غۆرێلا

11:54 - 2024-06-30
کەلتور
140 جار خوێندراوەتەوە

جەواد حەیدەری 
كتێبی « غۆرێلا، كە كتێبێكی شانۆییە نووسینی یۆجین ئۆنێل-ە و لەلایەن نووسەر و رووناكبیر شێرزاد حەسەن-ەوە لە ئینگلیزییەوە كراوە بە كوردی و لەلایەن ناوەندی چاپ و پەخشی غەزەلنووسەوە بە تیراژی 1000 دانە چاپ و بڵاوكراوەتەوە.
كێشەی چینایەتی ئەمریكای دەرخستووە
كتێبی غۆرێلا نموونەیەكی شانۆی دەربڕینخوازیی ئەمریكاییە كە نووسەر لەو شانۆیەدا كێشە و ململانێی چینایەتی بە شێوەیەكی قووڵ و فرەمەودا و توندوتیژ لە كۆمەڵگەی ئەمریکی بەرجەستە دەكات، كارەكتەری سەرەكی ئەو شانۆیە كەسێكە بە ناوی» یانك» كە شوێنی خۆی پێ نازانێت و شوناسی خۆی بۆ دیاریناكرێت و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە خودی راستەقینەی خۆی و پێگەی خۆی لەناو كۆمەڵگەدا بدۆزێتەوە، بەڵام هەرگیز خۆی بۆ نادۆزرێتەوە و لەبری ئەوە لە ناو بازنەیەكی توندوتیژ و جیهانێكی دوور لە راستی خودی خۆی تێكدەشكێنێت، هەرچەند یانك هەست بە هێزێكی گەورە دەكات و مامەڵە لەگەڵ ئاسندا دەكات. بەڵام لەوە ئاگادار نییە لە كۆتاییدا ئەوە كۆمەڵگەیە بە تەواوەتی ئەو تێكدەشكێنێت و بزر دەبێت. ئەو توانایەی ئەو شانازیی پێوە دەكات دواجار دەبێتە قەفەزێك بۆی، ئەو مرۆڤەی هێدی هێدی دەبێتە ئاژەڵێكی كێوی و دەبێت بە غۆرێلا. 
یۆجین ئۆنێل ساڵی 1888 لە شاری نیویۆرك لە ئەمریكا لە دایك بووە و ساڵی 1953 لە بۆستۆن كۆچی دوایی كرد. باوكی ئەویش شانۆكار بووە. یۆجین هاوكات شانۆنووس و درامانووسە، رۆژنامەنووسیش بووە و لە رۆژنامەی تێلێگراف كۆمەڵێك وتاری جۆراوجۆری نووسیوە. یۆجین شانۆنووسێكی تایبەت بووە كە خاوەنی دیدگایەكی قووڵ و بەهێز بووە و بڕوای بە ئازادی مرۆڤ، لە هەموو بوارەكان بە تایبەتی لە بواری دیاریكردنی چارەنووس هەبووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان