کوردستانی نوێ
لە نامەیەكی رەسمیدا كە د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق، ئاراستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی كردووە، ستایشی سەقامگیربوونی دۆخی ئەمنیی عیراق دەكات لەسایەی سیاسەتێكی هاوسەنگ كە حكومەت پەیڕەوی لێدەكات و سەرۆكایەتیی كۆماریش پشتگیریی دەكات. لەو رووەشەوە داوا لە سودانی دەكات كە پێكەوە كاربكەن بۆ جێبەجێكردنی ماددەی (140)ی دەستوور لە رێگەی میكانیزمی روون و كاتی دیاریكراو بۆ تەواوكردنی پێویستییەكانی جێبەجێكردنی.
لە بەشێكی دیكەی نامەكەدا هاتووە: «بنیاتنانی عیراقێكی سەقامگیر دەخوازێت رێككەوتنە سیاسییەكان كارا بكرێنەوە، چونكە بەشێك لەو قەیرانی متمانەیەی كە لە پەیوەندییەكانی نێوان پێكهاتە سیاسییەكان و چالاكییە كۆمەڵایەتییەكاندا هەیە، لە پابەندنەبووندایە بەو رێككەوتنانەی كە سیستمی سیاسیی عیراقی لە دوای 2003 وە لەسەر بنیاتنراوە، لەوەشدایە كە ژمارەیەك لە داوەرییە دەستوورییەكان بە پەكخراوی یان بە هەڵواسراوی هێڵراونەتەوە».
لە كۆتایی نامەكەشدا هاتووە: «كاتی ئەوەیە وەك دەسەڵاتە دەستوورییەكان پێكەوە كاربكەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەیرانە سیاسییەكان و تواندنەوەی ناكۆكییەكان بەجۆرێك دەستوور قسەی یەكلاكەرەوە بكات».