پسپۆڕانی ئابووری داوا لە عیراق دەكەن سەرچاوە نانەوتییەكانی كارا بكات

06:42 - 2024-06-23
ئابووری
164 جار خوێندراوەتەوە

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

عیراق یەكێكە لەو وڵاتانەی كە بە دەوڵەتی قازانجخواز ناسراوە، دەوڵەتی قازانجخوازیش بەو دەوڵەتانە دەوترێت كە پشت بە یەك سەرچاوەی داهات دەبەستن، بۆ نموونە نەوت لە دابینكردنی پارەی پێویست بۆ بودجەی وڵاتدا، ئەم جۆرە ئابوورییەش كێشەی گەورە بۆ دەوڵەتەكە دروست دەكات، ئەویش بەهۆی هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوتەوە و لە كاتی دابەزینی زۆری نرخی نەوتدا دەوڵەت رووبەڕووی قەیرانی دارایی و كورتهێنانی بودجە دەبێتەوە، كە بە ئەگەری زۆرەوە ناچار دەبێت پەنا بۆ قەرز ببات بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانەكە، هەر بۆیە ئەم جۆرە ئابوورییە بە ئابوورییەكی بەهێز دانانرێت.
كارا كردنی سیستمی داهاتی ناوخۆیی
د. ئەحمەد ئەلراوی پسپۆڕی بوار ئابووری لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی ئەلسەباح روونیكردەوە، نەوت راستە كاڵایەكی ستراتیجییە، بەڵام زۆر هۆكار هەن كاریگەریی لەسەر نرخەكەی دادەنێن، بەدەر لە خواست و خستنەڕوو كە كاریگەریی لەسەر نرخی هەموو كاڵایەك هەیە، هۆكاری سیاسی، ئابووریی گشتی، ململانێ و ئاڵۆزبوونی باوردۆخی ئاسایشیش كار دەكاتە سەر نرخی نەوت.
ئەو پسپۆڕەی بواری ئابووری جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە پێویستە رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ پێداچوونەوە بە بودجەی گشتیدا، بۆ چارەسەر كردنی كێشەی خەرجییە زیادەكان و لە هەمان كاتیشدا كارا كردنی سیستمی داهاتی ناوخۆیی و نانەوتی وەك: سیستمی باج و رسوماتی گشتی و كارا كردنی كەرتە ئابوورییەكانی دیكەی وەك كەرتەكانی كشتوكاڵ، پیشەسازی، گەشتیاری. بۆ ئەوەی بودجەی گشتی لەلایەك بە تەنیا پشت بە نەوت نەبەستێ و لەلایەكی دیكەشەوە بودجە توانای دابینكردنی هەلی كار و وەگەڕخستنی هێزی كاری هەبێت.

 

 

لە كاتی دابەزینی زۆری نرخی نەوتدا، دەوڵەت رووبەڕووی قەیرانی دارایی و كورتهێنانی بودجە دەبێتەوە، كە بە ئەگەری زۆرەوە ناچار دەبێت پەنا بۆ قەرز ببات

 

بەڕێوەبردنی ژیرانەی سامانی نەوت
د. نەغەم عەلی حسێن راگری كۆلێجی ئابووری و كارگێڕی لە زانكۆی نەهرەین بە رۆژنامەی ئەلسەباحی راگەیاند: ناجێگیریی لە داهاتی نەوتدا كێشە بۆ سیاسەتی دارایی دروست دەكات لە دوور مەودا و كورت كەوداشدا. وتیشی: ئەوەی گرنگە و پێویستە لە وڵاتدا بكرێت، بەڕێوەبردنی ژیرانەی سامانی نەوتە، بە جۆرێك بەفیڕۆ نەدرێت و بە شێوەیەكی سەرەكیش گرنگیی بە سیاسەتی دارایی دوور مەودا بدرێت.
عیراق وڵاتێكی هەژار نییە، بەڵام لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە لە 2003دا كێشە سیاسی و ئەمنییەكانی ئەوەندە زۆر بوون، كە رێگر بوون لەبەردەم پێشكەوتنی لە رووی ئابوورییەوە، جگە لەوەش رووخاندنی رژێم و شەڕ و نائارامییەكانی دوای پرۆسەی رووخاندنەكەش وایان كردووە ژێرخانێكی وێران و رووخاوی بە میرات بۆ بمێنێتەوە، لەبەر ئەوە خەرجییەكی زۆری پێویست بوو تا ورد وردە ژێرخانەكەی ئاوەدان بكاتەوە، بۆ دابینكردنی ئەو خەرجییە زۆرەش هەر دەبوو پەنا بباتە بەر داهاتی نەوت، چونكە كەرتەكانی دیكەی ئابووری هیچیان لەو ئاستەدا نەبوون كە پشتیان پێ ببەسترێ.
سەرچاوە: رۆژنامەی ئەلسەباح

بابەتە پەیوەندیدارەکان