سەرۆك مام جەلال و ئەدەب و هونەر

باڵیۆز د.محەمەد سابیر: مام جەلال سەرسام بوو بە جەواهیری

10:06 - 2024-06-01
دیدار
339 جار خوێندراوەتەوە
سەردانێکی خێزانیی مام جەلال بۆ لای جەواهیری لە شام

 دیداری / ئیدریس جەبار 

د. محەمەد سابیر

سەرۆك مام جەلال، جگە لەوەی كاراكتەرێكی سیاسی كەم وێنە بوو لە كوردستان و عیراق و ناوچەكە، حەزێكی زۆری بۆ ئەدەب و هونەری رەسەن هەبوو، شارەزاییەكی زۆریشی لە زمان و مێژوویی عەرەبی و ئیسلامیدا هەبوو، وێڕای شارەزایی لە بیری ماركسیزم و دیموكراتی و ئاراستە سیاسییە جیاجیانی سەردەم، لەو بارەیەوە باڵیۆز د.محەمەد سابیر سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و كەسایەتییەکی نزیک لێیەوە، لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ (كوردستانی نوێ‌)، چەند زانیارییەكی ورد لەو رووەوە باس دەكات و دەڵێت: سەرسام بوو بە  محەمەد مەهدی جەواهیری و شیعرەكانی، خۆی بە موریدی ئەو شاعیرە دادەنا». 

سەرۆک مام جەلال لە رووی زمانەوانیشەوە هێندە شارەزای زمانی عەرەبی بوو، لە هەندێك بۆنەدا هەڵەی سەركردەی وڵاتە  عەرەبییەكانی دیکەی راستدەكردەوە

مام جەلال و شیعری جەواهیری  
د. محەمەد سابیر بە (كوردستانی نوێ‌)ی راگەیاند: سەرۆك مام جەلال، جگە لەوەی وەك نوسەرێك و رۆژنامەنووسێك و سیاسەتمەدارێك و وەكو بیرمەندێك، گرنگییەكی زۆری بە ئەدەب و شیعر دەدا، بە تایبەت زۆر سەرسام بوو بە (محەمەد مەهدی جەواهیری) شاعیری گەورەی عەرەب، جەواهیری لە تەمەنی نزیكەی 15 ساڵیدا كاتێك لە ساڵی 1948 بۆ كۆنگرەیەك بانگهێشت كرابوون، سەرۆك مام جەلالیش وەكو نوێنەری قوتابیانی كوردستان لەچوارچێوەی ئەو وەفدەدا بوون كە بۆ بەشداریی لە كۆنگرەكەدا رۆیشتبوون، لەوێ‌ كە جەواهیری بینی و گوێی لە شیعرەكانی گرتبوو، لەوێوە بووبوو بە موریدی، ئەمەش لە نامەیەكدا هەیە كە لەو دەمەدا مام جەلال بۆ جەواهیری نوسیووە و تێیدا خۆشەویستی خۆی بۆ دەربڕیوە و لە كۆتایی نامەكەشدا بۆی نوسیبوو (موریدی تۆ جەلال تاڵەبانی)، هەر ئەمەش بووە كە هەموو شیعرەكانی جواهیری لەبەر بووە، هەرچەندە ئەو شیعرانە لەڕووی زمانەوانییەوە زۆر قورسن و تەنانەت بۆ عەرەبەكانیش قورسن و كەمیان هەیە بە باشی لێیتێبكەن، بەڵام مام جەلال هەموو شیعرەكانی ئەوی لەبەر بوو كەم شیعر هەبوو شیعری جەواهیری نییە مام جەلال لەبەری نەبووبێت و لە بۆنەكاندا نەیوتایەتەوە. هەروەها وتی: سەرۆك مام جەلال هەموو جارێك كە نامەی بۆ دەنوسی دەیوت لە موریدی خۆتەوە». 
«سەرۆك مام جەلال جەواهیری لە لوتكەدا دەبینی،  تەنانەت ئەو كاتانەش كە نەخۆش بوو، بە داخەوە كە لە ئەڵمانیا بووین، كاك نزار كە لەو دەمەدا سكرتێری و بەرپرسی نوسینگەكەی بوو، هەندێك شیعری جەواهیری بۆ دەخوێندەوە تا دڵی پێی خۆش بێت، بەڵام كە هەڵەی تێیدا دەكرد، مام جەلال لەو رەوشە تەندروستییە خراپەشدا كە قسەی نەدەكرد، دەیویست بۆی راستبكاتەوە و پێی بڵێت بەو شێوەیە نییە و ئەوە هەڵەیە».  
  كڵاوەكەی مام جەلال بۆ جەواهیری 
سەرۆك مام جەلال كڵاوێكی بەدیاریی پێشكەش بە جەواهیری كردبوو كە گوزارشتی (یان كوردستان یان نەمان)ی لەگەڵ نەخشەی كوردستانی گەورە لەسەر نەخشێنرابوو، لەو بارەیەوە باڵیۆز محەمەد سابیر وتی: «كاتی خۆی جەواهیری شیعرێكی بۆ مام جەلال نوسیبوو، مام جەلالیش لای خۆیەوە كڵاوێكی بە دیاریی بۆ نارد، جەواهیری لەبەر خۆشەویستی مام جەلال تا ئەو كاتەی كۆچی دوایی كرد، ئەو كڵاوەی هەر هەڵگرت و پاراستی، هەندێك نامەی سەرۆك مام جەلالم لەلایە كە بۆ جەواهیری نوسیوە و تێیاندا بەشێوەیەكی نایاب ستایشی جەواهیری و شیعرەكانی دەكات».    

مام جەلال و هونەری گۆرانی 
لەگەڵ ئەدەبی شیعری، سەرۆك مام جەلال حەزی لە گۆرانیش بوو، لەو بارەیەوە باڵیۆز محەمەد سابیر دەڵێت: «كاتی خۆی سەرۆك مام جەلال حەزی لە گوێگرتن بوو لە دەنگی ئەسمەهان و سەرسام بوو بە دەنگی ئەو ژنە گۆرانیبێژە، هەربۆیە شەوان درەنگ لە دوای  11 و 12وە گوێی لە گۆرانییەكانی دەگرت، بە تایبەتی ئەو گۆرانیانەی كە دڵخوازیی خۆی بوون». 
سەرۆك مام جەلال و شیعر و پەخشان
سەرۆك مام جەلال هاندەری نوسەران و ئەدیبان بوو، لەو رووەوە د. محەمەد سابیر دەڵێت: «سەرۆك مام جەلال بەو هۆیەوە ئەدەب دۆست بوو، حەزی لە شاكاری شیعر و پەخشان بوو، هەر ئەمەش بوو كە شێركۆ بێكەسی بە شاعیرێكی مەزن دادەنا لە دۆزی رەوای كورددا، هەر ئەمەش بوو كە وایكردبوو ئەو شاعیرەی دەهێنایە پێشەوە و رۆڵی پێدەبەخشی، بە هەمان شێوە حەزێكی زۆری بۆ شیعرەكانی حاجی قادری كۆیی و نالی و هەموو ئەوانە هەنوو و زۆربەیانی لەبەربوو، لەگەڵ ئەوەی لە هەموو بوارەكاندا شارەزا بوو، لە بواری ئەدەب و وێژەدا یەكێك بوو لەو كەسانەی گرنگییەكی زۆری بەو بوارانە دەدا، لە هەمان كاتدا ئەو كەسانەی هاندەدا كە نوسەر بوون و شاعیر و پەخشاننووس  و مێژوونووس و ئەدیب بوون و هەموو هاوكارییەكی دەكردن، تا بێنە پێشەوە، هەمیشە وەك كاراكتەرێك هەر ئەوە نەبوو لە بواری سیاسیدا دەركەوتووبێت و سەركردەیەك بێت، بەڵکو لە بوارەكانی تریشدا لە لوتكەدا بوو، لە هەمان كاتیشدا هەموو كەسێكی هاندەدا تا گەشە بكات و پەرە بە خۆی  بدات». 
شارەزا لە هەموو بزووتنەوە رزگاریخوازەكان 
باڵیوز محەمەد سابیر، بەدەر لە بواری ئەدەب و هونەر، ئاماژەی بە شارەزایی و بەئاگایی سەرۆك مام جەل كرد لە بواری بزووتنەوەی رزگاریخوازەكانی ئەو سەردەمە و وتی: «شارەزایی سەرۆك مام جەلال لەبارەی بزووتنەوە رزگاریخوازەكان لە لوتكەدا بوو، پرۆفایلی هەموو سەركردەكانی جیهانی لەبەر بوو، بە عەرەب و  ئینگلیز و ئەمریكایی و روس و...هتد-ەوە، چۆن دەیزانی ناوی خۆی جەلال حوسامەدینە، ئاواش پرۆفایلی هەموو سەركردەكانی دەزانی، ، بۆ نموونە لە وڵاتانی عەرەبی و بە تایبەتی كاتێك سەردانی جەمال عەبدولناسری كردبوو لە میسر لە ساڵی 1963 كە وەك وەفدی كورد سەردانی وڵاتەكەی كردبوو، عەبدولناسر زۆر سەرسام ببوو پێی، لە پاش قسە و گفتوگۆ جەمال عەبدولناسر وتبووی: دەمەوێت بتبینمەوە، لە دووەم دیداریشیدا جەمال عەبدولناسری گەیاندبووە ئەو بڕوایەی كە پشتگیری لە داوا رەواكانی كورد بكات، بەو پێیەی كورد نەتەوەیەكە دۆستی عەرەبە و برای عەرەبە و سەركەوتنی دۆزی عەرەبی سەركەوتنە بۆ دۆزی كورد و سەركەوتنی دۆزی كوردیش سەركەوتنە بۆ دۆزی عەرەب، ئەمەش وایكردبوو عەبدولناسر زۆر سەرسام بێت بە مام جەلال. 
وەك د. محەمەد سابیر باسی دەكات: مام جەلال دیداری لەگەڵ هەر كەسێكدا بكردایە، شارەزایی لەسەر بیر و بۆچوونی ئەو كەسە هەبوو، بۆ نموونە كاتێك لەگەڵ پیاوێكی شیعە مەزهەبدا دادەنیشت، هەموو زانیارییەكی لەبارەی مەزهەب و ئایین و مێژوویی ئیسلامی هەبوو، لەگەڵ كۆمۆنیستەكانیش دەردەكەوت كە زانیارییەكی فراوانی لەبارەی ئەدبیاتی ماركسیزمەوە هەیە و لەوانی تر شارەزاترە، لە بارەی دیموكراسیش شارەزاییەكی زۆری هەبوو، ئاگاداریی هەموو ئەو رووداوانە بوو كە لە وڵاتانی جیهاندا روودەدەن، ئاگاداریی تێكڕای شۆڕشەكانی جیهان بوو، هەر لە وڵاتانی ئەمریكای لاتینەوە بگرە، تا دەگاتە وڵاتانی ئاسیا و چین و روسیا و وڵاتانی عەرەبی، سەرۆك مام جەلال لە شوێنكدا بوایە جێگەی خۆی دەكردەوە، كەس نەیدەتوانی مام جەلال پشتگوێ‌ بخات، چونكە كەلتور و زانیاریی لە هەموان زیاتر بوو، شێوازیی قەناغەتپێكردنی لە هەموان زیاتر بوو، لەبەر هەموو ئەوانە مام جەلال كاراكتەرێك بوو كە بە داخەوە كەسێكی وەك ئەو نابێتەوە، ئەو لە رووی زمانەوانیشەوە، هێندە شارەزای زمانی عەرەبی بوو، لە هەندێك بۆنەدا هەڵەی سەركردە عەرەبییەكانی راستدەكردەوە».
بالێوز محەمەد سابیر لە كۆتایی قسەكانیدا وتی:مام جەلال لە عەرەبیدا لە هەموویان عەرەبی زانتر بوو، لە ئەدەبدا لە هەموویان شارەزاتر بوو، لە سیاسەتدا لە هەموویان سیاسەتی زیاتر دەزانی، مام جەلال لەبەر هەموو ئەوانە كاراكتەر بوو، هەر جارێك سەركردەیەك مام جەلالی ببینیایە، حەزی دەكرد جارێكی تر ببینێتەوە و قسەی بۆ كات». 

بابەتە پەیوەندیدارەکان