باڵیۆزی رۆمانیا:

دەمانەوێت لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی کاری هاوبەش بکەین

09:59 - 2024-06-03
ئابووری
190 جار خوێندراوەتەوە
لایەنێک لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ وەفدی رۆمانیا

راپۆرتی: زریان محەمەد

نەوزاد غەفور سەرۆکی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ رادۆ ئۆکتاڤیان دۆبرێ باڵیۆزی رۆمانیا لە عیراق چەند پرسێکی بازرگانی و پیشەسازی و وەبەرهێنانیان تاوتوێکرد و هەر لە کۆبوونەوەکەشدا جەخت لەسەر بەرەوپێشچوونی پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵییەکانی نێوان هەردوولادا کرایەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا نەوزاد غەفوور سەرۆکی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی رایگەیاند: رۆمانیا لەڕووی ئابوورییەوە بەهێزە لە بوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵی و تەکنەلۆژیا و بەرهەمهێنانی خۆراکەوە، هەربۆیە پێمانخۆشە کۆمپانیا رۆمانییەکان بێن بۆ سلێمانی و لەگەڵ وەبەرهێنەران و بازرگانانی شارەکە کاری هاوبەش بکەن.
گەورەترین گەنجینە
ئاماژەی بەوەش کرد، ژووری بازرگانیی سلێمانی خاوەنی گەورەترین پڕۆژەی گەنجینەی هاوچەرخە لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی كوردستان، كە لە 605 گەنجینە پێكدێت و لەسەر رووبەری 383 دۆنم زەوی بنیاتنراوە، تێچووی پڕۆژەکەش 104 ملیۆن دۆلارە، هەروەها ژووری بازرگانیی سلێمانی  یەكەم ژوورە لەسەر ئاستی عیراق خاوەنی بینای پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانییە و ساڵانە چەندین پێشانگای نێودەوڵەتی و ناوخۆیی تێدا دەكرێتەوە کۆمپانیا بازرگانییەکانی رۆمانیا دەتوانن سوودی لێوەرگرن و ساڵانە بەشداری بکەن و بەرهەمەکانیان نمایش بکەن. 
نەوزاد غەفور ئەوەشی روونکردەوە، کەرتی کشتوکاڵی لە پارێزگای سلێمانی گرنگی زۆری پێدەدرێت و کۆمپانیا رۆمانییەکان دەتوانن لە کەرتی کشتوکاڵدا وەبەرهێنان بکەن.

 

بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا وەفدێکی  بازرگانی رۆمانیا بێتە شاری سلێمانی و چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەگەڵ بازرگانان و وەبەرهێنەراندا بکەن

 

بواری ئایتی
رادۆ ئۆکتاڤیان دۆبرێ باڵیۆزی رۆمانیا لە عیراق رایگەیاند: سەردانی ئێمە گرنگیدانە بە پەیوەندی ئابووری و بەهێزکردنی کارە بازرگانی و پیشەسازییەکان و دەمانەوێت زانیاریمان هەبێت لەسەر پەیوەندەییە بازرگانییەکان لەگەڵ بازرگانانی هەرێم، هەروەها رۆمانیا لە کەرتی پیشەسازیدا بەهێزە و لەڕووی کشتوکاڵیشەوە بەرهەمی زۆرمان هەیە.
راشیگەیاند: رۆمانیا لەگەڵ ئەو سەقامگیربوونەی کە عیراق بەخۆیەوە دەبینێت دەیەوێت کاری بازرگانی و وەبەرهێنان بکات، چەند کۆمپنیایەکیش بەنیازن دەست بە کاربکەن لە بوارەکانی کشتوکاڵ، دەرمان، ریسایکلین، رێگاوبان، نەوت و غاز، هەروەها کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی خۆراک. رۆمانیا لە بواری ئایتیدا بەهێزە و ئەزموونی زۆرمان هەیە دەتوانین لەو بوارەشدا کاربکەین.
دەرگامان کراوەیە
لە کۆتاییدا نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی جەختیکردەوە، وەک ژووری بازرگانی سلێمانی بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە هەموو وەفدێکی بازرگانی دەکەن، کە لە رۆمانیاوە سەردانمان دەکەن، ژووری بازرگانی کاری ئەوەیە پەیوەندی بازرگانی بە هێزبکەین و هانی بازرگانان و وەبەرهێنەران بدەین بێنە سلێمانی کاربکەن  بە تایبەتی لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک و یاساکانی وەبەرهێنانیش گونجاون بۆ کارکردنی کۆمپانیا بیانییەکان. 
سەرۆکی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی ئەوەشی ئاشکرا کرد، بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا وەفدێکی  بازرگانی رۆمانیا بێتە شاری سلێمانی و چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەگەڵ بازرگانان و وەبەرهێنەراندا بکەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان