تەختی سولەیمان، ناوەندی دەسەڵاتداری و ئایینی زەردەشتییەكان

10:57 - 2024-05-30
کەلتور
456 جار خوێندراوەتەوە

تەختی سولەیمان، یەكێكە لە شوێنەوارە كۆنەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و پارێزگای ورمێ-یە. تەختی سولەیمان لە شاری تیكابە لە پارێزگای ورمێ و مێژووەكەی بۆ 3000 ساڵ لەمەو پێش دەگەڕێتەوە و لە لیستی ئاسەوارە جیهانییەكانی یونسكۆدا تۆمار كراوە.
ئەم شوێنەوارە كۆنە مێژووییە كەوتۆتە 45 كیلۆمەتری شاری تیكابەوەو نزیكە لە گوندی نوسرەت ئاوا.
تەختی سولەیمان وەك شوێنی لە دایكبوونی زەردەشتی پێغەمبەر ناوی لێ دەبرێت و 5 قۆناغی مێژوو و شارستانییەتی مرۆیی گرتۆتە خۆی. ئەم كۆمەڵە شوێنەوارە تایبەت و دەگمەنە مێژوویەكی 3000 ساڵەی هەیە و یەكێكە لە شوێنەوارە كۆن و سەرنجڕاكێشەكانی پارێزگای ورمێ و شاری تیكاب. وەك دەوترێت تەختی سولەیمان، گەورەترین ناوەندی فێركاری و پەروەدەی ئایینی و سرووتە ئایینییەكانی پێش ئیسلام بووە و وەك گەورەترین بنكەی ئایینی زەردەشت ناوی لێبراوە. میراتی جیهانی تەختی سلێمان چەند بەشی جیاوازی هەیە وەك « ئاگردانی ئازەرگەشنەسب»، ئەیوانی خەسرەو، پەرەستگەی ئاناهیتا، ئاگردانە بچووكەكان و ..هتد. 
تەختی سولەیمان شاری بچووك
تەختی سولەیمان لە نووسراوە پالەوی (پەهلەوی)ەكاندا وەك « شاری بچووك» ناوی هاتووە، كەوتۆتە دۆڵێكەوە كە شینایی و سەوزەڵانی دایپۆشیوەو بە پێی هەندێ لە دەقە كۆنەكان، شوێنی لە دایكبوونی زەردەشتە.
شاری كۆن و مێژوویی تەختی سولەیمان شوێنی مانەوە و نیشتەجێ بوونی، ماددەكان، هەخامەنشییەكان، ئەشكانی و ساسانی و مەغوولەكان بووە و لە هەموو ئەم ساڵانەدا و بە درێژایی ماوەی دەسەڵاتدارێتی ئەم پاشایەتییانە، شوێنی بازرگانی و پەرەستگا بووە و برەوی زۆری هەبووە.
 تەختی سولەیمان مێژوویەكی 3 هەزار ساڵەی هەیە و ئاگری پەرەستگەكان بۆ ماوەی 7 سەدە هێمای دەسەڵاتدارێتی و گەورەیی ساسانییەكان و ئایینی زەردەشت بووە. لە راستییدا ئەم ناوچەیە گەورەترین ناوەندی فێركاری ئایینی و پەروەدە كردنی مووبەدە (پیاوانی ئایینی ) زەردەشتییەكان بووە لە سەردەمی ساسانییەكاندا. 
كۆمەڵە شوێنەواری تەختی سولەیمان 7ی كانوونی یەكەمی 1937 خرایە لیستی شوێنەوارە نەتەوەییەكانی ئێرانەوەو ساڵی 2003، لە لیستی شوێنەوارە جیهانییەكاندا تۆمار كرا.

 

 

تەختی سولەیمان، یەكێكە لە شوێنەوارە كۆنەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان كە مێژووەكەی بۆ 3000 ساڵ لەمەو پێش دەگەڕێتەوە و لە لیستی شوێنەوارە جیهانییەكانی یونسكۆدا تۆمار كراوە

 

 بەهرامی گۆڕ تەختی سولەیمانی دروستكردووە
دەوترێت لە سەردەمی « بەهرامی گۆڕ»دا فەرمانی دروستكردنی تەختی سولەیمان دراوە. بەهرامی گۆڕ یەكێك بووە لە پاشاكانی ساسانی. دواتر پاشاكانیتری ساسانی پەرەیان پێداوە و گەورەیان كردۆتەوە و كردوویانە بە ناوەندێكی گەورەیی ئایینی، سەربازی، بازرگانی. 
ساڵی 624ی زایینی، دوای هێرشێ ئێمپراتۆریای رۆم بۆ سەر ئێران لە لایەن ئێمپراتۆریای رۆمەوە وێران كرا. دوای رووخانی ساسانییەكان و هێرشی عەرەبەكان بۆ سەر ئێران، تەختی سولەیمان وەك ناوەندێكی ئایینی، سەربازی، بازرگانی، بڕەوی نەما و هیچكات وەك خۆی پێ نەهاتەوە. خەڵك بۆ ئەوەی لە دەست سوپای عەرەبەكان بیپارێزن كۆمەڵێك ئەفسانەیان دایە پاڵی وەك « زیندانی دێو» كە گۆیا زیندانی دێوەكانی حەزرەتی سولەیمان بووە.
دوای ئەوەی ئیسلام هاتە ناوچەكە، «موبدی مووبدەكان» ( گەورەترین پیاوی ئایینی زەردەشتییەكان) لەگەڵ سەرداری سوپای ئیسلام لە ناوچەكە رێككەوتن بەوەی لە بەرامبەر پێدانی باج و سەرانە، ئاگردانەكە بهێڵڕێتەوەو نەڕووخێندرێت. هەربۆیە ئەم ئاگردانە تا 400 ساڵ دوای هاتنی ئیسلام هەر دەگەشایەوە. لە سەردەمی سەلجووقییەكاندا، ژمارەیەكی زۆری زەردەشتیەكان بە ناچار ئێرانیان جێهێشت و ئاگری پیرۆزی بەهرامیان لەگەڵ خۆیان بردە هیندستان. 
دوای هاتنەسەركاری ئیلخانە مەغوولەكان، ئەم ناوچەیە وەك هاوینە هەواری پاشاكان هەڵبژێردرا و كۆمەڵێك بینا كە تەمەنیان بۆ 700 ساڵ لەمەو پێش دەگەڕێتەوە بەڵگەن لەسەر ئەوەی مەغوولەكان ئەو ناوچەیان وەك هاوینەهەوار هەڵبژاردووە. لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی «ئاقاخان» یەكێك لە پاشاكانی مەغوول لە سەدەی 7 ی كۆچی – هەتاوی، ژمارەیەك بینا وەك هۆڵی ئەنجومەن، بینای 8 گۆشە و 12 گۆشە و كۆشكی رۆژهەڵات، لە تەختی سولەیمان دروستكرا و خرایە سەر ئەو كۆمەڵە بینا مێژووییەی كە هەبوون.
دوای رووخانی حكوومەتی ئیلخانی، تەختی سولەیمان بوو بە گوند و بازاڕێكی وەرزی و لە سەردەمی سەفەوییەكاندا بوو بە هەوارگەی بەهار و هاوینی خێڵە كۆچەرییەكان. سەرنجام 250 ساڵ لەوە پێش تەختی سولەیمان بۆ هەمیشە ژیانی لێ سەندرایەوەو چۆڵ كراو و كۆمەڵێك حیكایەت و ئەفسانەی لە سەر دروست كرا و بە پێی حیكایەت و ئەفسانەكان ئەم شوێنە گرێدرایەوە بۆ سولەیمانی پێغەمبەرەوە، هەربۆیە تا رادەیەكی باش پارێزگاری لێكرا و مایەوە.
زیندانی دێو 
یەكێك لەو ئەفسانانەی كە دروستكراوە زیندانی دێوە. زیندانی دێو، كێویكە كە ناوەكەی هەڵكۆڵدراوەو بە زیندانی دێو یان زیندانی سولەیمان ناسراوە. بە پێی ئەفسانەكان هەر دێوێك نافەرمانی سولەیمانی پێغەمبەری كردبێت لەم زیندانەدا ، زیندانی كراوە. بە پێی ئەفسانەكان یەكێك لەو دێوانەی لەم زیندانەدا زیندانی كراوە، ئەو دێوە بووە كە ئەنگوستیلەی سولەیمانی پێغەمبەری دزیوە.
ئەم كێوە لە سەردەمی ماناییەكان و 830 بۆ 660ی پێش زایین، پەرەستگە بووە. 
شوێنەواری مێژوویی تەختی سولەیمان ساڵی 1819 لە لایەن « سێر رۆبێرت كۆپەرتێر»ەوە دۆزرایەوە و « سێر هێنری راڤلینسۆن» زانیاری وردی دەربارەی ئەم شوێنە خستەڕوو.
فۆتۆگرافەرێكی ئەمریكی بە ناوی « شمیت» ساڵی 1937 چەند وێنەیەكی لە تەختی سولەیمان گرت و لای وابوو ئەمە بنكەی سەربازییە، دواتر زانی كە ئەمە ناوچەیەكی مێژووییە و زانی چ شوێنەوارێك بەنرخە. دواتر كۆمەڵێك ئاسەوارناسی دیاری وەك « فۆن دراستۆن»، « كلایس»  لە ساڵی 1958 ەوە بۆ 1979 خەریكی گەڕان و كنەكردن بوون لە تەختی سولەیمان و لە نهێنییەكانی تێگەیشتن و زانیان ئەمە چ میراتێكی گەورەی جیهانییە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان