یادەوەریی وەرزشی

دووەم یاریی یانەی سلێمانی لەگەڵ یانەی 1 ی حوزەیرانی کەرکوک بوو

11:30 - 2024-05-21
دووتوێ
197 جار خوێندراوەتەوە

خەسرەو گورون
108

لە ژمارەی پێشووی ئەم زنجیرە باسانەمدا، باسی یەكەم یاریی تیپی یانەی سلێمانیم كرد لە خولی پلە دووی یانەكانی عیراقدا بۆ وەرزی 1990-1991، بۆ ئەو وەرزەی خولی پلە دووی یانەكانی عیراق، سەرجەم یانە بەشدارەكان بەسەر چوار گروپ یان ناوچەدا دابەشكرابوون، لە هەر گروپێك یەكەم و دووەمی ریزبەندیی كۆتایی دەگەیشتنە قۆناغی دووەمی یارییەكانی خولەكە، ئێمە وەك یانەی سلێمانی لە گروپ یان ناوچەی باكووری عیراقدا بووین و تیپەكانی ئەم یانانە بەشداربوون (سلێمانی، 1 ی حوزەیران و سەورەی كەركوك، برایەتی هەولێر، موسڵ)، یەكەم یاریی ئێمە لەم گروپەدا، رۆژی 9/11/1990 لە یاریگای هەولێر بەرامبەر تیپی یانەی برایەتی بوو، ئێمە لەم یارییەدا براوە بووین و 1-0 لە برایەتیمان بردەوە.

 

لە یاریگای سلێمانی (مەلعەبەكە) دووەم یاریی خۆمان لەم خولەدا كردو یارییەكەشمان بەرامبەر تیپی یانەی 1ی حوزەیرانی شاری كەركوك بوو، راهێنەرانی ئێمە عومەر خەتاب و حەمە بچكۆل بوون، مامۆستا ئازاد وەهاب بەڕێوەبەری تیپەكە بوو

رۆژی 16/11/1990 لە یاریگای سلێمانی (مەلعەبەكە) دووەم یاریی خۆمان لەم خولەدا كرد و یارییەكەشمان بەرامبەر تیپی یانەی 1 ی حوزەیرانی شاری كەركوك بوو، راهێنەرانی ئێمە عومەر خەتاب و حەمە بچكۆل بوون، مامۆستا ئازاد وەهاب بەڕێوەبەری تیپەكە بوو، ئێمە درێسەكانمان سپی و ئەوانیش شین بوو، بە پێكهاتەی  4-4-2 یاریمان كرد و توانیشمان 2-0 یارییەكە ببەینەوە، لەگەڵ داوای لێبوردندا كە لە ژمارەی پێشووی ئەم باسانەمدا بە هەڵە نووسرابوو 0-2 ئەم یارییەمان دۆڕاندبوو، پێكهاتەی سەرەكی تیپەكەشمان بۆ ئەم یارییە بەمشێوەیە بوو:
*گۆڵپارێز: رەفیق عەلی-كاپتنی تیپ.
*بەرگری: فەرەیدون ساڵح-نێرە، هادی كەریم، ئالان قادر، داخل جەبار.
*ناوەند: محەمەد عەبدوڵڵا –حەمەی هەڵەبجە، ئاسۆ قەلە، كاژاو كەمال، ئومێدی شێخ حسێن.
*هێرشبەر: حەمەی كەریم و بەختیار رەشید.
هەردوو راهێنەریش ئەم گۆڕانكارییانەیان كرد:
* جەغفەر تۆفیق بۆ شوێنی حەمەی هەڵەبجە.
* یاسین بۆ شوێنی بەختیار.
ئەم یاریزانانەش یەدەك بوون:سابیری سەلامی مەلا سابیر، ئارام عەبدولكەریم-گۆڵچی، تەنیا حەسەن تەنیا، ئالان محەمەد.
هەردوو گۆڵی بردنەوەی ئێمە بەختیار رەشید لەدەقیقەی 14 و حەمەی هەڵەبجە لە دەقیقەی 26 - ی یارییەكەدا كردیان، بەوەش ئێمە دوو خاڵی تریشمان خستە سەر دوو خاڵی یاریی پێشوومان كە 1-0 لە برایەتیشمان بردبۆوە و بووین بە خاوەنی 4 خاڵ و لەگەڵ موسڵ یەكەمی گروپەكەمان بووین.
بۆ ئەم یارییە جەماوەرێكی یەكجار زۆر لە یاریگا ئامادەبوون، نەوزاد مستەفا و خەسرەو گورون لەبەر ئەوەی دوو كارتی زەردیان هەبوو نەیانتوانی بەشداریی بكەن، ئامانجی سەید برایم و كاوە سدیق-یش بەهۆی پێكانەوە ئەمانیش بەشدارییان نەكرد.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان