״به‌داخه‌وه‌ بواری هونه‌ری تا بڵێی خراپه،‌ هیوادارم به‌ره‌و‌ باشتر هه‌نگاو بنێت״

رۆژ كەریم: زۆرینه‌ی به‌رهه‌مه‌كانم میلۆدیی خۆمن

11:12 - 2024-05-21
دیدار
261 جار خوێندراوەتەوە

رۆژ كه‌ریم ئه‌حمه‌د، ماوه‌ی 28 ساڵه‌ له‌ وڵاتی سوید دەژی، یه‌كه‌م گۆرانی له‌ ساڵی 1985 وتۆته‌وه‌، كاری میلۆدی بۆ زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندان كردووه‌.
رۆژ كه‌ریم به‌ دوالاپه‌ڕه‌ی وت: راسته‌ ماوه‌ی 28 ساڵه‌ كوردستانم جێهێشتووه‌، به‌ڵام زوو زوو به‌ سه‌ردان دێمه‌وه‌، به‌هۆی نه‌خۆشیه‌كه‌مه‌وه‌ ناتوانم كاری تر بكه‌م، هه‌ربۆیه‌ به‌ هونه‌ره‌وه‌ سه‌رقاڵم، یه‌كه‌م گۆرانیم له‌ ساڵی 1985 به‌ناوی (خه‌رامان) بوو، به‌ نزیكه‌ی نازانم چه‌ند به‌رهه‌مم هه‌یه‌، به‌ڵام زۆر زۆرم هه‌یه‌ و ئیشم بۆ زیاد له‌ سی هونه‌رمه‌ند كردووه‌، تیاندایه‌ پێنج گۆرانی و تیایاندایه‌ چوار گۆرانی شه‌ش گۆرانی كه‌ بۆ هه‌مان كه‌س كراوه‌، زۆرینه‌ی به‌رهه‌مه‌كانم میلۆدی خۆمن، له‌سه‌دا هه‌شتا بۆ نه‌وه‌ی مۆسیقاكانیشی زۆرینه‌ی هی خۆمن، هه‌ندێك گۆرانیشم له‌ هاوڕێكانم وه‌رگرتووه‌، وه‌ك نه‌ریمان بابان و سه‌فین و كاروان عوسمان وكاك كاوه‌ و چه‌ند كه‌سی تر.
رۆژ وتیشی: بڕیاره‌ كۆنسێرتێ‌ سازبكه‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌ش كاتی ده‌وێ‌ نه‌گه‌یشتوومه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی له‌گه‌ڵ كه‌سێكدا رێكبكه‌وم تا ئیشه‌كه‌ بكه‌م، به‌ نیسبه‌ت تۆماركردنی كاره‌ هونه‌رییه‌كانم هه‌مووی له‌ سوید كراوه‌، چونكه‌ خۆم لێره‌ كاری ستۆدیۆ ده‌كه‌م، ستۆدیۆكه‌م هه‌یه‌ ئیشه‌كان له‌وێ‌ ده‌كرێت، به‌ راستی لەوەو پێشیش له‌گه‌ڵ هاوڕێم بژار دیلان و میران میرانی له‌ ستۆدیۆكانی ئه‌وان كاره‌ هونه‌رییه‌كان كراون‌، ماوه‌ی 15 بۆ 16 ساڵێكه‌ ئیشه‌كان هه‌مووی له‌ ستۆدیۆكه‌ی خۆم له‌ سوید ده‌یكه‌م، نازانم به‌كامه‌ گۆرانی ناسراوم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گروپێك ئیشم ده‌كرد به‌ناوی گروپی (مۆسیقای كۆژك) له‌ بورهان موسته‌فا و توانا نزار و ته‌ها و زانا و سواره‌ محەمەد بووین چوار بۆ پێنج  كاسێتمان هه‌بوو، له‌ ساڵی 1986 تا ساڵی 1996 به‌رده‌وام بووین، به‌داخه‌وه‌  بواری هونه‌ری تا بڵێی خراپه‌ هیوادارم به‌ره‌و‌ باشتر هه‌نگاو بنێت، ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ند نه‌بوومایه‌ زۆر حه‌زم ده‌كرد كامێره‌مان یان ده‌رهێنه‌ر بوومایه‌.

دیانا ئه‌حمه‌د


بابەتە پەیوەندیدارەکان