ناسینه نه‌ك جوانكاری، یانی ئامرازێكه بۆ كه‌شف، نه‌ك جوانكاری قسه.
به‌ڵام چه‌مكی شێواز به‌ره‌و چه‌ند جێگایه‌كی ئه‌ولاتر له خه‌یاڵ راده‌كێشرێت و كتێبه‌كه‌ی سیلڤا زیاتر سه‌باره‌ت به ره‌هه‌نده‌كانی دیكه بێده‌نگه: ئاواز، ریتم، جموجووڵ، به‌ش، كه‌شوهه‌وا، زمان، چنین و له‌م بابه‌ته. له جیاتی ئه‌مانه، سه‌رنجی كتێبه‌كه له‌سه‌ر بینای شكڵی ده‌قه‌كانی ماركسه. هه‌رچه‌نده ئاسایی ئێمه بینا به پاشكۆی ناونیشانی شێواز دانانێین. خودی ماركس سه‌باره‌ت به هه‌ریه‌ك له به‌رهه‌مه‌كانی وه‌كو ریزبه‌ندی یه‌ك گشتی هونه‌ری قسه‌ی ده‌كرد و له روانگه‌ی سیلڤاوه، ئه‌م یه‌كپارچه‌ییه رووی هاوبه‌شی هونه‌ر و زانسته. ده‌نووسێت: «ئه‌و شته‌ی زانستییه له‌به‌ر ئه‌وه وایه یه‌كپارچه‌یی سیستماتیك و ئه‌ندازه‌یی هه‌یه كه تیایدا هه‌موو به‌شه‌كان وه‌كو یه‌ك نین و به‌بێ ئه‌و گشته، هه‌ریه‌كه‌یان به‌ته‌نیا له حه‌قیقه‌ت خاڵین. « به‌ڵام زانست شێواوتر و پهرێشانتره له‌م قسانه، به‌شه‌كانی بۆ ئه‌وه‌ی حه‌قیقی بن پێوێستیان به‌وه‌یه له‌گه‌ڵ یه‌كتری به‌راورد بكرێن، زیاتر نا. جادووگه‌ری و به‌ختگرتنه‌وه چه‌ند سیستمێكی گونجاون. له بواری هونه‌ردا، روانینی سیلڤا بۆ حه‌زی نیوكلاسیكی ماركس له یه‌كێتی و په‌یوه‌ستی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر نا ره‌خنه‌ییه. كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می هونه‌ریمان هه‌یه، به تایبه‌تی له 1900 به‌ملاوه، كه به‌ڕێكه‌وت خاسیه‌تیان ناهاوئاهه‌نگی و پارچه پارچه‌ییه.
سه‌رچاوه: madomeh.com