لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەكان، پشتیوانی لە مەحمود مەشهەدانی دەكەن بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و پێیانوایە، پیاوێكی میانڕەوە و مشتومڕی لەسەر نییە و هەڵوێستە نیشتمانییەكانی گەواهی ئەوەی بۆ دەدەن و بە گونجاوترینیشی دەزانن بۆ بەڕێوەبردنی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران، بەوپێیەی پێشینەی هەیە و خاوەن سەنگی سیاسییە.
كوردستانی نوێ- ئیدریس جەبار
عودەی حاتەم شەعلان، پەرلەمانتاری پێشووی هاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێكی تایبەتدا بە كوردستانی نوێ-ی رایگەیاند: «چوارچێوەی هاوئاهەنگی مافی خۆیەتی دەنگ بە چ كاندیدێك دەدات بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران، فراكسیۆنە سوننەكان دوو كاندیدان دیاریی كردووە كە مەحمود مەشهەدانی و سالم عیساوی-ن، مافی پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییشە یەكێك لەو دووانە هەڵبژێرن بۆ ئەو پۆستە».
مەشهەدانی سەنگی سیاسیی خۆی هەیە
بە وتەی شەعلان: «ئەگەر بوترێت لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشتیوانیی لە مەحمود مەشهەدانی دەكەن، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە مەشهەدانی كاریزمایە و كەسایەتییەكی سیاسیی پەسەندكراوە و پێشتریش ئەو پۆستەی بەڕێوەبردووە بەشێوەیەكی دروست و هاوسەنگ و هیچ نەنگییەكی نەبووە، هەر لەبەرئەوە بەلای چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە پەسەندە».
عودەی حاتەم شەعلان: پەرلەمانتاران مافی خۆیانە دەنگ بە كام کاندید دەدەن، ئەمڕۆ سیڤی و كارنامە هەیە، بۆیە ئەو كەسە هەڵدەبژێرن كە خۆیان بەشیاوی دازانن بۆ سەركردایەتیی هەر دامەزراوەیەکی سیادی
پەرلەمانتاران مافی خۆیانە دەنگ بە كێ دەدەن
عودەی حاتەم هەروەها دەڵێت: «لە ئەنجومەنی نوێنەراندا كە دەنگدان لەسەر چەند ناوێك دەكرێت، پەرلەمانتاران مافی خۆیانە دەنگ بە كامیان دەدەن، بەبێ ئەوەی گوشاریان بخرێتەسەر یان رووگیر بكرێن، یان هەڵبژاردنی كاندیدێكیان بەسەردا بسەپێنرێت، ئەمڕۆ سیڤی و كارنامە هەیە و مافی ئەندامی پەرلەمانیشە ئەو كەسە هەڵبژێرێت كە خۆی بە شیاوی دازانێت بۆ سەركردایەتیی هەر دامەزراوەیەکی سیادی».
جەختیشیکردەوە لەسەر ئەوەی لەماوەی رابردوودا كە ئەنجومەنی نوێنەران بەبێ سەرۆك بووە، لەلایەن جێگری یەكەمەوە دانیشتنەكان بەڕێوەبراوە، چەندین یاسا و پرۆژەی گرنگن ماونەتەوە بەبێ خوێندنەوە و دەنگدان لەسەریان، بۆیە پێیوابوو کە ئیتر پێویستە برایانی ئەنجومەنەکە كەسایەتییەك بۆ سەرۆكایەتی خۆیان هەڵببژێرن، جا مەشهەدانی بێت یان عیساوی.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی فەتح لەو بڕوایەدایە کە هیچ فراكسیۆنێك كاندیدێك ناسەپنێت بەسەر پەرلەمانتارەكانیدا، بەوپێیەی ئێستا پەرلەمانتار خۆی خاوەنی بڕیارە و مافی خۆیەتی ئەو كەسایەتییە هەڵبژێرێت كە بە گونجاوی دەزانێت بۆ بەڕێوەبردنی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران.
وا باشتر بوو سوننەكان لەسەر كاندیدێک ساغ ببنەوە
هەر لەو بارەیەوە، سەعد موتەڵیبی، سەركردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە كوردستانی نوێ -ی وت: «وەک هاوپەیمانییەکەمان هیواداربووین پێكهاتەی سوننە و فراكسیۆنەكانی لەسەر یەك كاندید ساغ ببوونایەتەوە و رێبكەوتنانەیە، تا رووگیریی تێدا نەبێت بۆ لایەنەكانی دیکە و ناچاربن یەكێكیان هەڵبژێرن و ئەوی تر رەتبكەنەوە، نەدەبوو پێكهاتەكانی تر دووچاری ئەم هەڵوێستە بكەن، بەڵام هیوادارین لە رۆژی شەممەی داهاتوودا پرسەكە یەكلایی بكرێتەوە لەنێوان ئەو دوو كاندیدەكەدا»
موتەڵیبی وتیشی: «لە لیستی یەكەمدا چەند ناوێكی وەك (تەڵاڵ زەوبەعی، سالم عیساوی، د.مەحمود مەشهەدانی و شێخ كەریم)ی لەخۆگرتبوو، شێخ كەریم پاشەكشەی كرد و سیانیان مانەوە، لە ئاكامدا یەكێك لەوانە متمانە وەردەگرێت و دەبێتە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، بەپێی زانیارییەكانیش گەورەترین پێكهاتە كە پێكهاتەی شیعەیە بواری زیاتری داوە بە پێكهاتەی سوننە لەڕووی كاتەوە، تا كاندیدی خۆیان هەڵبژێرن، بۆ ئەنجامدانی وتوێژی زیاتر لەو رووەوە، بەو مەرجەی ماوەکەی رۆژی شەممەی داهاتوو تێنەپەڕێنێت».
سەعد موتەڵیبی: هیواداربووین سوننەکان لەسەر كاندیدێک خۆیان ساغ بکردایەتەوە و نەدەبوو پێكهاتەكانی تر دووچاری ئەم هەڵوێستە بكەن، هیوادارین شەممەی داهاتوودا پرسەكە یەكلایی بكرێتەوە
بۆچی شیعە پشتیوانی لە مەشهەدانی دەكات؟
سەبارەت بەوەش کە بۆچی شیعەکان، یان لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشتیوانی لە مەشهەدانی دەكەن، سەعد موتەڵیبی وتی: «لەبەرئەوەی مەشهەدانی پێشینەی هەیە لە بەڕێوەبردنی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەراندا، دووەم لەبەر هەڵوێستە نیشتمانییەكانی و میانڕەوی و نزیكی لە فراكسیۆنە سیاسییەكانی دیکەوە، لە ساڵانی رابردووشدا سەلماندی كە جێگەی مشتومڕ نییە و تێگەیشتنێكی باشی هەیە بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان، ئەمانە ئەو خەسڵەت و سیفەتانەن كە وایانكردووە متمانەی زیاتری هەبێت لای پێكهاتەی شیعە، بەدڵنیاییەوە ئەمە بۆ كاندیدەكانی تریش گونجاوە، ئەوانی تریش هەمان رێز و پێگەیان هەیە، بەڵام شارەزایی و ئەزموون، چانسی زیاتر دەدەن بە مەشهەدانی و وادەكەن لەوانی تر جیاواز بێت كە رەنگە هەمان شارەزایی و ئەزموونی ئەویان نەبێت لە ئیدارەدانی ئەو پۆستەدا.
ئەم لێدوانانەی کەسایەتییەکانی فەتح و دەوڵەتی یاساش لەکاتێکدایە کە وابڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، دانیشتنێكی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران سازبكات و تێیدا پەرلەمانتاران سەرپشك دەكرێن لەنێوان دەنگدان بە هەریەك لە د. مەحمود مەشهەدانی و سالم عیساوی كە لەلایەن هێزە سیاسییە سوننەكانەوە، بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستە، كاندیدكراون.