وەک ئەوەی پێشتر هیچم نەنووسیبێت

01:36 - 2024-06-27
ئەدەب و هونەر
219 جار خوێندراوەتەوە
#بەرزان هەستیار

ئیتر من لە بارەی ئەو کەسانەوە ئەنووسم...
 ڕۆژی سەد جار بیر لە خۆکوشتن ئەکەنەوە ،
ئەو کەسانەی هۆن هۆن بە دزیی خەڵکەوە ئەبن بە خۆڵ و
کەس شک نابەن بە ترسنۆکییان پێنەکەنێت و
قەشمەریی بە ڕووتبوونەوەیان نەکات 
ئەوان وای بە باش ئەزانن
 مادام خۆشەویستەکانیان لێیان ڕەنجاوە
ئیتر قسەی قۆڕە بیرلە ئاسمانی شین و دەریای بەرین و
نوکتەی خۆش بکەنەوە
هەزار ڕێگە بە خەیاڵیاندا دێت بۆ مردن و
یەک توولەڕێ بۆ ژیان
نامەوێ  تەنیا جێیانبێڵم
ئەوان بەردەوام یەکێکیان ئەوێت پێیان بڵێت...
موورووی ملوانکەی پچڕاوی ئەو هەموو فرمێسکە لە پای چی ؟
غەمگینیی، چیرۆکی کام کارەساتە...
بە برینە قووڵەکانی ڕووخسارتان ئەینووسنەوە ؟
ئەوان زۆر بێکەسن،...
لە تەنیاییدا  ورتە ورت بۆ درزی دیوارە ڕزیوەکان و 
گۆرانی بۆ ئاوێنەی مۆنی تەمومژ و
دەردەدڵ بۆ گوڵهەسارە ڕەنگپەڕیوەکانی تاریکیی ئەکەن
سەختە، ئینسان خوێن لەبەری پێیەوە بڕوات و
برینپێچێک پێی نەڵێت چی قەوماوە !
من دیومە، خۆمم دیوە....
 ئەرز نەیگرتوومەتە خۆی...
کە مەراق وەک مێروولە دەمی ژەنیوەتە ژاوەژاوی سەرم
خۆمم دێتە بەرچاو،....
کە باوکم ئێوارەیەکی خەفەتبار بە بێ کار ئەگەڕایەوە ماڵ
یان دایکم لە نیوەڕۆیەکی برسیدا تیکەیەک بۆ خۆی نەدەمایەوە؛
ئیتر من سەبارەت بەو کیژانە ئەنووسم
نوشتەیەک بۆ کرانەوەی گرێی بەختیان
لە ژێر ستیانە تەسکەکانیاندا ئارەق دایڕزاندووە
ئەو کوڕانەش، تا خۆرکەوتن...
کیژۆڵەیەک لە دەشتی گڕەبردووی خەیاڵیاندا...
گەمە بە هەتاو ئەکات و
خوا خوایانەکەس بەو گوناهە لەو بەهەشتە وەدەریان نەنێت
زۆر داڵغەم لای ئەو عاشقانەشە...
کە لە فیلمێکی ڕۆمانسییدا بەدبەختیی ئەیانپروێنێ و
من لێرەوە لەحەشمەتا ئەبم بە قەترەیەک مردن ،...
بە قەدەر دڵۆپە فرمێسکێکی ترسنۆکم ئەمێنێتەوە،
 ئەنووسم..هێندە بە توندی دەست دائەگرم
وەک ئەوەی بمەوێ بە تۆخیی....
 داخی هەموو خەمساردییە کەمڕەنگەکان بە خۆم بڕێژم
ئەوەندە درێژەی پێ ئەدەم ...
تا خۆڵەمێشی خوێن،...
وەک ئاردی نێو هێڵەک لە پەنجەکانم ئەوەرێ
 سەبارەت بەچارەڕەشیی ئینسان ،....
ئەو دەمەی بە گەرمی باسی فڕین ئەکات و
لەژێرباڵی مێشوولەیەکدا، بە ساردی ئەمرێ، ئەنووسم !!

ئەڵمانیا/مارتی 2024

بابەتە پەیوەندیدارەکان