مزگەوتی سووری مەهاباد

10:59 - 2024-06-09
کەلتور
206 جار خوێندراوەتەوە
مزگەوتی سووری مەهاباد

مەهاباد لە رۆژهەڵاتی كوردستان یەكێكە لە شارە كۆن و مێژووییەكان، ئەم شارە كۆمەڵێك ئاسەواری مێژوویی و شوێنی گەشتیاری هەیە كە گرینگی تایبەتیان هەیە چ لە باری كەلتوورییەوەو چ لە باری گەشتیارییەوە. یەكێك لە شوێنەوارە كۆن و مێژووییەكانی مەهاباد « مزگەوتی سوور» ە. مزگەوتی سوور یەكێكە لە كۆنترین ئاسەوارە مێژووییەكان لە شاری مەهاباد و مێژووەكەی بۆ سەردەمی سەفەوییەكان دەگەڕێتەوە. 


مزگەوتی سوور یەكێكە لە كۆنترین ئاسەوارە مێژووییەكان لە شاری مەهاباد و مێژووەكەی بۆ سەردەمی سەفەوییەكان دەگەڕێتەوە

مێژووی مزگەوتە بۆ سەردەمی سەفەوی دەگەڕێتەوە
وەك ئەڵێن ئەم مزگەوتی ساڵی 1089ی كۆچی مانگی (1678ی زایینی) بە فەرمانی بوداق سوڵتان حاكمی شاری مەهاباد دروستكراوە. درێژی ئەم مزگەوتە 37 مەتر و پانییەكەی 35 مەترەو لە سەر رووبەری 1259 مەتری دووجا بونیاد نراوە. لە باری بیناسازییەوە شێوەی دروستكردنی ئەم مزگەوتە زیاتر وەك بیناسازی سەردەمی سەفەوییەكانەو هاوشێوەی مزگەوتی وەكیلە لە شاری شیراز.
 ئەم  مزگەوتە 12 ستوونی هەیە و هەر ستوونەی 2.6 مەتر بەرزی هەیە. جگە لە بناغەی دیوارەكە و كۆڵەكەكان و عەرزی مزگەوتەكە كە لە بەرد دروستكراوە، بیناكە لە خشتی سوور دروستكراوە. یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی ئەم مزگەوتە كۆن و مێژووییە ئەوەیە لە سەر بانەكەی 18 گومبەزی هەیە. مێحرابی مزگەوتەكە كەوتۆتە بەشی باكووری مزگەوتەكەوە. یەكێكە لەو مزگەوتە كۆنانەی كە شوێنی تایبەت بە نوێژكردنی ژنانی بۆ دیاریكراوە و لەگەڵ بەشی سەرەكی مزگەوتەكە جیاوازە. لە سەردەری ئەم مزگەوتەدا لەوحەیەك هەیە و دەقێكی ئاوای بە زمانی عەرەبی تێدا نووسراوە: الحمدالله الذی وفقنی الاتمام هذە المدرسة الشریفة فی ایام دولة السلطان الاعدل شاه سلیمان الحسین الموسوي الصفوي بهادرخان خلدالله تعالی ملكه فی سنة 1089.
هەزاران كەس لەو مزگەوتە خوێندوویانە
ئەم مزگەوتە یەكێك بووە لە مزگەوتە دیارەكانی مەهاباد و ناوچەی موكریان كە بە درێژایی چەندین سەدە، هەزاران كەس وەك فەقێ لەم مزگەوتە خوێندوویانە و ئیجازەیی مەلاییان وەگرتووە. یەكەم مەلای ئەم مزگەوتە لە سەردەمی سەفەوییەكان مەلا جامی بووە، لە بنەماڵەی مەلا ئەبووبەكری موسەنیف لە مەریوانەوە لە سەر داوای بوداق سوڵتان براوتە مەهاباد و كراوە بە پێش نوێژ و مامۆستای ئەو مزگەوتە و وانەی وتۆتەوەو مەلای پێگەیاندووە. 

موفتی زەهاوی لەوێ فەقێ بووە 
موفتی زەهاوی یەكێك بووە لەو كەسە دیارانەی لەم مزگەوتە فەقێیەتی كردووەو خوێندوویەتی. موفتی زەهاوی چەند ساڵ لەو مزگەوتە لای مەلا رەسووڵ زەكی، یەكێك لە كەسایەتییە ئایینییە دیارەكانی ئەو ناوچەیە خوێندوویەتی. موفتی زەهاوی پاشان روویكردۆتە عێراق و بۆ ماوەی 50 ساڵ موفتی عیراق بووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان