لە یادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا دا

11:26 - 2024-05-19
ڕاپۆرت
262 جار خوێندراوەتەوە
لەڕاستەوە: شازاد صائب و سەرکردەی کۆچکردوو نەوشیروان مستەفا

نەوشیروان مستەفا

باسكردن لە نەوشیروان مستەفا ئەمین لە بابەتێکی ئاوا كورت و پوختدا، تەنیا بۆ ئەوەیە یاد و یادەوەرییەكانی بەرزڕابگرین، دووپاتكردنەوەی وەفا و پێزانینە بۆ ئەو تەمەنە پڕ بەخششەی بە كورد و یەكێتی و شۆڕشی نوێی بەخشی، واتا تەنیا بەڵگەی ئەوەیە نە كاك نەوشیروان و نە هیچ تێكۆشەرێكی دیكە، ئەوانەی رۆژێك خزمەتی كورد و یەكێتییان كردووە، لە بیرناچنەوە و لە ئەلبوومی یەكێتیدا وێنەیەكی جوڵاوی رەنگاوڕەنگ و میدالی زێڕینی سەر سنیگی تێكۆشەرانن.
كاك نەوشیروان لە دایكبووی ساڵی 1944ی شاری سلێمانیە، دەرچووی بەشی زانستی سیاسییە لە زانكۆی بەغدا ساڵی 1967.
ساڵی 1960 پەیوەندیی كردووە بە یەكێتییەكانی قوتابیان و لاوانی كوردستان و پارتییەوە، وەك نووسەرێك لە بڵاوكراوەكانی ئەو سەردەمەدا دەركەوتووە و لە دوو لەتبوونی پارتیدا، پشتگیریی باڵی مەكتەبی سیاسی كردووە، ساڵی 1968 بووە بە خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری رزگاری.
پشتگیر و هاندەربووە لە دامەزراندنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستاندا ساڵی 1970.
ساڵی 1972 چۆتە نەمسا و دەستی بە خوێندنكرد لە زانكۆی ڤیەننا.
ساڵی 1975 هەر دوابەدوای شكستی شۆڕشی ئەیلول، لەگەڵ رەونشاد مام جەلال و هاوڕێیانیدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان دامەزراند.
لەو قۆناغە سەرەتاییەدا رۆڵێكی گرنگی دیبلۆماسیانەی بینی لە دروستكردنی پەیوەندی 
نێوان یەكێتی و لایەنە سیاسییە عیراقییەكان و هەروەها چالاكی میدیایی و راگەیاندن بۆ ناساندی رێبازی ی.ن.ك، هاوكاتیش بە چڕی كەوتەخۆ بۆ دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری و رۆژی 1/6/1976 یەكەم مەفرەزەی چەكداری بە فەرماندەیی ئیبراهیم عەزۆ لە سوریاوە رەوانەی باشوری كوردستان كرایەوە و جاڕی شۆڕشی نوێ درا، كاك نەوشیروان خۆشی لە مانگی 4ی 1977 گەیشتەوە كوردستان بۆ سەركردایەتیكردنی شۆڕش و بەشداریی یەكەم كۆبوونەوەی ناو وڵاتی كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتی كرد و هەر لەوكاتەشدا وەك نوێنەری كۆمەڵە لە سەرکردایەتی یەكێتیدا دیاریكرا، پاشتریش كرایە فەرماندەی هەرێمی 3ی شارباژێڕ.
دوای شەهیدبوونی كاك ئارام لە مانگی 1ی 1978دا، زیاتر رۆڵی ئەو دەركەوت لەناو كۆمەڵەدا و هەر لەو ساڵەدا سەرپەشتی یەكەم كۆبوونەوەی كادرەكانی  کرد و یەكەم سەركردایەتی هەڵبژێردراو بۆ كۆمەڵە دیاری كرا و رۆڵی سكرتێری كۆمەڵەی گرتە دەست، هاوكاتیش لە رووی نووسین و راگەیاندنی تایبەت بە شۆڕش و یەكێتی رۆڵی گرنگی گێڕا.
لە هەموو كۆنفرانسەكانی كۆمەڵەدا دەنگی پێویستی بەدەستهێناوە و وەك سكرتێر بەردەوام بووە لە راییكردنی كارەكان.
هەمان ساڵ و دوای كارەساتی هەكاری كە زۆرینەی هێزی پێشمەرگە و بەشێك لە سەركردە بنەڕەتییەكانی شۆڕش شەهیدکران، رۆڵی بنچینەیی بینی بۆ سەرلەنوێ رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و گۆڕانكاریكردن لە پێكهاتە و شێوازەكەیدا.
ساڵی 1983 لە گەلەكۆمەكێی لایەنەكانی بەرەی جود بۆسەر یەكێتی، سەركردایەتی هێزی پێشمەرگەی كرد و لە هێرشی پێچەوانەدا توانی مەترسییەكان لەسەر یەكێتی و شۆڕشی نوێ دوربخاتەوە.
ساڵی 1988 دوای ئەنفال سەركەوتووبوو لە درێژەدانی خەباتی هێزی پێشمەرگە بە شێوەی پارتیزانی.
دانانی نەخشەی راپەڕینی ساڵی 1991 و دەستپێكردنی راپەڕینەكە و سەركەوتنی  و پاشان بەشداریپێكردنی لایەنەكانی بەرەی كوردستانی، لە سەروەرییەكانی ی.ن.ك و نەوشیروان مستەفان.
بە درێژایی تەمەنی شۆڕشی نوێ تا ساڵی 2006 جێگریی سكرتێری گشتی ی.ن.ك بووە، دوای ئەوە دەستی لە یەكێتی كێشایەوە و ساڵی 2009 بزوتنەوەی گۆڕانی دروستكرد.
رۆژی 19/5/2017 بە نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.

لەڕاستەوە: سەرکردەی کۆچکردوو عادل موراد، شەهید شەوکەتی حاجی موشیر، عومەر شێخمووس

بابەتە پەیوەندیدارەکان