ناساندنی چوار کتێبی بۆردی هۆشیاری

11:11 - 2024-07-07
کەلتور
214 جار خوێندراوەتەوە

بۆردی هۆشیاری/ مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە وەرزی نوێی کارەکانی خۆیدا چەندان کتێب و نامیلکەی بە چاپ گەیاندووە و پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردوون. لێرەدا پوختەیەکی ئەو کتێب و نامیلکانە دەخەینە بەر دیدی خوێنەر بەهیوای ئەوەی سوود بەخش بن.
شۆڕشی نوێ لە پراکتیکدا
- شۆڕشی نوێ لە پراکتیکدا: یەکێکە لە زنجیرەی کۆبەرهەمی سەرۆک مام جەلال کە پێکهاتووە لە دوو نامیلکە، یەکەمیان دیدارێکی فراوانە کە بە زمانی فارسی لە مانگی شوباتی 1983دا لە ناوزەنگ سازکراوە. دووەمیان کۆبوونەوەی هۆشیاری و پەروەردەیی هەڤاڵ مام جەلالە لەگەڵ نزیکەی بیست و پێنج کادری حزبدا لە هاوینی 1983 لە گوندی خەتێ. ئەم کتێبە چەند بابەتێکی گرنگی تیۆری و پراکتیکی و فیکری لە خۆ دەگرێت کە بایەخێکی مێژویی گرنگیان هەیە.
جلال طالبانی... مواقف و آراء
-لال طالبانی... مواقف و آراء. ئەم کتێبەش بە هەمان شێوە یەکێکە لە زنجیرەی کۆ بەرهەمەکانی سەرۆک مام جەلال، کە یەکەمجار لە ساڵی 2009 لە دیمەشق بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە لە لایەن سەلاح بەرواری ئامادە کراوە. تیایدا بە روونی توانا و رادەی پراگماتیکی سەرۆک مام جەلال دەخاتە بەردەم لە هەمبەر رووداوەکان و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە سیاسەت لە کن تاڵەبانی بەرجەستەکردنی ئەقڵانییەتە لە رووی فیکری و ستراتیژییەوە. کتێبەکە چەندان نووسین و شرۆڤەکاری سەرۆک مام جەلال لەو بارەوە دەخاتە بەردەم خوێنەر.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و رەهەندەکانی جەنگی جیهانی دژ بە تیرۆر
- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و رەهەندەکانی جەنگی جیهانی دژ بە تیرۆر. ئەم نامیلکەیە لە لایەن فەرید ئەسەسەرد نووسراوە، تیایدا بە وردی باسی ئەو جەمسەرگیرییەی جیهان دەکات کە لە دوای هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەری 2001 لە لایەن رێکخراوی تیرۆرستی قاعیدەوە کرایە سەر ئەمەریکا. لە نامیلکەکەدا وێرای ئەوەی کردەوە تیرۆریستییەکانی رێکخراوی جوندولئیسلام شرۆڤە دەکات، قۆناغ بە قۆناغ پەرەسەندنە سیاسییەکان تاوتوێ دەکات و رۆڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەڕووی سیاسی و هزری و دبلۆماسییەوە دەخاتە بەردەم خوێنەر.
الدولة الفاشلة
- الدولة الفاشلة: یەکێکی دیکەیە لەو کتێبانەی کە بەزمانی عەرەبی خراوەتە بەردەمی خوێنەر. ئەم کتێبە لە نووسینی عەدنان مەنسورە. ئامانجی ئەم نووسینە خوێندنەوە و نمایشکردنی بابەتێکی ئەکادیمییە، دەیەوێت لە سروشتی پەیوەندیی نێوان (شکستی دەوڵەت و سیستەمی حوکمڕانی) بگات. کە لێرەدا مەبەست لە سیستەم و دەسەڵاتێکی فەرمانڕەوایی دیاریکراو نییە، بە ئەندازەی ئەوەی گەڕانە بە دوای ئەو وەڵامانەی کرۆکی ئەو پەیوەندییە راڤە دەکەن. ئەم کتێبە چوار بەشە و لە هەر بەشێکدا چەردەیەک لە بابەتەکە تاوتوێ دەکات.
- پۆپۆلیزم و دیدگای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
- پۆپۆلیزم و دیدگای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: ئەم کتێبە لە نووسینی رێکەوت ئیسماعیل، بەشێکە لە زنجیرەی هۆشیاری حزبی، کە پێی وایە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشکی شێری بەرکەوتووە لەو شاڵاوانەی کە حزب و رێکخراوە پۆپۆلیستەکان دەیکەنە سەری. ئەو حزب و رێکخراوانە کە ناو بە ناو سەرهەڵدەدەن و یەکەم لایەنیش یەکێتی دەکەنە ئامانج، هەندێکیان خێرا وەکو باڵۆنی فوو تێکراو فش دەبنەوە و هەندێکیشیان ماوەیەکی درێژتر بڕیان کردووە و ماونەتەوە. نووسەر لەو باوەڕەدایە کە  دەبێت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاگایانە لەگەڵ ئەم شەبەنگە لە سیاسەت مامەڵە بکات.  ئایا ئینتمای پۆپۆلیستی لە کوردستاندا بەهێزە؟ ئایا دیماگۆگن یان نوێنەرایەتی ئیرادەی راستەقینەی گەل دەکەن؟ کێن ئەوانەی پۆپۆلیستن و لە کام حزب و رێکخراودا خۆیان مەڵاس داوە؟ کامە بارودۆخی سیاسی دەبێتە هۆکاری سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم لە کوردستان؟ لەو نامیلکەیەدا وەڵام و شیکاری بۆ ئەو پرسانە کراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان