یادگارەکانی خاڵە شەهاب

11:58 - 2024-06-10
دووتوێ
234 جار خوێندراوەتەوە

خاڵە شەهاب؛  سەرمەشقی  کەم ژیان ، کەڵ ژیان

 

ساڵح بێچار

وەک چۆن هەندێ کەس دەبنە نموونە و کەسی ساڵ، یاخود دەیەی سەدەیەک، هەندێ کەسیش دەبنە مرۆڤی سەدە و زیاتریش.
کەسێتی خاڵە شەهاب‌یش لەو کەسانەیە کە زۆر بەدەگمەن مێژوو بەخۆیەوە دەبینێ. شەهاب شێخ نوری، کوڕی پیاوێکی نووسەر و خوێنەوار و دیاری ڕۆژگاری خۆی بووە. لەدایکبوونی کەوتۆتە نێوان دوو جەنگی جیهانیی گەورە و پڕ کارەساتەوە، هاوکات لەسەر ئاستی عێراقیش شایەتحاڵی ڕژێم گەلێکی پاشایەتی و پاشان نیمچە سۆسیالیستی و دواتریش سۆسیالشۆڤێنی بەعس بووە. وەک کوردستانیش ئاگاداری کۆژانەکانی کۆتاییەکانی حوکمداریی شێخ مەحمود و دواتریش مەینەتیی  ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و لە هەمووش کارەساتتر بەشدار و ئاگاداری هەرەسی شۆڕشێکی گەورە و گرانی وەک شۆڕشی ئەیلول بووە. هەڵبەت لە کۆی هەموو ئەو جەنگ و کارەسات و ڕوداوانەی لە جیهان و دەوروبەریدا ڕوویانداوە، شەهابی لاو، شەهابی پێگەیشتوو، و تێگەیشتوو، بووەتە کەسێکی هۆشیار و ئاگادار لە جیاوازیی چینایەتی و نەتەوایەتی. هەر بۆیە لە بیستەکانی تەمەنیدا دەچێتە ژێر کاریگەریی شۆڕشی گەلان لە چین، کوبا، ڤێتنام و... هتد.  زۆر زوو درکی بە چەوسانەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە کردووە. وەک هاوڕێ و هاوتەمەنەکانی دەیگێڕنەوە چوونە نێو ڕیزەکانی حزبی شیوعی عێراق، دەبێتە یەکەم وێستگەی بەرەنگاربوونەوە و خۆ تەیارکردنی وەک کەسێکی چەپگەرا.  دواتر لە نێو پارتی دیموکراتی کوردستانیشدا هەر لایەنگری ئەو باڵ و کەسانە بووە کە هەڵگری بیروباوەڕی چەپ بوون. لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بەدواوە، سەنگ و پێگەی کاک شەهاب لە نێو کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسی و ئۆپۆزسیۆنەکاندا، زیاتر دەردەکەوێت و دواتریش وەک ئەندامێکی دیار و سەرەکی لە دامەزراندنی (کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان - کملک) بە ئاشکرا خەسڵەتەکانی شۆڕشگێڕیی و سەرکردەیی و لەخۆبووردەیی تێدا دەردەکەوێت.
ئەمڕۆ -10 -6- 2024، هاوکاتە لەگەڵ 54 ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆمەڵەدا، هەڤاڵ مام جەلال سەبارەت بە ڕۆڵی گرنگی خاڵە شەهاب لە دامەزراندنی کۆمەڵەدا دەڵێ: «شەهید شەهاب لە داڕشتنی بناغەی کۆمەڵەدا زۆر چالاک بوو. ژیرانە بەرەنگاری گیروگرفتەکان دەبۆوە، لە هەموو هاوڕێیانی ناوەوە کامڵتر و ژیرتر بوو. لە جورئەت و ئازایەتی و ئیقدام کردندا کەموێنە بوو». ئەو کۆمەڵەیەی هەر بە وتەی خودی مام، داینەمۆی یەکێتی بوو. 

هەڵبەت زۆربەمان بە بیروباوەڕی خاڵە شەهاب و چۆنیەتی خەبات و خۆڕاگریی نێو زیندان و شەهیدبوونی ئاشناین، بەڵام ڕەنگە زۆر کەممان وێنای ئەوەمان کردبێت، ئەو چەند مانگەی نێو زیندانی چۆن تێپەڕاندبێ و ڕۆژانە بە چییەوە سەرقاڵ بووبێ. ئەم وێنانەی دەیبینن، جگە لە هەندێکیان کە بریتین لە بەشێکی ئەو کەلوپەلە تایبەتیانەی لە ژیانی ئاسایی پێش زینداندا، بەکاری هێناون، وەک چاویلکە، پایپ، کاتژمێر، ڕادیۆ و ڕیکۆردەر.
بەڵام گرنگترینیان وێنەی ئەو کارە دەستییانەی خاڵە شەهابن کە لە چاوەڕوانی دادگاییکردن و مەرگدا؛ بەڵام بەوپەڕی هیوا بە ئایندەوە، بە زەنگیانەی ڕەنگاوڕەنگ چنیونی. وەک دروشمە سەرمەدییەکەی «کۆمەڵە» و «یەکێتی» واتا (کەم ژیان ، کەڵ ژیان) کە بە تابلۆیەکی ناوازەی هونەریی و بە ڕێنووس و پیتی لاتینی کوردی چنیویەتی. جزدان و ملوانکە بۆ نازەنین خانمی هاوسەری لەگەڵ نووسینی پیتی (N) وەک هێمای نازەنین و هەردوو پیتی (SH) بە واتای شەهاب. کەمەربەند (قایش) بۆ کاک سۆران‌-ی کوڕە تاقانەی کە جگە لە نووسینی ناو و تەمەن و لەدایکبوونی، بۆی نووسیوە «یادگار و هیوا». سندوقی خشڵ و جێگەی کلینێکس و سێ ملوانکەی ڕەنگاوڕەنگ، وەک ئاماژە بە ڕەنگەکانی ئاڵای کوردستان، کە زۆر بە زەوق و سەلیقەیەکی وردی هونەریی ڕازێنراونەتەوە.

 

 


بابەتە پەیوەندیدارەکان