ئەوەی خلیفی بە بیریدا نەدەهات، روویدا..

11:36 - 2024-05-14
وەرزش
294 جار خوێندراوەتەوە

ناسر خلیفی سەرۆكی یانەی پاریس سانجێرمان بەو هەموو هەڵپەو پەلاماردان و پارە خەرجكردنە بێ سنورەی بۆ یانەكەی، هەمووی بۆ ئەوە بوو بەڵکو ئەمە خودایە بە جامی چامپیۆنس لیگ شاد بێت، لەبیری چوو كە هێنانی ئەو هەموو ئەستێرەیەی یانەكانی ئەوروپا بەزەبری پارە، نایكاتە پاڵەوانی چامپیۆنس لیگ و یانەكەی ناكاتە یانەیەكی جەماوەری لە سەر ئاستی ئەوروپاو جیهان،  بەپێچەوانەوە دەیكاتە یانەیەكی بێزراو لەسەر ئاسی ئەوروپا و هەرگیزیش بەو هەڵپەو پەلاماردانانە نابێتە خاوەنی جامی چامپیۆن لیگ، هەرگیز ئەوەشی بە خەیاڵدا نەدەهات كۆتایی هەڵپە و پەلامارەكانی ئەوە دەبێت نەك ناتوانێت نەیمار و مێسی و رامۆسێكی تر لە یانەكان هەڵكەنێت، بەڵكو كلیانەكەشی لەدەست دەردەچێت.
مباپێی فەرنسی ئەستێرەی پلە یەكی یانەی پاریس سانجێرمان، كورتە ڤیدیۆیەكی خۆی لە تۆڕی ئێكس-تویتەری پێشوو بڵاو كردۆتەوە،  لەو گرتە ڤیدیۆییەدا دەڵێت: ئاگاداری هەمووان دەكەم كە دوا یاریی من لە پارك دوفرانس بەرامبەر تۆڵۆز دەبێت و ئیتر پاش ئەوە من لەم یانەو یاریگایە یاریی ناكەم.
هەروەها ووتی: زۆر سەختە وڵاتەكەم و خولی فەرەنسا جێدەهێڵم، بەڵام ئیتر وا دوا بڕیارمدا، زۆر سوپاسی ئیمری و تۆخێل و بۆچیتینۆ و گالتییەو ئەنركی و یاریزانەكانی هاوڕێم دەكەم لەم یانەیە كە ئەو ماوە زۆرە پێكەوە بووین.
ئەم یاریزانە 7 وەرزە یاریی بۆ  یانە پاریسییەكە دەكات، تەمەنی 25 ساڵە، جگە لە نازناوە ناوخۆییەكان هیچ نازناوێكی ئەوروپای نەبردۆتەوە، سەرەتای ئەم وەرزە بەنهێنی بە لێپرسراوانی یانەكەی ووتبوو كە بۆندەكەی لەگەڵ پاریس نوێ ناكاتەوە و دەچێتە یانەیەكی تر، هەموو بۆچوونەكانیش ئەوەن كە وەرزی ئایندە دەچێتە یانەی ریاڵ مەدرید، ئەمەش كۆتایی و ئەنجامی ئەو هەموو هەوڵە بێ ئەنجامانەی ناسر خلیفی سەرۆكی یانە پاریسییەكە بوو، كاتێك حساب بۆ هیچ كەسێك ناكەیت و بەزەبری پارە ئەستێرەكان لە یانەكانیان هەڵدەكەنیت، دەبێت ئەوەشت لەبیر بێت یانەیەكیش دەبێت دوا ئەستێرەی تۆش ببات و تۆش سەیر كەربیت و هیچ دەسەڵاتێکت نەبێت.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان