کاروان محەمەد و یاسین ئەحمەد
گوندی بی بی جه‌کی وه‌یس یەکێکە لە گوندەکانی قەزای بازیان، ده‌که‌وێته سه‌نته‌ری بازیان و به‌قه‌دپاڵی شاخی بی بی جه‌که‌وه‌یه که به‌شێکه له زنجیره شاخی کۆیك– هه‌یاسی (ئه‌م زنجیره شاخه له ناوه‌ڕاستی دۆڵی بازیان هه‌ڵکه‌وتووه و ده‌شتی بازیان ده‌کات به دوو به‌شه‌وه)، به دووری (4کم) له باشووری خۆرئاوای ناوه‌ندی قه‌زای بازیان هه‌ڵکه‌وتووه، سنووری له‌گه‌ڵ گونده‌کانی (کۆیك، ئۆڵوبڵاغ، هه‌یاسی و بی بی جه‌که‌کان)دا هه‌یه.
سێ گوند له بازیان ناویان بی بی جه‌که، بی بی جه‌ك وشه‌یه‌کی تورکییه بەوردی واتاکەی نازانرێت، بی بی واتا دایك یاخود نه‌نه خانم.
کورتە مێژوویەکی گوند
مێژووی ئاوه‌دانی له‌م گوندەدا زۆر دێرینه و بوونی چه‌ند گۆڕستانێك به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه، وه‌ك: وه‌یس که گۆڕستانێکی گه‌وره‌یه و لە چەندین شوێن و گوندی دیکەوە مردویان بۆ هێناوە لەبەر بوونی مه‌زارگه‌ی پیاوچاکێك به ناوی وه‌یس (سوڵتان ساڵح)، گونده‌که‌ش هه‌ر به ناوی ئه‌و مه‌زارگه‌یه‌وه پێی وتراوه بی بی جه‌کی وه‌یس، خەڵکی لە کۆندا سەردانی ئەم مەزارگەیەیان دەکرد و بە پیرۆزیان دادەنا، جگە لە بوونی مەزارگەیەکی دیکە بەناوی خرزنە (خدری زیندە) دەوروبەری ئەمیش بووەتە گۆڕستان و مێژوویەکی دێرینی هەیە.
بی بی جه‌کی وه‌یس یه‌کێکه له هه‌ره گونده دێرینه‌کانی بازیان که زیاتر لە (200) ساڵه ئاوه‌دانه و تائێستاش هه‌مان بنه‌ماڵه‌ی تیادا ده‌ژی که سه‌ره‌تا ئاوه‌دانیان کردووه‌ته‌وه و خه‌ڵکه‌که‌ی بازیانییه ڕه‌سه‌نه‌کانن که تائێستا ماونه‌ته‌وه و ئه‌م گونده موڵکی خۆیانه و وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن له هۆزی هه‌مه‌وه‌ندن، هه‌رچه‌نده بۆچوونێکیش هه‌یه که پێی وایه بابانی بن.
زوڵاڵ ئاغای باپیره گه‌وره‌یان یه‌کێك بووه له دوانزه سواره‌ی مه‌ریوان، یه‌که‌م که‌س بووه له سه‌رده‌می وه‌سمان پاشای بابان‌دا هاتووه‌ته ئه‌م گونده و ئاوه‌دانی کردووه‌ته‌وه، لە شه‌جه‌ره‌ی بنه‌ماڵه هه‌مه‌وه‌ندییه‌کاندا ده‌ڵێت: (له سه‌رده‌می وه‌سمان پاشای بابان زوڵاڵ ئاغا که باپیره گه‌وره‌یانه نێردراوه بۆ بازیان و بی بی جه‌کی ئاوه‌دانکردووه‌ته‌وه و فه‌رمانڕه‌وایی بازیانی کردووه.) دوو سه‌رچاوه‌ی زانیاریی جیاواز هه‌یه له‌سه‌ر زوڵاڵ ئاغا و نه‌وه‌کانی که تائێستا یه‌کلانه‌بووه‌ته‌وه کامه‌یان ڕاستتره، به‌پێی شه‌جه‌ره‌ی بنه‌ماڵه‌ی هه‌مه‌وه‌نده‌کان زوڵاڵ ئاغا سێ کوڕی هه‌بووه که یه‌کێکیان ناوی خدر بووه و مردووه و دوانه‌که‌ی دیکه‌یان به ناوه‌کانی ئه‌حمه‌د و نادر ماونه‌ته‌وه، ئه‌حمه‌دیان حه‌سه‌نی هه‌بووه که ناسراو بووه به حه‌سه‌نه کۆڵ ئه‌میش سێ کوڕی هه‌بووه به ناوه‌کانی نامیق، ڕه‌فیق و تۆفیق، نادر دوو کوڕی هه‌بووه: عه‌زیز و سماقان، عه‌زیز ڕۆیشتووه‌ته گوندی بی بی جه‌کی سماقان، به‌پێی ئه‌م سه‌رچاوه‌یه بێت زوڵاڵ ئاغا هه‌مه‌وه‌نده و له تیره‌ی بێتاره‌وه‌نده، به‌ڵام کتێبی (شه‌جه‌ره‌ی بنه‌ماڵه دێرینه‌کانی سلێمانی)ده‌ڵێت: ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه له جوامێر ئاغاوه ده‌ستپێده‌کات که یه‌کێك بووه له دوانزه‌سواره‌ی مه‌ریوان، جوامێر ئاغا منداڵی نه‌بووه برازایه‌کی هه‌بووه به ناوی زوڵاڵ ئاغا ئه‌میش کوڕێکی هه‌بووه به ناوی محه‌مه‌د ئه‌ویش کوڕێکی هه‌بووه به ناوی یوسف، یوسف ئاغا بووه‌ته خاوه‌نی دوو کوڕ: سه‌لیم و ئه‌مین، ئه‌مین ئاغا دوو کوڕی هه‌بووه: حه‌سه‌ن و ساڵح، حه‌سه‌ن به کوێخا حه‌سه‌نی بی بی جه‌ك ناسراوه و ژیانی له بی بی جه‌ك به‌سه‌ربردووه و نه‌وه‌کانیشی هه‌ر له‌وێ ماونه‌ته‌وه، به‌پێی ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ش بێت ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه پێده‌چێت بابانی بن هه‌رچه‌نده ده‌شڵێت له‌وه‌یه زوڵاڵ ئاغا بابانی نه‌بووبێت به‌ڵکو یه‌کێك بووبێت له سوارچاکه‌کانی بابان و هه‌مه‌وه‌ند بووبێت.
بواری ئابووری
ئه‌م گونده سه‌ر به که‌رتی (41)ی بی بی جه‌کی وه‌یسی کشتوکاڵییه، ڕووبه‌ری زه‌وییه کشتوکاڵییه‌کانی ئه‌م که‌رته (351) دۆنمه، (315) دۆنمی دێمه و (36) دۆنمی به‌راوه (575) دۆنم زه‌وی شاخاوی هه‌یه، چه‌ند کانی و کارێزێك سه‌رچاوه‌ی ئاوی ئه‌م گونده‌ن، چه‌می بازیان به سنووری ئه‌م گونده‌دا تێده‌په‌ڕێت و کاتی خۆی جۆگه‌یه‌کیان له‌به‌ر هه‌ڵبه‌ستووه بۆ ئاودێری به ناوی جۆگه‌ی کوڵه‌جۆ، لە ئێستادا سوود لە ئاوی بیریش وەردەگرن بۆ پێداویستییەکانیان.
بژێویی خه‌ڵکه‌که‌ی له‌سه‌ر کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵدارییه، هه‌موو جۆره کشتوکاڵێکی وه‌ك: توتن، ته‌ماته، بامێ، کوله‌که، مه‌ره‌زه، نیسك، نۆك و دانه‌وێڵه کراوه، له‌ڕووی ئاژه‌ڵدارییه‌وه زیاتر مه‌ڕداری کراوه و ساڵانی هه‌شتای سه‌ده‌ی ڕابردوو (300– 400) سه‌ر مه‌ڕ و بزن و (80) سه‌ر مانگایان هه‌بووه، باخداریی ده‌که‌ن و (10) باخ له‌م گونده هه‌ن.
شۆڕش و کارەساتەکان
له کۆڕی خه‌بات و تێکۆشان‌دا خه‌ڵکی ئه‌م گونده هه‌میشه له ڕیزی پێشه‌وه‌ی به‌رگری و به‌رخوداندا بوون و چەندین پێشمەرگەیان هەبووە و گونده‌که‌یان شوێنی پشوودانی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه بووه و له سه‌رجه‌م شۆڕشه‌کانی کوردستاندا دۆست و هاوکاری شۆڕش بوون، له‌به‌رئه‌وه به‌رده‌وام له‌لایه‌ن سوپای حکومه‌ته‌کانی عێراقه‌وه هێرش کراوه‌ته سه‌ر گونده‌که و چه‌ندین جار بۆردومان کراوه.
ساڵی (1963) چه‌کدارانی (حه‌ره‌س قه‌ومی) داویانه به‌سه‌ر گونده‌که‌دا و دانیشتوانه‌که‌ی چۆڵیانکردووه و بەشێکیان پەنایان بردووە بۆ ئەشکەوتی (قالە ئاشەوان) کە لە پشتی گوندە و جێگەی زیاد لە بیست کەسی تێدا دەبێتەوە، ساڵی (1974) سوپای عێراق له گۆپاڵه‌وه هێرشی هێناوه و بۆردوومان ناوچه‌که‌ی کردوە و دانیشتوانه‌که‌ی گونده‌که‌یان چۆڵکرده‌وه، بۆ دواهه‌مین جار له به‌هاری ساڵی (1988) سوپای عێراق گونده‌که‌ی خاپوور کرد که له‌وکاته‌دا نۆ خێزانی تیادا نیشته‌جێ بوو.
بواری ئاوەدانی
ساڵی (1999) بی بی جەکی وەیس ئاوه‌دانکرایەوە، له‌ئێستادا دوو ماڵی تیادا نیشته‌جێیه که ژماره‌یان (10) که‌سه، ساڵی (1999) کاره‌بای نیشتمانی گه‌یه‌ندرایه گوندەکە، ساڵی (2011) حکومه‌ت رێگه‌ی گونده‌که‌ی تێکه‌ڵه‌ڕێژ کردووه، ساڵانی بیستی سەدەی ڕابردوو حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د (حه‌سه‌نه کۆڵ) موختاری گوند بوو.
تێبینی:
بۆ نووسینی سوود وەرگیراوە لە کتێبی/ بازیان مێژوو و گەشەسەندنی، نووسینی: کاروان محەمەد و یاسین ئەحمەد