رێژەی تاوان لە پارێزگاكانی باشووری عیراق بەرزبووەتەوە و هەندێك پێیانوایە، هۆكارەكەی بۆ لاوازیی دەسەڵاتی یاسا و بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و ئاستی هۆشیاریی كۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە، هەندێكی تریش بە پێچەوانەوە رێژەكە بە ئاسایی دەبینن و زۆربەی رووداوەكانی وابەستەی كێشە خێڵەكییەكان و كێشە داراییەكان دەكەنەوە كە دەبنە مایەی پەنابردنە بەر توندوتیژی.
كوردستانی نوێ- ئیدریس جەبار
هەیفا ئەمین، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، سەبارەت بە بەرزبوونەوەی رێژەی تاوان لە باشووری عیراق، بە (كوردستانی نوێ)ی راگەیاند: «هۆكاریی بەرزبوونەوەی رێژەی تاوان لە پارێزگاكانی باشوور، بۆ لاوازیی دەسەڵاتی یاسا دەگەڕێتەوە، ئەمەش مایەی نیگەرانییە و تێكچوونی رەوشی ئەمنی لێدەكەوێتەوە، ئەو كێشانەی لەنێوان خێڵەكاندا روودەدەن، بە پەنابردن بۆ چەك و یەكلایی دەكرێنەوە».
هەیفا ئەمین:
ئەو كێشانەی لە نێوان خێڵەكاندا روودەدەن، بە پەنابردنە بەر چەك و توندوتیژیی یەكلایی دەكرێنەوە
بە بۆچوونی خاتوو هەیفا: دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش لەو پارێزگایانەدا لاوازن لەڕووی پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتییەوە، چونكە زۆر لە كێشەكان هۆكاریی كۆمەڵایەتییان لە پشتەوەیە و دەبنە مایەی تاوانکاری، ئەمەش بەرپرسیارێتی دەسەڵاتی دادوەریی و فەرماندەییەكانی پۆلیسە.
هەروەک باس لە زۆربوونی رێژەی خۆكوشتن دەكات لەو پارێزگایانە و دەڵێت: «كێشەی كۆمەڵایەتی گەورە لەو ناوچانەدا هەیە كە كاریگەرییان لەسەر لاوانە و وایان لێدەكات پەنا بۆ خۆكوشتن ببەن».
جەبار عەبادی:
زۆربەی چاوەكان لەسەر بەسرەن، كە دەوترێت رێژەی تاوان تیایدا بەرزە، ئەوەش هەندێك زێدەڕۆیی تێدایە
پەنابردنە بەر توندوتیژی
ئەو خانمە پەرلەمانتارەی پێشووی عیراق، باسیش لە كێشەی بێكاریی و بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دەكات لەو پارێزگایانە و پێیوایە: بێكاریی لەناو لاوان و بڵاوبوونەوەی دیاردەی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، لەو فاكتەرانەن كە بوونەتە مایەی زۆربوونی رێژەی خۆكوشتن و تاوان و پەنابردنە بەر توندوتیژی، ئەوە وێڕای یەكلاكردنەوەی كێشەكان لە رێگەی كوشتنەوە، لەبری پەنابردنە بەر دامەزراوە دادوەرییەکان، بەوپێیەی دەسەڵاتی یاسا و دەوڵەت لەو ناوچانەدا لاوازن و بەرپرسیارێتی ئەوانەش دەخاتە ئەستۆی دەسەڵاتی دادوەریی و پۆلیس كە بەرپرسیارن بەرامبەر بە دابینكردنی ئاسایش و ئارامی و دەستەبەرکردنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی.
رووداوی تاوانكاریی
هەر لەوبارەیەوە، جەبار عەبادی ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە (كوردستانی نوێ)ی راگەیاند: ئەو تاوانانەی كە لەسەر جۆرەكانی كۆكین، تاوانكاریین و ناچنە چوارچێوەی تیرۆری سیاسی یان رووداوەكانی ترەوە، ئەوانە تاوانن، لەبارەی بەرزبوونەوەی رێژەی ئەو تاوانانەشەوە، هۆكارەكەی بۆ رەوشێكی خێزانیی دیاریكراو، هەندێك جاریش بۆ خێڵەكین دەگەڕێنێتەوە کە ناوبەناو روودەدەن، رووداوەكەی ئەم دواییەش کە روویدا كێشەی كۆمەڵایەتی بوو كە چەند رۆژێك لەمەوبەر لە پارێزگای بەسرە روویدا و تێیدا باوكێك ئەندامانی خێزانەكەی خۆیی قەتڵوعام كرد، هۆكاریی رووداوەكەش وەك راگەیەندرا بۆ كەڵەكەبوونی قەرز و كێشە داراییەكان دەگەڕێتەوە.
رووداوەكان هاوشێوەن
بە بۆچوونی عەبادی: زۆرێك لەو رووداوانەی لە پارێزگاكانی باشوور روودەدەن، هاوشێوەی هەمان ئەو رووداوانەن كە لە پارێزگاكانی دیکەدا هەن و وتی: «بەڵام ئێستا چاوەكان لەسەر پارێزگانی باشوور و بەتایبەتیش لەسەر بەسرەن، كە دەوترێت رێژەی تاوان لە بەسرە بەرزە، هەندێك زێدەڕۆیی تێدایە».
جەبار عەبادی رەتیشیكردەوە هۆكاریی زۆربوونی رێژەی تاوان لە پارێزگاكانی باشوور بۆ لاوازیی دەسەڵاتی سەپاندنی یاسا بگەڕێتەوە و پێیوابوو دەسەڵاتی یاسا لە پارێزگاكانی باشووردا هەیە و چوونییەكە بۆ هەموان، بەڵام تاوانەکان لە هەموو پارێزگاكاندا روودەدەن و هەن، ئەو رووداوانە ئاسایین، هیچ یاخیبوون یان دەرچوونێک لەیاسا لەئارادا نییە.
تاوانەكان و ماددەی هۆشبەر
جەبار عەبادی، نایشارێتەوە كە «زۆربەی تاوانەكان بەهۆی بڵاوبوونەوەی دیاردەی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكانەوەیە، ئیتر ئەمە لە پارێزگای بەسرە بێت، یان لە پارێزگاكانی تر، بۆیە ئەركی لایەنە پەیوەندیدارەكان و دامەزراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و میدیایە، هۆشیاریی لەبارەی مەترسی ئەو ماددانەوە بڵاوبكەنەوە كە هەندێك لە لاوان بەكاریدەهێنن، ئەمەش بەرپرسیارێتی هەموانە، چونكە لە كۆتاییدا زیانەكەی بە هەمووان دەگات، ئەمەش خاڵێكی گرنگ و جەوهەرییە و دەبێت رەچاو بكرێت».