یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك مۆدێلێكی جوانی خزمەتكردن و پێشخستنی وەرزش لە هەرێمی كوردستاندا

11:12 - 2024-06-01
وەرزش
179 جار خوێندراوەتەوە

زانـــا قادر

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یەكێكە لە پارتە سیاسیە پێشەنگەكان لە هەرێمی كوردستان، لەساڵی 1975 وە كە دامەزراوە رۆڵێكی گرنگی هەبووە لە باشتركردنی بارودۆخی كەلتوری لەوانەش بواری وەرزش.
ئەگەر بمانەوێت بابەتییانە و زانستییانە باس لە رۆڵی یەكێتیی بكەین لە بواری پشتیوانی و پێشخستنی وەرزش لە هەرێمی كوردستاندا، ئەوە پێویستیی بە شیكارییەكی زانستییانە هەیە بۆ شێواز و بوارەكانی ئەم رۆڵە گرنگە.
1 - ژێرخانی وەرزشیی لە هەرێمی كوردستان:
أ - دروستكردنی یاریگا و هۆڵی وەرزشی: یەكێتیی نیشتمانیی هەر لەسەرەتاوە پێشەنگ بووە و گرنگی زۆری داوە بە ژێرخانی وەرزشیی لە هەرێمی كوردستان بە نۆژەنكردنەوەی یاریگا كۆنەكان و دروستكردنی چەندین یاریگای گەورە و هۆڵی وەرزشیی فرە مەبەست و سەنتەری راهێنان، ئەم دامەزراوانە یارمەتیدەربوون بۆ دابینكردنی ژینگەیەكی لەبار بۆ وەرزشکاران بۆ ڕاهێنان و ركابەری ناوچەكانی تری هەرێم و عیراق کە ئەوان بەم دواییانە بیریان كەوتەوە و چەند یاریگایەكیان دروست كردووە، ئێستا زۆرترین هۆڵی گونجاوی وەرزشیی لە ناوچەی سلێمانیدایە كە تەواوی ناوچەكانی هەرێم و عێراق سوودی لێ‌ دەبینن.
ب - پەرەپێدانی ئاسانكاری كۆمەڵایەتی: یەكێتی كاری كردووە بۆ پەرەپێدانی دامەزراوە وەرزشییە كۆمەڵایەتییە بچووكەكان لە گەڕەك و گوندەكان بەمەبەستی گەیشتن بە ئامانجی وەرزش بۆ هەمووان، لەوانەش سوودمەندبوونی گەنجان و منداڵان لە گەڕەك و گوندەكان.

لەوكاتانەی پارە زۆر كەم بوو، یەكێتی بارودۆخی دارایی  باش نەبوو، بەڵام رەوانشاد (مام جەلال)  هاوكاریی دارایی  یانە و یەكێتییە وەرزشییەكانی دەکرد

2 - پشتیوانی دارایی و كارگێڕی:
أ - پشتیوانی یانە و یەكێتیە وەرزشییەكان: یەكێتی پێشەنگ بوو لە پشتیوانیكردنی دارایی یانەكان بەبێ‌ جیاوازی، لەوكاتانەی پارە زۆر كەم بوو یەكێتی بارودۆخی دارایی خۆی باش نەبوو، بەڵام رەوانشاد (مام جەلال) بە بڕی باش هاوكاری یانە و یەكێتییە وەرزشییەكانی كردووە، ئەم هاوكارییەش هۆكار بووە بۆ یانەكان و وەرزش بۆ خەرجی بەكاربردن و كڕینی پێداویستی وەرزشی و مانەوە و بەشداریكردن لە خول و پاڵەوانێتییە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، ئەم پشتیوانییە تا ئەم ساتەش بەردەوامە.
ب - پاڵپشتی راهێنان و پەرەپێدان: یەكێتی لە سەرەتاوە كاری كردووە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی لێهاتویی تەكنیكی و كارگێڕی لە وەرزشە جیاوازەكاندا، یەكەمین وەفدی وەرزشی بەدەستپێشخەری یەكێتی سەردانی دەرەوەی وڵاتی كردووە، پشتیوانی چەندین خول و وۆرك شۆپی ڕاهێنان و پەرەپێدانی كردووە، پشتیوانی لە یاریزانان و راهێنەران و كارگێڕییەكان كردووە بۆ بەشداری لە خول و سیمینارەكانی دەرەوەی هەرێم.
3 - رێكخستنی بۆنە وەرزشییەكان:
أ - خول و پاڵەوانێتییە ناوخۆییەكان: یەكێتی دەستپێشخەر بووە لە ئەنجامدانی خول و پاڵەوانێتیەكان كاتێك بەمەبەست رژێمی روخاوی بەعس چالاكییە وەرزشیەكانی لە هەرێم قەدەغەكرد، یەكێتی بیری لای نەوەستانی وەرزش بوو، چەندین خول و پاڵەوانێتی جیاوازی لەناو هەرێم رەخساند، ئەم خولانە هۆكار بوون بۆ نەوەستانی چالاكیە وەرزشییەكان و بەرزكردنەوەی توانای كێبڕكێ و هاندانی بەهرەمەندە گەنجەكان بۆ بەشداریكردن.
ب - بۆنە عیراقی و نێودەوڵەتییەكان: یەكێتی دەستپێشخەر و پێشەنگ بووە لە میوانداریكردنی خول و پاڵەوانێتیە وەرزشییەكانی عێراق، لە كاتێكدا كە عێراق سیمای وڵاتی نەمابوو، ژیانی تیادا نەمابوو، یەكێتی دەرگای یاریگا و هۆڵەكانی بۆ خول و پاڵەوانێتییەكانی عێراق كردەوە، لەگەڵ بەڕێوەچونی چەندین یاری نێودەوڵەتی و خول و پاڵەوانێتیی ناوچەیی و كیشوەری لە تەواوی یارییەكاندا، ئەم حاڵەتە بەردەوامە و هەر لەم مانگەدا زۆرترین خولی كیشوەریی و نێودەوڵەتی یارییە جیاوازەكان لە سلێمانی رێکخراون.
4 - پێشخستنی وەرزشی ژنان:
أ - پشتیوانی وەرزشی ژنان: یەكێتی ڕۆڵی پێشەنگانەی هەبوو لە دامەزراندن و پشتیوانیكردن و پێشخستنی یانە و یارییە وەرزشیە جیاوازەكانی ژنان، سەرچاوەی پێویست و پاڵپشتی تەكنیكی و پشتگیری تەواوی ژنانی وەرزشکاری كرد تا بتوانن لەگەڵ پیاوان بەیەكسانی وەرزش بكەن و بەشداری چالاكییە وەرزشییەكان بكەن و پێش بكەون، بە ئێستاشەوە یەكێتی بەردەوامە لەم پشتیوانی پشتگیرییە و زۆرینەی یاریزان و چالاكییە وەرزشیەكانی هەرێم و عیراق، سنوری یەكێتی تیایدا پێشەنگ و یەكەمن.
ب - ڕێكخستنی خول و پاڵەوانێتیەكانی ژنان: چەندین خول و پاڵەونێتی و چالاكی وەرزشی ژنان ئەنجامدراوە بە پشتگیری و پشتیوانی یەكێتی چەندین یانە و یاریزان لەسەر بودجەی یەكێتی بەشداریی خول و چالاكییە ناوچەیی و كیشوەری و نێودەوڵەتییەكانیان كردووە و بەردەوامیش بەشداریی دەکەن.
5 - كاری دەزگایی و گرنگیدان بە كارگێڕییە وەرزشییەكان: 
یەكێتی خاوەن بیرۆكە و پێشەنگ بووە لە سەرلەنوێ‌ دروستكردنەوە و دامەزراندنی دەزگا وەرزشیەكان نەك لەسەر ئاستی هەرێم، بەڵكو لەسەر ئاستی عیراق، گەورەترین دەزگای وەرزشی عێراق كە لیژنەی ئۆڵۆمپی عیراقە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس، بە پێشنیاز و دەستپێشخەری و سەرپەرشتی یەكێتی دامەزرایەوە و یەکەمین کۆنگرەیان لە هاوینەهەواری دوکان و بە ئامادە بوونی رەوانشاد مام جەلال بوو، لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان و یەكێتیەوەرزشییەكان لە هەرێم، یەكێتی دەستپێشخەر و داهێنەر بووە لە دروستكردن و داكۆكیكردن لێیان.
ب - هاوبەشییە نێودەوڵەتیەكان: یەكێتی هەمیشە چاوی لە داهاتوو و لە بەنێودەوڵەتیكردن و ناساندنی زیاتری هەرێم بووە لە ڕێگەی وەرزش و وەرزشكارانەوە، دەستپێشخەر بووە لەوەی وەرزشی هەرێم و عێراق پەیوەندی یاساییان هەبێت چەندین شاندی وەرزشی و كارگێڕی هەرێم بە پێشنیازی یەكێتی چونەتە دەرەوە و كەسایەتی و دەزگا گرنگ و فەرمییەكانی ناوچەكە و كیشوەر و نێودەوڵەتییان بینیوە، بەڵام بەداخەوە خەڵكانی ناحەز و كادرانی كەمشارەزای وەرزش، نەیانتوانیوە ئەم هەلانە بقۆزنەوە بۆ ئەنجامی گەورەتر و باشتر.
ج - تیپە میللییەكان: یەكێتی داهێنەر و پێشەنگ بووە لە كۆكردنەوە و خزمەتكردن و رێكخستنی تیپە میللیەكان بەجیاوازی دەنگ و رەنگیان لە پێناو خزمەتكردنی زیاتر بە گەنجان و لاوان لە تەواوی ناوچە و گەڕەك و گوندە دورە دەستەكان، بێ‌ هیچ بەرامبەرێك یەكێتی بەردەوام خول و چالاكی بۆ تیپە میللیەكان كردۆتەوە و پشتیوانی دارایی و كەل و پەلی وەرزشیی كردوون دور لە بیركردنەوە و داواكاری حیزبی وەك لەهەندێ‌ شوێنی تر پەیڕەو دەكرێت.
ئەنجام: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕۆڵێكی گەورەی بینیوە لە پەرەپێدان و پاڵپشتیكردنی وەرزش لە هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی باشتركردنی ژێرخانی وەرزشی، پێشكەشكردنی پاڵپشتی دارایی و كارگێڕی، رێكخستنی بۆنە وەرزشییەكان، پێشخستنی وەرزشی ژنان، ئەم هەوڵانە لەسەر ئاستی ناوخۆیی نەك تەنها رۆڵیان لە گەشەکردنی وەرزشدا بینیوە، بگرە بەشدارییان لە پێشخستنی ناسنامەی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی هەرێمیشدا كردووە، هۆكار بوون بۆ رەخساندنی دەرفەت بۆ گەنجان و لاوان بۆ گەیشتن بە خەون و حەزە وەرزشییەكانیان.
ئایا لەم مێژووە درێژ و پڕ چالاكیەدا هەڵە و كەم و كورتی نەبووە؟ بەڵێ‌ هەبووە و لەكاتی خۆی ئاماژەمان پێكردووە و لەداهاتووشدا زیاتر لەسەری دەدوێین، بەمەبەستی كەمكردنەوەیان و پێشخستنی زیاتری وەرزش و وەرزشكاران.

بابەتە پەیوەندیدارەکان