یادەوەریی وەرزشی

دووەم یاریی یانەی سلێمانی لەگەڵ یانەی 1 ی حوزەیرانی کەرکوک

11:19 - 2024-05-28
دووتوێ
323 جار خوێندراوەتەوە
یانەی وەرزشی سلێمانی

خەسرەو گورون


لە ژمارەی پێشووی ئەم زنجیرە باسانەمدا باسی یەكەم یاریی تیپی یانەی سلێمانیم كرد لە خولی پلە دووی یانەكانی عیراقدا بۆ وەرزی 1990-1991، بۆ ئەو وەرزەی خولی پلە دووی یانەكانی عیراق، سەرجەم یانە بەشدارەكان بەسەر چوار گروپ یان ناوچەدا دابەشكرابوون، لە هەر گروپێك یەكەم و دووەمی ریزبەندیی كۆتایی دەگەیشتنە قۆناغی دووەمی یارییەكانی خولەكە، ئێمە وەك یانەی سلێمانی لە گروپی یان ناوچەی باكووری عیراقدا بووین و تیپەكانی ئەم یانانە بەشداربوون (سلێمانی، 1 ی حوزەیران و سەورەی كەركوك، برایەتی هەولێر، موسڵ)، یەكەم یاریی ئێمە لەم گروپەدا رۆژی 9/11/1990 لە یاریگای هەولێر بەرامبەر تیپی یانەی برایەتی بوو، ئێمە لەم یارییەدا براوەبووین و 1-0 لە برایەتیمان بردەوە.

لە یاریگای سلێمانی (مەلعەبەكە) دووەم یاریی خۆمان لەم خولەدا كردو یارییەكەشمان بەرامبەر تیپی یانەی 1ی حوزەیرانی شاری كەركوك بوو، راهێنەرانی ئێمە عومەر خەتاب و حەمە بچكۆل بوون، مامۆستا ئازاد وەهاب بەڕێوەبەری تیپەكە بوو

رۆژی 16/11/1990 لە یاریگای سلێمانی (مەلعەبەكە) دووەم یاریی خۆمان لەم خولەدا كردو یارییەكەشمان بەرامبەر تیپی یانەی 1 ی حوزەیرانی شاری كەركوك بوو، راهێنەرانی ئێمە عومەر خەتاب و حەمە بچكۆل بوون، مامۆستا ئازاد وەهاب بەڕێوەبرەی تیپەكە بوو، ئێمە درێسەكانمان سپی و ئەوانیش شین بوو، بە پێكهاتەی 4-4-2 یاریمان كرد و توانیشمان 2-0 یارییەكە ببەینەوە، لەگەڵ داوی لێبوردندا كە لە ژمارەی پێشووی ئەم باسانەمدا بە هەڵە نووسرابوو 0-2 ئەم یارییەمان دۆڕاندبوو، پێكهاتەی سەرەكی تیپەكەشمان بۆ ئەم یارییە بەمشێوەیە بوو:
*گۆڵپارێز: رەفیق عەلی-كاپتنی تیپ.
*بەرگری: فەرەیدون ساڵح-نێرە، هادی كەریم، ئالان قادر، داخل جەبار.
*ناوەند: محەمەد عەبدوڵڵا –حەمەی هەڵەبجە، ئاسۆ قەلە، كاژاو كەمال، ئومێدی شێخ حسێن.
*هێرشبەر: حەمەی كەریم و بەختیار رەشید.
هەردوو راهێنەریش ئەم گۆڕانكارییانەیان كرد:
* جەغفەر تۆفیق بۆ شوێنی حەمەی هەڵەبجە.
* یاسین بۆ شوێنی بەختیار.
ئەم یاریزانانەش یەدەك بوون:سابیری سەلامی مەلا سابیر، ئارام عەبدولكەریم-گۆڵچی، تەنیا حەسەن تەنیا، ئالان محەمەد.
هەردوو گۆڵی بردنەوەی ئێمە بەختایر رەشید لەدەقیقەی 14 و حەمەی هەڵەبجە لە دەقیقەی 26 - ی یارییەكەدا كردیان، بەوەش ئێمە دوو خاڵی تریشمان خستە سەر دوو خاڵی یاریی پێشوومان كە 1-0 لە برایەتیشمان بردبۆوە و بووین بە خاوەنی 4 خاڵ و لەگەڵ موسڵ یەكەمی گروپەكەمان بووین.
بۆ ئەم یارییە جەماوەرێكی یەكجار زۆر لە یاریگا ئامادەبوون، نەوزاد مستەفا و خەسرەو گورون لەبەر ئەوەی دووەكارتی زەردیان هەبوو نەیانتوانی بەشداریی بكەن، ئامانجی سەید برایم و كاوە سدیقیش بەهۆی پێكانەوە ئەمانیش بەشدارییان نەكرد.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان