گەورەترین وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا کێشەی ئابوورییان هەیە

10:01 - 2024-05-28
ئابووری
147 جار خوێندراوەتەوە
#کارگەیەکی پیشەسازی لە ئەڵمانیا

ئاری مەحمود قەرەداغی - سویسرا

ئەوروپا ئەو کیشوەرەیە کە زۆرترین گرنگی بە هاوسەنگیی نێوان میکانیزمی ئابووری و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەدات

لە 6 تا  9ی حوزەیران هاووڵاتییانی یەکێتیی ئەوروپا پەرلەمانی ئەوروپا هەڵدەبژێرنەوە. لە ئێستاوە لە چەند وڵاتێکدا کەشی سیاسی بە شێوەیەکی بەرچاو گەرم بووە. لە هەمان کاتدا وڵاتانی گەورەی ئەو یەكێتییە لەگەڵ کێشە ئابوورییەکان دەجەنگن.
هاینەر میکۆش لە سەنتەری توێژینەوەی ئابووری (KOF لە ETH Zurich) دەڵێت: «ئێمە ئێستا لە هەموو ئابوورییە گەورەکانی ئەوروپادا لە داکشانێکی ئابووریداین.» 
ئەو سەنتەرە شیکاریی بۆ سێ گەورەترین ئابووری یەکێتی ئەوروپا کردووە، کە بریتین لە: ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئیتاڵیا، شیکارییەکەش بەم شێوەیەیە.
ئیتاڵیا و پیربوونی کۆمەڵگە 
بە پێی شیکارییەکە ئیتاڵیا بە شێوەیەکی لاواز گەشە دەکات و قەرزێکی نیشتمانی زۆریشی لەسەرە، لەگەڵ زیادبوونی بارگرانیی سوود، کەمتر و کەمتر گونجاو دەبێت و نەرمیی دەوڵەت لە پلاندانانی بودجەدا سنووردارتر دەکات.
کێشەیەکی دیکەی گەورەی ئیتالیا ئەوەیە، کۆمەڵگەی ئیتاڵیا بەردەوام  پیر دەبێت، لە ئەوروپادا تەنیا ئیتالیا ئەو کێشەیەی نییە، بەڵام لە ئیتالیا زەقترە، بۆ نموونە ئەڵمانیاش کەمبوونەوەی تواناکانی هەیە، لەبەر ئەوەی کرێکارانی لێهاتوو کۆچ دەکەن، بۆ ئیتالیاش ئاستەنگێکی گەورەیە، کرێکاری لێهاتوو بۆ پیشەسازیەکەی دابین بکات.
فەرەنسا و قەرز
فەرەنسا ئاستێکی بەرزی قەرزی نیشتمانیی کەڵەکەبووی هەیە، ئەویش پەیوەستە بە هەڵاوسانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر رێژەی سوود بە بەرزی بمێنێتەوە، ئەوا قەرزی نیشتمانی دەبێتە کێشەیەکی راستەقینە بۆ فەرەنسا و بۆ یەکێتی ئەوروپاش. رەنگە فەڕەنسا بتوانێ گوشار بخاتە سەر بانکی ناوەندیی ئەوروپا بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوود، بەڵام وڵاتانی وەک هۆڵەندا و ئەڵمانیا بە توندی دژی ئەوەن. ئاماژەکانیش بەو ئاراستەیەن کە رەنگە ئەوە ببێتە هۆی ناکۆکییەکی سیاسی گەورە، لەگەڵ سەرهەڵدانی پارتە پۆپۆلیستییە راستڕەوەکانیشدا دۆخەکە زۆر مەترسیدار دەبێت.
ئەڵمانیا لە رابردوودا زۆر پشتی بە وزەی روسیا بەستبوو، لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی روسیا و ئۆکرانیادا زۆر باش لە مەترسییەکان تێگەیشت و ئەوەش بارگرانییەکی زۆری خستە سەر پیشەسازیی ئەڵمانیا.
ئەوروپا و هاوسەنگی
ئەڵمانیا لە رووی سیاسەتی ئابوورییەوە پێدەچێت ئامانجی خۆی نەپێکابێت، چاکسازییەکانی ساڵانی دوو هەزار تا رادەیەک لاواز بوون، شارەزایانی ئابووری وای بۆ دەچن ئەمە رەنگە لە روانگەی کۆمەڵایەتی-سیاسییەوە ئەرێنی بێت، بەڵام گەشەسەندنی گریمانەکراو سنووردار دەکات.
یەکێتیی ئەوروپا خاوەنی ئابوورییەکی گەورەیە و لەسەر ئاستی جیهان رکابەری ئەمریکا و چینە، هەروەها ئەوروپا ئەو کیشوەرەیە کە زۆرترین گرنگی بە هاوسەنگی نێوان میکانیزمی ئابووری و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەدات. 

سەرچاوە: https://www.srf.ch

بابەتە پەیوەندیدارەکان