سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی زیان و سوودەكانی زیرەكیی دەستكرد ئاشكرا دەكات

10:03 - 2024-05-30
ئابووری
213 جار خوێندراوەتەوە
#زیرەكیی دەستكرد دەتوانێ بڕ و كوالێتی بەرهەم بەرز بكاتەوە

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

لە چەند رۆژی رابردوودا سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی هەڵسەنگاندنێكی بۆ لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی زیرەكیی دەستكرد و تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە زیرەكیی دەستكرد لەوانەیە ببێتە هۆی زیاد كردنی بەرهەم و گەشەی ئابووری، بەڵام لە هەمان كاتدا دەبێتە هەڕەشە بۆ نەمانی چەندین ملیۆن هەلی كار و فراوانبوونی جیاوازی لە نێوان وڵاتاندا.
جیۆڤانی مێلینا جێگری سەرۆكی بەشی توێژینەوە لە سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی، لە تویتەرەكەی خۆیدا ئەو پرسیارەی وروژاند كە دەڵێ: ئایا زیرەكیی دەستكرد پیشەكەت لێ زەوت دەكات؟ پاشان دەنووسێت: شۆڕشی تەكنۆلۆجیا دەتوانی بڕی بەرهەم و داهات و گەشەی ئابووریش زیاد بكات، بەڵام دەتوانێ زیان بە بازاڕی كار بگەیەنێت و ئاستی جیاوازی چینایەتیش بكات.
جێگرتنەوەی پیشە
مێلینا دەڵێ: بە گوێرەی توێژینەوەكانی سندوقی نەختینە %40ی كۆی گشتی كار و پیشە دەكەوێتە ژێر كاریگەریی زیرەكیی دەستكردەوە، لە وڵاتە پێشكەوتووەكانیش ئەو رێژەی بەرزتر دەبێتەوە و دەگاتە %60، چونكە لەگەڵ هاتنەئارای زیرەكیی دەستكرددا لە هەندێك پیشەدا جێگەی مرۆڤ دەگرێتەوە، بۆ نموونە رۆبۆتێك خاوەنی زیرەكیی دەستكرد بێت، زۆر بە ئاسانی دەتوانێ جێگەی كارمەندێكی پرسگە بگرێتەوە و هەر پرسیارێكی لێبكەیت وەڵام دەداتەوە.
مێلینا لە بارەی لایەنە رووناك و ئەرێنییەكەی زیرەكیی دەستكردەوە دەڵێ: زیرەكیی دەستكرد دەتوانێ هاوكارێكی زۆر باش بێت لە پێشخستنی لێهاتووی كار و بەرزكردنەوەی كوالێتی بەرهەمدا، بۆ نموونە یارمەتی پزیشكان دەدات لە گرتنی وێنە تیشكییەكان بە كوالێتییەكی زۆر بەرز ئەوەش وا دەكات پزیشكان باشتر جۆری نەخۆشییەكان دەستنیشان بكەن، زیرەكیی دەستكرد دەرگاش بە رووی دەرفەتی نوێدا دەكاتەوە، چونكە لەوانەیە زۆر پیشەی نوێ و تەنانەت پیشەسازیی نوێش بێنێتە ئاراوە.

 

 

ئەو كارمەندانەی دەتوانن سوود لە زیرەكیی دەستکرد وەربگرن داهات و مووچەیان زیاتر دەبێت و ئەوانی دیكەش وردە وردە لە ژیان جێدەمێنن

 

 

وڵاتە هەژارەكان
ئەو بەرپرسەی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كاریگەریی زیرەكیی دەستكرد لەسەر هەندێك وڵات كەمتر دەبێت، بە تایبەتی وڵاتانی تازە پێگەیشتوو، یان ئەو وڵاتانەی تازە بەرەو پێشكەوتن هەنگاو دەنێن و بە گشتی ئەو جۆرە پیشانەیان كەمە كە پێویستی بە لێهاتووی زۆر هەبێت، جگە لەوەش زۆربەی ئەو وڵاتانە پاشخان و ژێرخانێكی ئەوتۆیان نییە تا بتوانن سوود لە زیرەكیی دەستكرد وەربگرن، هەر ئەمەش وا دەكات ئەو وڵاتانە یان وڵاتە هەژارەكان بە گشتی لە سوودەكانی زیرەكیی دەستكرد بێبەش بن و ئەوەش وا دەكات جیاوازییان لەگەڵ وڵاتانی پێشكەوتوودا زیاتر و فراوانتر بێت.
بە وتەی مێلینا زیرەكیی دەستكرد بۆی هەیە جیاوازی چینایەتی لە ناو وڵاتێكی دیاریكراویشدا تۆختر بكاتەوە، چونكە ئەو كارمەندانەی دەتوانن سوود لە زیرەكیی دەستکرد وەربگرن داهات و مووچەیان زیاتر دەبێت و ئەوانی دیكەش وردە وردە لە ژیان جێدەمێنن.
سەرچاوە: CNN

بابەتە پەیوەندیدارەکان