تەرفی و بەجاری هۆکارەکەی بۆ (كودستانی نوێ‌) روون دەکەنەوە

״پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پێكهاتەی سوننە گرنگە״

09:53 - 2024-05-15
دیدار
286 جار خوێندراوەتەوە
ئەنجوومەنی نوێنەران لە چاوەروانیی سەرۆکێکی نوێدا

راپۆرتی: ئیدریس جەبار

حەبیب تەرفی، سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەپێویستی دەزانێت، هێزە سوننەكان لە پاشماوەی تەمەنی ئەنجومەنی نوێنەراندا، سەرۆكی نوێی ئەنجومەنەكە دیاریی بكەن، پۆستەكەش بە شایستە و مافی پێكهاتەی سوننە دادەنێت کە بەپێی عورفی سیاسیی لە عیراقدا ئەو پۆستە لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە پشکی پێكهاتەی سوننە بووە، 
لای خۆشییەوە نورە بەجاری پەلەمانتاری پێشوو و مامۆستای زانكۆ، ناكۆكی و جیاوازییەكان لەسەر دیاریی كردنی كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە لەناو ماڵی سوننەدا، بە ئاسایی دەزانێت و دەڵێت: «ئەو ناكۆكی و جیاوازییە سیاسییانە لەنێوان شیعە و كوردیشدا هەن».

حەبیب تەرفی، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە كوردستانی نوێ‌ رایگەیاند: «پێویستە هێزە سوننەكان، لە پاشماوەی تەمەنی ئەنجومەنی نوێنەراندا، سەرۆكی نوێی ئەنجومەنەكە هەڵبژێرن و مانەوەی پۆستەكەش بەم شێوەیەی ئێستا، كاریگەریی نەرێنی لەسەر هاوكێشەی سیاسیی و ئەدای ئەنجومەنی نوێنەران دروستدەكات».

بە وتەی تەرفی: «دەبێت ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، لەدانیشتنی داهاتوودا سەرۆكێکی نوێ‌ هەڵبژێرن و ئەو بۆشاییە پڕبكەنەوە، تا پرۆسەی دیموكراسی لە نێو ئەو دامەزراوەیەدا بەشێوەی ئاسایی خۆی بەڕێوەبچێت».
تەرفی دەشڵێت: «ئاشكرایە لە پرۆسەی سیاسی عیراقدا هەمووان لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ پێكهاتەی كورد و سەرۆك وەزیران بۆ شیعە و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ سوننەیە، بۆیە بێبەشكردنی لایەنێكی دیاریكراو لە ماف و شایستەی سەرۆكایەتی، جۆرێك لە ئاڵۆزی و پەک خستن و بەڕێوەنەچوونی كارەكان دروستدەكات، چونكە ئەوەی پێویستە لە پرۆسەی سیاسیی عیراقدا رەچاوبکرێت، تەوافوقە و لەسەر ئەو بنەمایەش پرۆسەی سیاسیی عیراقی نوێ دامەزراوە، بۆیە پێویستە ئەو كەلێنە پڕبكرێتەوە، تا پرۆسەكە بەشێوەی ئاسایی خۆی بەڕێوەبچێت».
تەرفی پێیوابوو: ئەگەر لەمجارەشدا هێزە سوننەكان نەگەنە ئەنجام و پۆستەكەیان پێ یەکلایی نەكرێتەوە بەهۆی ناكۆكی و جیاوازییەكانیانەوە، ئەوا لە ماف و شایستەی سیاسیی خۆیان بێبەش ناكرێن، چونكە هەر خۆی پرۆسەكە لەسەر بنەمای تەوافوق پێكهاتووە و دەكرێت لە گەڕەكانی دیکەدا كار بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكە بكرێت، ئەمەش ئاساییە و كرۆكی كاری دیموكراسی دەگەیەنێت كە گەیشتن بە رێككەوتن یان نەگەیشتنیش لەخۆدەگرێت و بابەتەكە بە ئەرێنی دادەنرێت.
هەر پۆستەكە خۆی گرنگە 
نورە بەجاری، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران و مامۆستای زانكۆش، لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، بە كوردستانی نوێ ‌-ی راگەیاند:»پۆستەكان لە ساڵی 2005ەوە تائێستا لەنێوان شیعە و سوننە و كورددا دابەشكراوە، پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پێكهاتەی سوننە گرنگە و بە سەرەكی دادەنرێت، بەو پێیەی هاوسەنگیی لەنێوان پێكهاتەكانی عیراقدا رادەگرێت، وەک چۆن سەرۆك كۆمار بۆ كورد و سەرۆك وەزیران بۆ شیعەیە وتیشی: گرنگیی ئەو پۆستەش بۆ سوننە لەوەدایە كە سەرۆكایەتیی وەزیران و كۆمار و دادوەریی لە سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە سەرچاوە دەگرن، سیستمی عیراقیش وەك ئاشكرایە، سیستمی پەرلەمانییە و سەرۆك و ئەندامانی پەرلەمان متمانە دەدەن بەو كەسانەی كە پۆستەکانی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی وەردەگرن، بۆیە پۆستەكە بە گرنگ دادەنرێت.
دانیشتنێك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ‌ 
نورە بەجاری دەشڵێت: «دەبوو ئەنجومەنی نوێنەران بچێتە پشووی وەزرییەوە، بەڵام لەبەرئەوەی رۆژی شەممە بۆ دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنەكە دیاریكراوە، سەرۆكی كاتی ئەنجومەنی نوێنەران، ماوەی كاركردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی درێژكردەوە، ئەمەش بە رێككەوتن بووە لەنێوان فراكسیۆنەكاندا، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنەکە، بەرلەوەش چەندین كۆبوونەوە و دیدار لەناو ماڵی سوننەدا سازكراوە، بە مەبەستی رێككەوتن لەسەر كەسایەتییەك بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكە.
هەموو پێکهاتەکان لەناو خۆیاندا ناكۆكییان هەیە 
بەجاری پێیوایە کە ئەوە رەتناكرێتەوە كە دابەشبوون و ناكۆكی لەناو سوننەكاندا هەیە، بەڵام ئەو دابەشبوون و ناكۆكییانە ئاسایین و لەنێو پێكهاتەكانی دیکەشدا هەیە، تەنانەت لە وڵاتە پێشكەوتووەكانیش هیچ پرۆسەیەكی سیاسی بەبێ‌ جیاوازیی و ناكۆكی نییە، بە تایبەتیش لە سیستمی پەرلەمانیدا، ناكرێت ئەوە تەنیا لە ماڵی سوننەدا زەق بکرێتەوە، وەک ناكۆكییەکانی رابردوو لەسەر پۆستەكانی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار، بۆیە نابێت ئەو حاڵەتە سروشتییە، وەك نەنگییەك بدرێتە پاڵ سوننەکان.
وەک لە دەستووردا هاتووە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنەکە  دەبێت بۆ گەورەترین فراكسیۆن بێت، لەبەرئەوەی گەورەترین فراكسیۆنیش هەیە، ئاساییە بەرگریی لە مافی خۆی بكات، هەموو كەسایەتییەكانیش كە ركابەری دەكەن لەسەر پۆستەكە، خاوەنی كارزیمای تەواوەتین و پەیوەندیی توندوتۆڵی سیاسی خۆیان هەیە و كاریگەریی سیاسییان هەیە لەسەر فراكسیۆنەكانی دیکە، ئەمەش بە پێچەوانەی بۆچوونی هەندێكەوە، حاڵەتێکی ئەرێنییە کە ئاخۆ کێ دەبێتە بەهێزترین كەسایەتی بۆ پڕكردنەوەی پۆستەکە، بردنەوەشی لەلایەن هەر كەسێكەوە، بۆ هەموو عیراقییەكان دەبێت و دەبێتە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئیتر شیعە بێت یان كورد یان سوننە، ئەوەی پۆستەكە دەستەبەر دەكات، دەبێتە نوێنەری هەموو عیراقییەكان.

حەبیب تەرفی

مانەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بەم شێوەیەی ئێستا، كاریگەریی نەرێنی لەسەر هاوكێشەی سیاسیی عیراق و ئەدای ئەنجومەنەکە دروست دەکات

نورە بەجاری

پۆستی سەرۆكی «نوێنەران» بۆ پێكهاتەی سوننە گرنگە بەو پێیەی هاوسەنگیی سیاسیی عیراق رادەگرێت وەک سێ سەرۆکایەتییەکە تر

بابەتە پەیوەندیدارەکان