رەوەز ئیسماعیل
نادیە نەدیم لە دۆزەخی ئەفغانستانەوە گەیشتە ئەوروپا و دانیمارك و لەوێ بوو بە خانمە یاریزانێكی هەڵكەوتوو و پزیشكێكی دیاری ئەو وڵاتە.
كاتێك ساڵی 2000 چەكدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان باوكی نادیە نەدیم گوللە بارن دەكەن، لەبەر ئەوەی ئەفسەری سوپای پێشووی ئەفغانستان بوو، دایكی نادیە نەدیم لەوە تێدەگات ئیتر ناتوانێت لە ئەفغانستان ژیان بەسەر ببات، چونكە ژیانیان رۆژ لەدوای رۆژ سەختتر دەبوو، لێپرسراوێتی ئەم خێزانە شەش كەسییەش دەكەوێتە سەر شانی ئەو، ئەم دایكە خەمخۆرە ئیتر بیر لەوە دەكاتەوە دەروازەیەك بدۆزێتە تا خۆی و پێنج كچەكەی ژیانێكی ئارام و ئاسودە بەسەر بەرن، بۆیە دایكی نادیە نەدیم بڕیاری هەڵهاتن لەو وڵاتە دەدات و خۆی و منداڵەكانی گەیشتنە دانیمارك.
كاتێك ساڵی 2000 چەكدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان باوكی نادیە نەدیم گوللە بارن دەكەن، لەبەر ئەوەی ئەفسەری سوپای پێشووی ئەفغانستان بوو، دایكی نادیە نەدیم لەوە تێدەگات ئیتر ناتوانێت لە ئەفغانستان ژیان بەسەر ببات
نادیە نەدیم ساڵی 1988 لە هیراتی ئەفغانستان لەدایكبووە، باوكیشی كە ئەفسەرێكی سوپای ئەفغانستان بووە، زۆر ئارەزووی یاریی تۆپی پێی هەبووە، بۆیە نادیەش تۆپی پێ ئارەزووە سەرەكییەكەی بووە، كاتێك لەگەڵ خوشكەكانی و دایكی وڵاتەو وڵات دەربەدەر دەبن، دواجار لە دانیمارك دەگیرسێنەوە، لەوێ دەست دەكات بەخوێندن و یاریی تۆپی پێ، تا دواجار بڕوانامەی خوێندنی باڵا لە پزیشیكدا بەدەست دەهێنێت و لە یارییشدا دەگاتە ئاستە هەرەباشەكان.
لە بواریی یاریكردن و وەرزشدا رۆژ لەدوای رۆژ ئاستی زیاتر باشتر دەبێت، تادەگاتە ئەوەی یاریی بۆ یانەی مان سیتی و پاریس سانجێرمان بكات، بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەكەشی هەڵدەبژێردرێت، لەگەڵ هەڵبژاردەی دانیمارك نزیكەی 100 یاریی كردووە، لە ژیانی وەرزشیی خۆیشیدا زیاتر لە 200 گۆڵی كردووە.
ساڵی 2009 كاتێك تەمەنی دەبێت بە 21 ساڵ یەكەم یاریی بۆ هەڵبژاردەی دانیمارك دەكات، بەمەش بووە بە یەكەم خانمە یاریزانی تۆپی پێ كە دانیماركی نەبێت و لەدەرەوەی دانیماركەوە هاتبێت و رەگەزنامەی دانیماركی وەرگرتبێت، یاریی بۆ ئەو هەڵبژاردەیە بكات، ناو و ناوبانگی ئەم كچە یاریزانە زیاتر بڵاو دەبووە و زیاتر لە ناوەندی وەرزش و خزمەتی پزیشكی و مرۆیی دانیمارك و تەنانەت ئەوروپاشدا دەناسرا، تا ئەو رادەیەی كە ساڵی 2019 یۆنسكۆ نادیە نەدیمی بە باڵێۆزی خۆی لە بورای فێركردنی كچان و خانماندا ناساند، ساڵی 2022 -یش بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لەبواری پزیشكیدا بەدەستهێناوە و ئێستا لەو وڵاتە پزیشكێكی دیارەو خزمەتی بەردەوام دەكات و تەمەنی بووە بە 36 ساڵ.
نادیە نەدیم وەك خانمە یاریزانێكی هێرشبەر لە مۆندیالی تۆپی پێی خانماندا كە ساڵی 2023 لە ئوستورالیا كرا، لەگەڵ هەڵبژاردەی دانیمارك تا قۆناغی 16 هەڵبژاردە بەردەوام بوون، بەڵام لەم قۆناغەدا 0-2 بە ئوستورالیا دۆڕان و ماڵئاواییان كرد.
ئەو یانانەی یاریی بۆكردوون:
* 2006 -ئاسكۆف باكم-دانیمارك.
*2013 -فۆرچۆنا هۆریگ-دانیمارك.
*2016 -پۆرتلاند سۆرنس-ئەمریكا.
*2017 -مان سیتی-ئینگلتەرا.
*2019 -پاریس سانجێرمان-فەرەنسا.
*2021 -راسینگ لۆیفێڵ-ئەمریكا.
*2023 -فۆرتۆنا گورینگ-دانیمارك.