حەسەن عەلەوی لە دیدارێکی کوردستانی نوێ-دا:

لە پرسە عەرەبییەکاندا کەس هێندەی مام جەلال شارەزا نەبوو

10:37 - 2024-05-09
دیدار
273 جار خوێندراوەتەوە
حەسەن عەلەوی لەگەڵ سەرۆک مام جەلال-دا

كوردستانی نوێ‌- ئیدریس جەبار 



حەسەن عەلەوی، بیرمەند و سیاسەتمەداری بەناوبانگی عیراق، باس لە رۆڵی سەرۆک مام جەلال دەكات، لە سەردەمی ئۆپۆزسیۆن و لە پاش رووخانی رژێمی بەعس، لەو بارەیەوە دەڵێت: «سەرۆك مام جەلال بەر لەوەی خۆی لە دۆستەكان نزیك بكاتەوە، دەچووە لای دژەكان و هەوڵی دەدا خۆی لەگەڵ ئەوان بگونجێنێت، چونكە دەیگوت، دۆستەكان خۆمانەن و دەبێت دژەكان رازیی بكەین». 

 

مام جەلال سەركردە و پێشەنگی بەرەی نیشتمانیی عیراقی بوو، كۆڵەكەیەك بوو لە كۆڵەكەكانی ئەو بەرەیە


پێشەنگی بەرەی نیشتمانیی
حەسەن عەلەوی، لە لێدوانێكی تایبەت بە كوردستانی نوێ‌ رایگەیاند:»هیچ كەس مام جەلال ناناسێت، جگە لەوانەی مێژووی بەرەی نیشتمانیی عیراقی دەناسن، ئەو سەركردە و پێشەنگی بەرەی نیشتمانیی عیراقی بوو، كۆڵەكەیەك بوو لە كۆڵەكەكانی ئەو بەرەیە، هەرگیز هەنگاوی بەرەو كارێك نەدەنا، كەر پاڵنەرێكی پێكەوەیی و بەرەیی لەگەڵدا نەبوایە». 

لەگەڵ هەموان بوو
حەسەن عەلەوی دەڵێت:»دەبوو لە كارەكاندا شیوعیەكان و نەتەوەییەكان و ناسرییەكان و بەعسییەكانی لەگەڵدا بوایە، ئەمە یەكێك بوو لە خەسڵەتە جوانەكانی مام جەلال». 
بیرمەند و سیاسەتمەداریی عیراقی لە درێژەی قسەكانیدا لەبارەی سەرۆك مام جەلالەوە وتی: «مام جەلال هێند شارەزای پرسی عەرەبی بوو، بەجۆرێك كە هیچ كەسێكی تر هێندەی ئەو لە پرسەكەدا شارەزا نەبوو، هەرگیز كەسێكی تر نەبوو هێندەی ئەو لەو بوارەدا شارەزابێت». 

تێگەیشتن لە خەباتی نەتەوەیی عەرەب
حەسەن عەلەوی دەڵێت:»لە كار و خەباتی كوردیشدا، كەس هێندەی مام جەلال لە پرسە عەرەبییەكاندا شارەزا نەبوو، ئەوەی ئەو پێی گەیشت، هەرگیز كەس پێی نەگەیشتووە، لە تێگەیشتن لە خەباتی نەتەوەیی عەرەبیدا». 
بە وتەی عەلەوی:»گەر بڵێم هێندەی ئەو لە پرسە عەرەبییەكانەوە نزیك بوو، هیچ كەسێك هێندە نزیك نەبوو، زێدەڕۆیی نییە». 

 

 

مام جەلال بە راستی (سەمام ئەمان) بوو بۆ عیراق، چونكە ئەو تێگەیشتنی لەگەڵ دژەكاندا دەكرد

 

سەمام ئەمان بوو
لەلایەكی ترەوە، ئەو بیرمەندە عیراقییە سەبارەت بە مام جەلال رایگەیاند: «بەڵێ‌ مام جەلال بە راستی (سەمام ئەمان) بوو بۆ عیراق، چونكە ئەو تێگەیشتنی لەگەڵ دژەكاندا دەكرد، ئەو هەر كەس و لایەنێك دژ بوایە، دەڕۆیشت و تێگەیشتنی لەگەڵ دەكرد، ئەمەش حاڵەتێكی تایبەتە و جگە لە مام جەلال كەسی تر نەیكردووە». 
عەلەوی باسی لەو گەشتانەش كرد كە لەگەڵ سەرۆك مام جەلال بۆ وڵاتانی عەرەبی كردوویەتی و دەڵێت:»لەو گەشت و سەردانانەدا بەردەوام زمانێكی هاوبەشمان هەبوو». 

رۆڵی یەكێتی لە گۆڕەپانی سیاسیدا
سەبارەت بە رۆڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پرسە سیاسییەكان و گۆڕەپانی سیاسی عیراقدا، حەسەن عەلەوی دەڵێت:»لەنێوان هەموو هێز و بزوتنە كوردییەكاندا، یەكێتی نزیكترین بووە و لەگەڵ كاریی پێكەوەیی و بەرەییدا بوو، نزیكترین بوو لە كاریی  یەكێتیی نیشتمانیی عیراقی، سەرچاوەی جوڵاندنەوەكەی یەكێتیی كاریی بەرەیی بوو، بە هەمان نەفەس لە بزوتنەوەی نیشمانیی عیراقیدا كاریی دەكرد». 

پیاوێكی بەرەیی بوو
لەبارەی كاریی سیاسی ئێستای عیراق بەشێوەیەكی گشتی، حەسەن عەلەوی وتی:»لە كاریی سیاسیدا و لە هەموو كارێكدا، هەنگاوی راست و هەنگاوی چەوت و ناڕاست هەیە، یان با بڵێین كاریی جیاواز  هەیە، یەك كار  بوونی نییە، هەمیشە كاریی نیشتمانیی دژی هەیە، یەكێتیی دژەكەی دەزانی و كاریی لەگەڵ دەكرد، تا رێگە لە بەریەككەوتن بگرێت، خودی سەرۆك مام جەلالیش سكرتێری گشتی یەكێتی، پیاوێكی بەرەیی بوو».     

بابەتە پەیوەندیدارەکان