دۆسێی جیابوونەوە

پرۆفیسۆر د. واحیدە حەمە وەیس: جیابوونەوە، پەروەردەی منداڵ بە ئاڕاستەیەکی تردا دەبات

09:57 - 2024-05-20
دیدار
232 جار خوێندراوەتەوە

دیداری/ د.عومەر عەلی ئەحمەد

 * بۆ هاوسەرەکان پەنا بۆ جیابوونەوە دەبەن؟
- لە کۆمەڵناسیدا تیۆرێک بەناوى (An empty shell family) خێزانی توێکڵی بەتاڵ کە لە دوو هاوژین پێکدێت کە هیچ پەیوەندییەکی سۆزداری و سێکسییان لەگەڵ یەکتردا نەماوە، بەڵام لەگەڵ منداڵەکانیان لە یەک ماڵدا دەژین. ئەم پەیوەندییە لە رواڵەتدا ژیانى هاوسەرییە و لە ناوەڕۆکدا بەتاڵە و زۆرجار ئەمە سەردەکێشێ بۆ جیابوونەوە. هەروەها چەندین هۆکارى دیکە هەن کە وادەکات هاوژینەکان نەتوانن بەردەوامى بدەن بەو پەیوەندییەى لە نێوانیاندا هەیە و گرێبەستەکە هەڵدەوەشێننەوە.
* هۆکارەکانى ئەو رێژە زۆرەى جیابوونەوە چیین؟ 
- توێژینەوە زانستییەکان دەیگەڕێننەوە بۆ چەند هۆکارێک وەک: هاوسەرگیریی پێشوەختە، نابەرابەرى تەمەن، جیاوازى پێشینەى رۆشنبیریی، ئاستى خوێندەواریی، سەربەخۆیی دارایی ژن، ئاستى کۆمەڵایەتى و جیاوازى چینایەتى، جیاوازى بیروباوەڕى هاوسەرەکان، بەرزبوونەوەى پێگەى ژن، هەموارکردنەوەى ئەو یاسایانەنى پاڵپشتى لە ژن دەکەن، ناپاکی هاوسەرەکان و هێنانى ژنى دووەم و سۆشیال میدیا و هەژارى و خراپی گوزرەان.

 

جیابوونەوە کارگەریی دەروونى و دارایی و کۆمەڵایەتى و سۆزداریی هەیە لەسەر تاکەکان

 

* ئایا جیابوونەوە هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەى رێژەى تاوان؟
- جیابوونەوە کاریگەریی دەروونى و دارایی و کۆمەڵایەتى و سۆزداریی هەیە لەسەر تاکەکان و هەندێکجار هۆکارە بۆ ئەنجامدانى تاوان بە تایبەت منداڵ بەهۆی جیابوونەوەى دایک و باوک بێبەش دەبن لە پەروەردەیەکى تەندروست و پەرتەوازە دەبن بۆیە هەندێکجار تووشی لادان دەبن.
* ئایا تاوان هۆکارە بۆ جیابوونەوە؟
- بەحوکمى ئەوەى تێزێکى دکتۆرا و چەندین توێژینەوەم لەبوارى تاواندا نووسیووە، گەیشتووم بەو ئەنجامەى ئەو هاوسەرانەى تاوان دەکەن و سزا دەدرێن، خێزانەکانیان هەست بە سەرشۆڕى و شەرمەزارى دەکەن بەرانبەر بە خەڵک و کۆمەڵگە، بۆیە داواى جیابوونەوە دەکەن.
* ئەو رێگایانە چین کە پێویستە بگیرێنە بەر بۆ کەمکردنەوەى رێژەى جیابوونەوە؟
 پێویستە لەسەرەتاى هەڵبژاردنى هاوسەرگیریدا رەچاوى (تەمەن، ئاستى رۆشنبیریی، چینایەتى، بیروباوەڕ) بکرێت. هاوکات کردنەوەى خولی هۆشیاریی لەلایەن رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى وەزارەتى پەیوەندیدار. هەروەها کەمکردنەوەى زنجیرە دۆبلاژکراوە تورکییەکان و تەرخانکردنى پارە لەلایەن حکومەتەوە بۆ کردنەوەى یەکەى نیشتەجێبوون بۆ هاوسەرە تازەکان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان