خۆشەویستی دەیباتەوە

10:58 - 2024-02-05
هەمەرەنگ
180 جار خوێندراوەتەوە

لە شەوی 24 مانگی رابردوودا کچە ئەکتەر و گۆرانیبێژی کۆریای باشوور «ئای یو» کە بە خوشکە بچووکی نەتەوە ناسراوە سینگڵە نوێیەکەی بەناوی «Love Wins All- خۆشەویستی دەیباتەوە» لەشێوەی کلیپدا بڵاوکردەوە، ئەوەی وایکرد ئەم گۆرانییە زیاتر جێی سەرنج بێت جگە لە دەنگە خۆشەکەی ئای یو ئەوەیە کیم تایهیۆنگی ناسراو بە ڤی ئەندامی گروپی BTS وەک ئەکتەر بەشداری لە کلیپەکەدا کرد و هەردووکیان نواندنێکی بێ وێنەیان پێشکەش کرد، چیرۆکی گۆرانی و کلیپەکە باس لە دوو خۆشەویست دەکات دەیانەوێت لە حوکمی کۆمەڵگە و ناشیرینییەکانی هەڵبێن و پێکەوە وەک دوو خۆشەویست بەخۆشی بژین.
شایانی باسە ڤی ئەمە یەکەم ئەزموونی نییە لە کاری نواندندا و پێشتر لە درامایەکی تەلەفزیۆنی مێژووییدا رۆڵی گێڕاوە و جێی رەزامەندی بینەران و رەخنەگران بووە، لەم کلیپەشدا توانیوێتی ئەوە بسەلمێنێت کە دەتوانێت نواندن بکات، لە کلیپەکەدا ڤی چاوێکی نابینایە و ئای یو-ش نابیستە، بەڵام یەکتری و دنیا بەجوانیی دەبینن و چیرۆکێکی خەمبار دەگێڕنەوە.
تائێستا ژمارەی تەماشاکردنی ئەم کلیپە 31 ملیۆن ڤیوی لە یوتیوب تێپەڕاندووە، کاتێکیش ئەو دوو هونەرمەندە لە ئینستاگرامی خۆیان هەندێک وێنەی پشت کامێرای کلیپەکەیان بڵاوکردەوە پۆستەکەیان زیاتر لە 10 ملیۆن لایکی وەرگرت.
ئای یو لەوەڵامی ئەوەی چۆن ڤی بۆ ئەو رۆڵە هەڵبژاردووە وتی: کاتێک لەگەڵ دەرهێنەرەکەدا گفتوگۆی ئەوەمان دەکرد کێ بۆ ئەو رۆڵە گونجاوە و دەبێت یەکێک بێت بتوانێت تەعبیری جددی بکات لەهەمانکاتدا میزاجی کوڕێکی منداڵی هەبێت واتا لەنێوان دوو کارەکتەردا تەعبیری دەموچاوی بگۆڕێت، بەڵام بەڕێکەوت کارێکم بە ڤی هەبوو بۆیە ئەوم پێ باش بوو سەرەتا گۆرانییەکەم بۆ نارد و ئەویش رازی بوو ئەو رۆڵە بگێڕێت.
هاوکات ڤی وتی: ئای یو پێیوتم سەرەتا گوێ لەو گۆرانییە بگرە، منیش گوێم لێگرت و زۆرم بەدڵ بوو زانیم پەشیمان دەبمەوە ئەگەر لەو کلیپەدا بەشدار نەبم، چونکە بەتەواوەتی بۆ من گونجاو بوو.
ئا: دڵان سامان

بابەتە پەیوەندیدارەکان