״من له‌ دۆزه‌خێكدام پێی ده‌وترێت غوربه‌ت״

به‌كر حه‌سه‌ن: غوربه‌ت، دۆزه‌خێكی زۆر بێ به‌زه‌ییه‌

11:28 - 2024-05-15
دیدار
305 جار خوێندراوەتەوە

به‌بۆنه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی سێ‌ به‌رهه‌می نوێی له‌ لقی سلێمانی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد، كوردستانی نوێ‌ دیدارێكی كورتی له‌گه‌ڵ به‌كر حه‌سه‌ن-ی شاعیر سازكرد، سه‌ره‌تا له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی له‌ شیعرێكدا ده‌ڵێت: (له‌م دۆزه‌خه‌دا چیبكه‌م خوایه‌ به‌جه‌سته‌یه‌كی سووتاوه‌وه‌، به‌ دوو باڵی شكاوه‌وه‌).  تۆ وه‌كو شاعیر له‌ چ دۆزه‌خێكدایت؟.
-من له‌ دۆزه‌خێكدام پێی ده‌وترێت غوربه‌ت، غوربه‌ت دۆزه‌خێكه‌ زۆر بێ به‌زه‌ییه‌، به‌ به‌رده‌وامی تۆ له‌ سووتاندایت له‌ ناو ئه‌و دۆزه‌خه‌دا به‌ به‌رده‌وامی ده‌سووتێیت و نامریت، ئه‌گه‌ر مردن لەو‌ دۆزه‌خه‌دا هه‌بوایه‌ زۆر خۆشده‌بوو، ئه‌وه‌ خۆشحاڵییه‌ ئینسان له‌ دۆزه‌خی غوربه‌تدا بمرێت، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ تۆ نامریت و به‌رده‌وامیت له‌ ژیاندا، دۆزه‌خی غوربه‌ت كاره‌ساته‌.
*كه‌واته‌ ده‌قه‌ غوربه‌تییه‌كان لای تۆ هه‌وڵێكه‌ بۆ به‌ یاداشتكردنی ژیانی غوربه‌ت له‌ رێگه‌ی زمانی شیعرییه‌وه‌؟
-له‌ راستیدا من ده‌قی شیعریم زۆر كه‌م نووسیوه‌، به‌ڵام ده‌قه‌كانی غوربه‌ت ئه‌و ده‌قانەن‌ كه‌ منیان نووسیوه‌، یان ده‌توانم بڵێم ئه‌و ده‌قانه‌ غوربه‌تی من ده‌نووسنه‌وه‌ بۆیه‌ جارێكی دیكه‌ په‌نام برده‌وه‌ به‌ر ئه‌و ده‌قانه‌.
نه‌رمین عوسمان محه‌مه‌د

بابەتە پەیوەندیدارەکان