عیراق و پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان

ساڵانە پێنج ملیار دۆلار داهاتی دەبێت

09:34 - 2024-05-26
ئابووری
192 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆكی كۆمەڵەی بانكەكانی عیراق لە كاتی پێشكەش كردنی وتەكەیدا

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

وەدیع ئەلحەنزەڵ سەرۆكی كۆمەڵەی بانكەكانی عیراق رایگەیاند، پابەندە بە بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی سپیكردنەوەی پارە و ئاماژەی بەوەش كرد، پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان كات دەگێڕێتەوە و تێچوون كەم دەكاتەوە و هەزاران هەلی كاریش دەڕەخسێنێت. ئەم قسانەی سەرۆكی كۆمەڵەی بانكەكانی عیراق لە وتەیەكدا پێشكەشی كرد، لە كۆنگرەی ئابووری هاوبەشی (عەرەبی - توركی)دا، كە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو.

پڕۆژەكە زیاتر لە 100 هەزار هەلی كار دەڕەخسێنێت و لە ناوخۆی عیراقیشدا دەبێتە هۆی دامەزراندنی ژمارەیەك كارگەی گەورە

سەردەمی زێڕینی پەیوەندییەکان
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان عیراق و توركیا ئەلحەنزەڵ وتی: پەیوەندی ئابووری و بازرگانی نێوان عیراق و توركیا لە سەردەمی زێڕێنی خۆیدایە، بە تایبەتی كە ساڵی رابردوو قەبارەی بازرگانی نێوانیان گەیشتۆتە 20 ملیار دۆلار، لە رێگەی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدانەوە هاوكاری زیاتریش لە نێوانیاندا دەبێت و سەردانەكەی ئەم دواییەی رەجەب تەیب ئەردۆگان-یش بۆ عیراق رەنگدانەوەی باشی دەبێت لەسەر پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان.
ئاماژەی بەوەش كرد، پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان یەكێكە لەو پڕۆژانەی گۆڕانكاریی لە شێوازی گواستنەوەی شمەك و كاڵا لە نێوان خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپادا دروست دەكات، لەبەر ئەوەی كاتێكی زۆر دەگێڕێتەوە بۆ ئەو بارە بازرگانیانەی لە رێگەی كەشتیی بارهەڵگر و لە بەندەری فاوەوە دەگوازرێنەوە، بە شێوەیەك 15 رۆژ جیاوازیی دەبێت لەگەڵ گواستنەوەی ئەو كاڵایانە لە رێگای هاتوچۆوی وشكانییەوە، تێچوونیش كەم دەكاتەوە بەهۆی هەرزانی گواستنەوەكەیەوە، چونكە تا رێگاكە دوورتر بێت كرێی گواستنەوەی زیاتری دەچێتە سەر، سەرەڕای ئەو تایبەتمەندییەش پڕۆژەكە زیاتر لە 100 هەزار هەلی كار دەڕەخسێنێت و لە ناوخۆی عیراقیشدا دەبێتە هۆی دامەزراندنی ژمارەیەك كارگەی گەورە.
هەر لە وتەكەیدا سەرۆكی كۆمەڵەی بانكەكانی عیراق رایگەیاند، پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان كۆمەڵێك وڵات پێكەوە دەبەستێتەوە وەك: چین، هیندستان، ئیمارات، عیراق، توركیا و بەریتانیا، ئەویش لە رێگەی هێڵی ئاستن و رێگەی وشكانییەوە، لەبەر ئەوە ئەم پڕۆژەیە تا ئێستا پێشەنگە لەسەر ئاستی ناوچەكە و بە تەواوبوونیشی لە ساڵێكدا 15 ملیۆن كەس و 22 ملیۆن تۆن كاڵا دەگوازێتەوە.

17 ملیاری تێدەچێت
سەبارەت بە تێچوونی پڕۆژەكە و داهاتەكەی سەرۆكی كۆمەڵەی بانكەكانی عیراق وتی: پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان بڕی 17 ملیار دۆلاری تێدەچێت، بەڵام دوای تەواوبوونی ساڵانە بڕی پێنج ملیار دۆلار بۆ عیراق داهاتی دەبێت.
سەبارەت بە سیاسەتی بانكیی عیراق و ئەو رێوشوێنانەی بانكی ناوەندیی عیراق گرتوونیەبەر سەرۆكی كۆمەڵەی بانكەكانی عیراق رایگەیاند، ئەو سیاسەتەی بانكیی ناوەندیی عیراق لەم قۆناغەدا گرتوویەتەبەر سەركەوتنێكی باشی بەدەست هێناوە، بە جۆرێك رێژەی هەڵاوسانی لە %7.5وە كەم كردۆتەە بۆ %3.8، هاوكات بڕی یەدەكی دراوی قورسی عیراقی گەیاندۆتە 111 ملیار دۆلار و زێڕی یەدەكیش گەیشتۆتە 145.6 هەزار تۆن، ئەمەش وایكردووە عیراق پلەی پێنجەمی هەبێت لە نێوان وڵاتە عەرەبییەكاندا.
ئەو بەرپرسە داراییەی عیراق لە كۆتایی وتەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە عیراق پابەندە بە بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی سپیكردنەوەی پارە و رێگرتن دەستڕاگەیشتنی تیرۆریستان بە سەرچاوەكانی داهات، ئەمەشی بە پراكتیك جێبەجێ كردووە و بە هۆی ئەوەشەوە عیراق لە ریزبەندی وڵاتە پابەندەكاندایە لەسەر ئاستی جیهان.
سەرچاوە: ئاژانی هەواڵی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان