یادگار

خاڵە شەهاب: پێشڕەوی شەهیدانی شۆڕشی نوێ

11:42 - 2024-06-26
دووتوێ
328 جار خوێندراوەتەوە

سۆزان شەهاب


سەدام پەیامی بۆ باوکم ناردە زیندان ئەگەر پاشگەز ببێتەوە و پاکانە بکات دەیکەم بە وەزیر

هەڵبەت، بە حوکمی کاری سیاسی باوکم، من وەک مناڵێکی ئاسایی نەبووم، زۆر پەیوەست بووم بە باوکمەوە، هەمیشە کە دەگەڕێمەوە بۆ ڕۆژانی منداڵیم، تێدەگەم کە چەند ھۆگری باوکم بووم. تەنانەت هەموو جارێ کە سەفەری دەکرد، یان بۆ کارێک لێمان دوور دەکەوتەوە، نازانم هەستێکم لا دروست دەبوو کە ناگەڕێتەوە. ڕاستە نەمدەزانی سیاسەت چییە و ئەو هەموو سەرقاڵیەی باوکم چییە؟ بەڵام هەر لە مناڵیەوە تێگەیشتم کە لە دەرەوە ترسێک لەسەر باوکم هەیە، ئەوە وای لێکردم لە باری دەروونییەوە وەک مناڵێکی ئاسایی گەورە نەبم. بەڵام وەک پێداویستی منداڵی و یاری و کتێب، ھیچ کەموکوڕییەکم نەبوو. باوکم هەرگیز لە گۆڤار و کتێبی منداڵان بێبەشی نەدەکردم. تەنانەت خۆشەویستی کتێب و خوێندنەوەشم هەر لە باوکمەوە بۆ بەجێماوە، چونکە زۆر لە منداڵییەوە فێری کردم بخوێنمەوە. ھێشتا نەچووبوومە قوتابخانە، دەمزانی و دەمتوانی هەموو پیتەکان بنووسم. من لە تەمەنی پێنج ساڵیدا چوومە قوتابخانە، ئەو کاتە خێزانەکەمان دوورخرابۆوە بۆ (بەسرە)، بۆیە کە ھاتینەوە سلێمانی، لە ڕێگەی دادگاوە، ساڵێک تەمەنیان گەورەکردم، تا لە قوتابخانە وەربگیرێم. لەو کاتەدا (مام جەلال) و برادەران، هەوڵێکی زۆریان دا، تا باوکم بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، ڕژێم بەوە ڕازی نەبوو، بەڵام دوای کۆششێکی زۆری برادەرانی باوکم، تونرا ڕەزامەندی وەربگرن، بێتەوە بۆ بەغدا. ئەودەم کۆمەڵێ خێزانی کورد پێکەوە بووین لەوێ، پاشان هەر لە بەغدا کتێبخانەیەکی دانا بە ناوی (کتێبخانەی بیری نوێ – مکتبة الفکر الجدید).
زۆر باش لەبیرمە، ماڵمان لە بەغدا بوو، من و سۆران منداڵ بووین، شەو لە سەربان دەنووستین، باوکم فێری کردبووین شەوانە چیرۆکی بۆ دەگێڕاینەوە. شەوێک کە چووینە سەر جێگا، وتمان بابە چیرۆک، وتی: هیلاکم بابە گیان، با، ئەمشەو چیرۆک نەبێت! وتمان: نا، نا چیرۆکمان دەوێت. ئیتر دەستی کرد بە چیرۆک گێڕانەوە، چیرۆکی «گورگ و مەڕ» بوو، تومەس ئەو بەدەم گێڕانەوەی چیرۆکەکەوە، خەریکە خەو دەیباتەوە، دیار بوو خەونی دەبینی، کاتێکمان زانی لەپڕ وتی: مەڕەکە چوو بۆ لای مام جەلال و... خەریک بوو چیرۆکەکە ببێت بە سیاسەت. من و سۆرانی برام وتمان: بابە، بابە.. مەڕەکە بۆچی ئەچێ بۆ ئەوێ؟ ئەویش خەبەری بۆوە، وتی ئیتر تەواو توانام نەماوە چیرۆکەکە بگێڕمەوە.

دایکم لای مام جەلال شکاتی لە باوکم کرد
هەر ئەو ماوەیەی ماڵمان لە بەغدا بوو، پێش ئەوەی باوکم و مامە دارۆ کتێبخانەکە دابنێن، دایکم سولفەی کردبوو تا تاقمی میوان و نانخواردن بکڕێت. ناوماڵەکەمان زۆر سادە بوو، دایکم دەیوت: هاتووینە بەغدا، میوانمان دێت و پێویستمان بە ناوماڵێکی ڕێکوپێکە. باوکیشم دەیوت: نا، پێویست ناکات، ئەوەی دێت و بە ماڵی ئێمە ڕازییە، با، لەگەڵ خۆمان لەسەر ئەرزەکە دابنیشێ. دایکیشم دەیوت: من مامۆستام و میوانم دێت، لەبەر خۆم دەیکەم. نازانم، باوکم و مامە دارۆ چۆن چووبوونە بنکڵێشەی دایکم، پێیان وتبوو، بۆ ماوەی سێ مانگ پارەکەتمان بدەرێ، پارەکە سەد دینار یان سەد و بیست دینار بوو. دوا جار دایکم پارەکەی دانێ. ئیتر سێ مانگەکە بوو بە ساڵێ پارەکەی هەر وەرنەگرتەوە. هەموو جارێ دەیوت: ئەرێ شەهاب پارەکەم نادەنەوە؟ باوکیشم دەیوت: با، با دەتدەینەوە.
ڕۆژێکیان باوکم هاتەوە، وتی نازەنین، سبەینێ مام جەلال دێت بۆ ماڵی ئێمە، دەعوەتم بۆ کردووە، یاپراغی گەڵامێو و برنجی کوردیت بیرنەچێت. دەبێ دەعوەتێکی شاهانە بکەین. وتیشی: نازەنین لەبەردەمی مام جەلالدا، باسی هیچ نەکەی. دیارە مەبەستی باسی پارەکە بوو. دەعوەتەکەمان کرد، ئەوان لە ژوورەوە دانیشتبوون، قسەیان دەکرد. مام جەلال بەتەنها خۆی هاتبوو. ئێمەش باوکم و مامە دارۆ و وابزانم شەهید ئارام‌یش لە ماڵمان بوو. دوای نانخوادن، چا و میوە خۆرا. لە کاتی ڕۆیشتندا لەناو دەرگاکەدا، مام جەلال زۆر دەستخۆشیی لە دایکم کرد. ئێستاش لەبیرمە، بەدایکمی وت: نازەنین ئەمرێک، ئیشێک، کارێکت نیە؟ دایکم یەکسەر وتی: وەڵڵا مامە، شەهاب و دارۆ، ساڵێک دەبێت سەد و بیست دیناریان لێ قەرز کردووم و نامدەنەوە. دەڵێن بۆ کتێبخانەکە بووە. بێگومان باوکم و مامە دارۆ زۆریان پێناخۆش بوو. مام جەلال، یەکسەر ئاوڕی دایەوە و وتی: کاکە شەهاب، کاکە دارۆ ئەو پارەیەی نازە خان بدەنەوە. لەلای باوکم ئەوە ئەمر بوو، تەواو. پاش سێ ڕۆژ باوکم پارەکەی هێنایەوە بۆ دایکم.
من لە (بەسرە) چوومەتە قوتابخانە و لە بەغدا بەردەوامیم بە خوێندن دا، باوکم لە ساڵی  1972 - 1973 سەفەرێکی بۆ لوبنان کرد، وتی پانزە ڕۆژم پێدەچێت، کەچی ساڵێکی بەسەرداچوو نەھاتەوە. لەو کاتەدا نامەیەکی بۆ مامم ناردبوو، بۆی نووسیبوو ئەگەر منداڵەکان پێیان خۆشە، با بڕۆنەوە بۆ سلێمانی. مەرجی باوکیشیم لەو گەڕانەوەیەدا ئەوە بوو، بە ماممی وتبوو با منداڵەکان بچنە قوتابخانەی کوردی. دیارە ئەوە بۆ من زۆر ئەستەم بوو، چونکە ئەو کاتە لە پۆلی یەکەمی ناوەندی بووم. هەڵبەت قورس بوو دوای ئەو هەموو ساڵی خوێندنە بە زمانی عەرەبی، بچمە بەر خوێندنی کوردی، هێشتا نووسین و خوێندنەوەی کوردیم نەدەزانی، ئەوەیشم لە ماڵەوە نەشاردەوە. مامیشم وتی باشە نامەیەک بۆ باوکت بنووسە، کە دەتەوێ بچیتەوە خوێندنی عەرەبی، نامەیەکم بۆ نووسی، هەر لە نامەکەشدا نووسیم کە مەرج بێت تا شەش مانگی دیکە بە تەواوی خۆم فێری نووسین و خوێندنەوەی کوردی بکەم و نامەی داهاتووت بە کوردی بۆ بنووسم، بەڵێنەکەشم بردەسەر.

 


 
زۆر پێم سەیر بوو دایکم باوەشی کرد بە پیاوێکی نەناسدا
ساڵی 1973، دوای سەفەرەکەی باوکم بۆ لبنان، ماوەیەکی زۆر بوو ئێمە هیچ هەواڵێکیمان نەدەزانی. بیرمە نزیکی جەژن بوو، مامە دارۆ هات وتی ئەم جەژنە دەچین بۆ هەولێر. دایکم وتی: نایەم، من چۆن جەژن بکەم کە نەزانم شەهاب لە کوێیە؟ دایکم و مامم چوونە ژوورەوە و هەندێ قسەیان کرد، کە هاتنە دەرەوە، یەکسەر دایکم وتی: مناڵینە ئەم جەژنە دەچین بۆ هەولێر. ئیتر زۆر بەخۆشی خۆمان کۆکردەوە، ئەوەندەی پێنەچوو من و سۆران و دایکم و مامە دارۆ و نەرمین خان -نەرمین عوسمان-، بە تەکسییەک ڕۆیشتین بۆ هەولێر. وتیان دەچین بۆ ماڵی مامۆستا جەعفەر، خاڵی نەرمین خان. کە گەیشتین جانتا داگیرا و مامە دارۆ هاتە ژوورەوە، پیاوێک لەوێ دانیشتبوو، هەڵسایە سەرپێ و باوەشی کرد بە دایکمدا. من و سۆران‌یش لە پشتەوە دایکممان ڕادەکێشا کە نابێ باوەش بکات بەو پیاوەدا. پیاوێکی لاواز و سمێڵ تاشراو. ڕووی کردە من و سۆران وتی: نایەن بۆ لای باوکتان؟ ئێمەش وتمان تۆ باوکمان نیت! نەماندەناسییەوە. بانگی من و سۆران‌ی  کرد، وه‌رن ببینن چیم بۆ هێناون به‌ دیاری! به‌و جۆره‌ ئێمەی به‌ خۆی ناسانده‌وه. تومەس دوای ئه‌وه‌ی باوکم لە سوریا و لوبنان‌ گه‌ڕابۆ‌وه‌، به‌ موخته‌فی هاتبۆ‌وه‌ كوردستان و له‌ هەولێر لە ماڵی شه‌هید جه‌عفه‌ر بوو.

لە دائرەی ئەمن وتیان با ئەم نینۆکانەت بۆ دەربهێنین تا نینۆکەکانت جوانتر بێتەوە
بیرمە ساڵی 1976، بەر لە بەڕێکەوتنیان بەرەو ئێران، دایکم وتی: باوکت سەفەر ئەکات. تا ڕادەیەک خۆیشم ئاگام لە هاتوچۆ و بڕیارەکانیان بوو. ئاگام لێ بوو کە بڕیاریاندا بە دوو بەش بڕۆن. باوکم، کاک ئاوات عەبدولغەفور، کاک فەرەیدون عەبدولقادر و کاک عومەری سەید عەلی، دەستەی یەکەم ڕۆیشتن. دەستەی دووەمیش سێ کەس بوون، تێکڕا حەوت کەس بوون. ئیتر تا دوای دەستگیرکردنیان لە ئێران و ڕادەستکردنەوەیان بە عێراق، باوکممان نەبینییەوە. تا ئەو کاتەی لە (الفضیلیة) بینیمانەوە. لەو سەردانەی (الفضیلیة)، دایکم سەیری قاچی باوکمی کرد، وتی: شەهاب ئەوە چییە؟ وتی: هیچ نییە. نەیویست من و سۆران بیبینین، کە سەیرمان کرد، نینۆکی پەنجەکانی قاچی دەرهێنرابوون. من و سۆران یەکسەر وتمان بۆ؟ بۆ نینۆکت نەماوە؟ باوکم وتی: هیچ نییە، ئەوە نینۆکەکانم پیس و ناشرین ببوون، لە دائرەی ئەمن وتیان با ئەم نینۆکانەت بۆ دەربهێنین تا نینۆکی جوانت بێتەوە. نەیهێشت من و سۆران هەست بەوە بکەین کە نینۆکی لە تەعزیبدا دەرهێنراون. لەو ماوەیەدا دایکم زۆر هەوڵی بۆ دا، چووە لای خیراللە تلفاح -خاڵ و خەزوری سەدام- بۆ ماڵیان. تەنانەت سەدامیشی بینی بوو، بەڵام دەیوت نەیهێشت لێی نزیک ببینەوە، لە هۆڵێکی زۆر گەورەدا، سەدام لەوسەر و ئێمە لە خوارەوە بووین. دایکم وتی: سەدام پێی وتوم: ئاخ، بەدەست خۆم نییە، ئەگینا خۆت و مناڵەکانیشتم لەناودەبرد.
جارێک کە چووین بۆ زیندان، دایکم بەباوکمی وت ڕەفیق پشدەری و کەمال پشدەری -دیار بوو لەڕێگەی سەدامەوە -، وتویانە ئەگەر شەهاب پاکانە بنووسێت و پێشکەشی بکات، دەیکەن بە وەزیری دەوڵەت و ئەم شتانەی لەسەر دەسڕدرێتەوە. دایکم پێی وت: شەهاب دە چی تێدایە، با بژیت بۆ من و ئەو منداڵانە؟ باوکم وتی: نازەنین، پرسیارێکت لێ دەکەم، بەڵام بەڕاستی وەڵامم بدەرەوە. دایکم وتی: فەرموو. باوکم وتی: تۆ دەتەوێ بەسەربەرزیی بڕۆیتەوە سلێمانی و هاتوچۆ بکەیت؟ یان بە بەدزییەوە؟ دایکم وتی: بۆ بەدزییەوە؟ وەڵڵا بەسەربەرزییەوە دەڕۆینەوە! باوکم وتی: ئەگەر پاکانە بنووسم و ببم بە وەزیر، دەبێ بە شەو خۆم بکەم بە شاردا و دەبێ ڕووم نەیەت لە ئاست هاوڕێکانمدا سەر بەرز بکەمەوە. تۆ وەزیرییت بۆ چیە نازەنین؟ من ببم بە وەزیر و ڕوومنەیەت مەرحەبای خەڵک بکەم؟ نا، دەبێ من مەیتەکەم بەسەر شانی خەڵکەوە بچێتەوە سلێمانی.
بیرم دێت، ئەو ماوەیە دڵمان زۆر خۆش بوو، وتیان جۆرج حەبەش هاتووە قسەی لەسەر دۆسییەکەی باوکم و هاوڕێکانی کردووە. بەڵام بەداخەوە سوودی نەبوو. هەموو هەوڵی ئێمە ئەوە بوو کە بڕیاری لەسێدارەدانەکەیان بکرێت بە حوکمی هەتاهەتایی.
کۆتایی ساڵی 1976 کە باوکم لە زیندان بوو، هەموو یەکی مانگ و پانزەی مانگێ، مواجەهە بوو. یەکەم هەینی دوای یەکی مانگیش هەر مواجەهە بوو. 15/11/1976 دوشەممە، دایکم و سۆرانی برام چووبوون بۆ بەغدا، چاوەڕێی ئەوەیان دەکرد، کە هەینی‌یش واتا 19ی مانگ باوکم ببینن و ئەوسا بگەڕێنەوە. ماڵی ئێمە و ماڵی شێخ جەناب‌ی مامم لە سلێمانی، پێکەوە لە یەک حەوشەدا بووین. سەعات دوازدەی شەوی 20/11 لە دەرگای ماڵی مامم درا، دوو پۆلیسی عەرەب لە مەخفەری پۆلیسی سەرکارێزەوە بروسکە (برقیة) یان بۆ هێنابووین کە سبەی سەعات هەشتی بەیانی لە ئەبوغرێب‌ ئامادەبین. ئێمە نەمانزانی هەر ئەو شەوە کە بروسکەکە هات، چۆن ئەم شارە -سلێمانی- خرۆشا و هەموو شار زانی؟ بێگومان ئەو کات لە ڕێگەی ڕێکخستنەکانەوە، زانرا بوو، بەو شەوە حەوشە و ماڵ پڕ بوو. تا نزیک کاتژمێر چواری بەیانی ئۆتۆمبێلمان دەست نەکەوت، تا بچینە بەغدا، چواری بەرەبەیان دەرچووین. من منداڵ بووم، تەمەنم چواردە ساڵ بوو، دایکم و سۆران و مامەکانم لە بەغدا بوون، تەنها مامە جەناب‌م لێرە بوو. شێخ نیهادی مامیشم، خۆی هەر لە بەغدا دادەنیشت. مامە جەناب و  پوورە گەلاوێژ -کە ژنی شێخ حەسیبی خاڵیشمە- و خاڵە حەسیب و پوورە پرشنگ و ڕەحمە خانی ئامۆژنم، بە دوو تەکسی بەرەو بەغدا ڕۆیشتین. چوار پێنج سەعاتی ڕێگەی بەغدا، بەدرێژایی ڕێگا بیرم لەوە دەکردەوە، من دەڕۆم بۆ لای باوکم، ئەمڕۆ دوا جارمە، باوکم دەبینم، چۆن دەیبینم، چۆن خواحافیزیی لێ بکەم؟ چۆن بەجێی بێڵم؟ چۆن بتوانم بەجێی بێڵم؟ زەحمەت بوو، زۆر زۆر زەحمەت بوو.
بەرەبەیان گەیشتینە بەغدا، لە ماڵی نەسرین خانی خوشکی کاکە ڕوشدی، ژنی ئەکرەمی سەید ئەمین، دابەزیین. سواری ئوتۆمبێل بووینەوە بۆ ئەبو غرێب. کە چووینە ئەبوغرێب، باوکم و هاوڕێکانی لە شوێنەکەی خۆیان نەمابوون. هێنابوویاننە جەناحێکی تری ئینفرادی،   هەرسێکیان (باوکم، مامۆستا جەعفەر و کاک ئەنوەر) لە ژووری تاکەکەسیدا بوون و دەرگاکانیان توند کلۆم درابوون. هەر یەکەیان لە ژوورێکدا بوون، یەک ڕاڕەو بوو، ڕیزێ دەرگای شیشبەند، ئێمەش لە ڕاڕەوەکەدا بەرامبەریان دانیشتین، خواردنمان بردبوو، باوکم هیچی وای نەخوارد. نزیکی نیوەڕۆ، باوکم کابرای سەجانی بانگ کرد، وتی: کەمێک ئەو دەرگایەم لێ دەکەیتەوە؟ دەمەوێت باوەشێک بکەم بە کچەکەمدا. کابرا وتی: ئاخر ئەگەر بەرپرسەکەم بزانێت سزام دەدات. باوکیشم وتی: هەر خۆتی و کەس نازانێ، دەتوانی بە پاسەوانەکەی ھاوڕێت بڵێیت، کە لەو سەری راڕەوەکەیە، ئەو چەند چرکەیە چاودێریی رێگات بۆ بکات. کابرا سەیرێکی من و باوکمی کرد وتی: بس اللە یخلیک مو اکثر من خمس دقائق اخاف منهم. ئیتر دەرگاکەی لێکردەوە. باوکم توند توند باوەشی پیاکردم.. قەت ئەو چرکە ساتەم بیر ناچێت، دوا دیدار بوو، باوکم دوای چەند سەعاتێکی تر لە سێدارە دەدرا، هەستمکرد ئەو چرکەساتە زۆر زۆر ئازابووم نەگریام، بەڵام ئێستا زۆر ئەمگریەنێ. منیش توند باوەشم پێدا کرد، خۆمم پێدا هەڵواسی، تێر تێر بۆنم کرد، ماچم کرد و .. ماچم کرد.. لە دواییدا کاتژمێرەکەی دەستی داکەند و کردیە دەستی من، وتی: ئەوە با بۆ یادگاری لای تۆ بمێنێتەوە. وتی: کچی من، ئازا دەبێ، بەڵام یەک داواکاریم لێت هەیە. وتی حەز دەکەم شوو بکەیت بە ئاواتی ئامۆزات -ئاوات شێخ جەناب-. منیش وتم: نا، من شوو ناکەم بە کەس!. وتی بەهەرحاڵ ئارەزووی خۆتە، شوو دەکەیت یان نایکەیت بە هەر کەسێک، بەڵام ئەگەر شووت کرد، بەرلەوەی مارە بکرێیت، وەرە سەر قەبرەکەم و پێم بڵێ! بەو هەموو پەیوەستی خۆشەویستییەم بە باوکمەوە، نازانم ئەو کاتە بۆ نەگریام.. ژنەکەی کاک ئەنوەر تێکچووبوو، بە خشت دەیکێشا بە سەری خۆیدا، خوێن بە سەریدا دەهاتە خوارەوە. خۆی پەرستار بوو کە لە دەوام هاتبۆوە، لە ناکاو هەواڵەکەیان پێدا بوو. تا خشتەکەیان لێسەند، باوکم چاوی هەر لەسەر ئەو بوو. سروودی «ئازادیخوای کوردین ئێمە، شوورەی پۆڵا و بەردین ئێمە» یان دەخوێند. شەهید جەعفەر گۆرانی دەوت و نوکتەی دەگێڕایەوە، کەس نەیدەوت ئەوانە سەعات حەوتی ئێوارە لە سێدارە دەدرێن. بیرمە باوکم وتی: ئای، ئیتر نەجاتم دەبێت لە ئازاری قاچ و فەقەرات. جگەرەی داگیرساند، دایکم وتی: شەهاب، توخوا بەسە جگەرە مەکێشە. باوکیشم وتی: بۆ؟ دوو سێ سەعاتی تر تەواو دەبێت. تێکڕا تا سەعات پێنج لایان بووین. باوکم وتی: دوای سەعات پێنج دارۆ و فەرەیدون دێن بۆ لامان، ئەوانیش داوایان کردووە بێن. پێم وابێ کاک فەرەیدون وتبووی خاڵمە، ئەیانزانی مامە دارۆش برایەتی. ئیتر دوای سەعات حەوتی ئێوارە، حوکمەکەیان جێبەجێ کرا. ئێمە ڕۆژی دواتر 22/11، چووین لە «طب العدلي» تەرمەکانیانمان وەرگرتەوە. بەڵام نەیانهێشت ئێمە بیانبینین. بەداخەوە من ساڵی 2022 لەڕێی چاوپێکەوتنێکی کاک مەلا بەختیارەوە زانیم، کە پاش لەسێدارەدانیان چاویشیان هەڵکۆڵیون.

ئێمە لەگەڵ تەرمەکەی باوکم،گەڕاینەوە سلێمانی
 ئەوەی زۆر زۆر گریاندمی ساتەوەختی ھێنانەوەی تەرمی باوکم و بە خاکسپاردنی بوو. یەکێ لەو قسانەی بۆی گێڕابوومەوە، کاتی خۆی، لە لوبنان، ژنێکی قەرەج، دەستی بۆ خوێندبۆوە و پێی وتبوو: ((تۆ پیاوێکی مەزن و ناودار دەردەچیت، تۆ بەسەر شانی خەڵکەوە دەگەڕێیتەوە وڵاتی خۆت)) ئەو چرکەساتە لە مزگەوتی (دوودەرگا) هەموو خەڵکی سلێمانی خرۆشابوو، قوتابخانەکانی کچان و کوڕان و فەرمانبەری دامودەزگا و دامەزراوەکان. ئەو ڕۆژە ھێزە تایبەتەکانی ڕژێمیش ڕێگەی (دەرگەزێن و ئەسحابە سپی) یان کۆنتڕۆل کردبوو، لە مزگەوتی دەرگەزێنەوە کۆمەڵێ لە ڕێکخستنەکانی (کۆمەڵە) تەرمی باوکمیان خستە سەرشان، بەڵام نەیانتوانی بیگەیەننە گۆڕستان، لەبەر زۆری حەشاماتی خەڵک، هەر کەسەش دەهات، لێی دەسەندن و لێیان وەردەگرتن، لە دەرگەزێنەوە تا سەرقەبران بەسەر شانی خەڵکەوە بوو. ئەوسا باو نەبوو ژن بچنە سەر قەبران، بەڵام لەبەر ئەوەی خەڵک زۆر زۆر بوو، ئێمەش ویستمان بچین، بەڵام ھێزە تایبەتەکانی ڕژێم کە لەو ناوە بوون، ڕێگەیان پێنەداین بچینە گۆڕستان، خەڵکیش داوایان لێکردین کە ئێمە بگەڕێینەوە. لەو چرکەساتەدا لەنێو ئەو هەموو حەشامەت و خرۆشانەی خەڵکیدا کە تەرمی باوکمم بەسەر شانیانەوە دی زۆر زۆر گریام، ئەوەندە گریام تا ئەوەی بوورامەوە و لە ھۆش خۆم چووم. چونکە ئەو سەربوردەیەی باوکم و  ژنە دەستگرەوەکەم بیرکەوتەوە. ئەوەشم بیرکەوتەوە کاتێ، کە (سەدام) پەیامی بۆ ناردبووە زیندان، ئەگەر پاشگەز ببێتەوە لەو کارانەی کردوویەتی و داوای لێبوردن بکات، لە سێدارەی نادەم و ئازادی دەکەم. تەنانەت دەیکەم بە وەزیر. ئەو کاتیش ڕووی کردە دایکم و وتی؟ دەتەوێ ببیتە ژنە وەزیر؟ بەڵام سەرشۆڕبیت و هەرگیز نەچیتەوە سلێمانی؟ یان دەتەوێ لە سێدارە بدرێم و بەسەربەرزیی بگەڕێیتەوە بۆ سلێمانی و ناو خەڵکەکەت؟ قەت ئەوە دایکم نەبوو، چونکە بەردەوام حەزی دەکرد ھیچ بەسەر باوکما نەیەت، بەڵام وتی: حەز دەکەم بە سەربەرزی بگەڕێمەوە بۆ سلێمانی. دایکم لێی پرسی: شەهاب، ئەی من و مناڵەکان چی بکەین دوای تۆ؟ باوکم وتی: سەیری تۆ، ئەی تۆ زۆر ئازایت، قابیلە چی دەکەیت؟ مناڵەکان بەخێو دەکەیت، گەورەیان دەکەیت و دەبنە خاوەنی شەهادە و حزبیش ئاگای لێیان دەبێت.

*‌ تێبینی: ئەم بیرەوەرییانەی سۆزان خان، لە گفتوگۆیەکی تایبەت و چەند چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانییەوە ئامادە کراوە.

وێنەکان: سکێچی هونەرمەند (نامۆ محەمەد) بۆ بەڵگە فیلمی
(کەم بژی کەڵ بژی بەم شێوەیە دەستمان پێکرد - 2022) دەرهێنانی هونەرمەند (هەوراز محەمەد).


بابەتە پەیوەندیدارەکان