سەرنجێک بۆسەر شوێنەواری دارا لە باکووری کوردستان

ناوەندێکی سەرەکیی شارستانیی مرۆڤایەتی لە میسۆپۆتامیادا

02:26 - 2024-07-07
کەلتور
180 جار خوێندراوەتەوە

دارا شارێکی دێرینی مێژووییە و خاڵی کۆتایی دەشتی باکووری میسوپۆتامیایە لە باکووری کوردستان. بەگوێرەی سەرچاوەکانی شوێنەوارناسی، مێژووی ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی پێنج هەزار ساڵ پێش زایین  لە نێوان ساڵانی 491 بۆ 518ی زایینی-شەوە لەلایەن ئیمپراتۆریەتی رۆمانیی خۆرهەڵاتەوە ئاوەدانکراوەتەوە بۆ پاراستنی سنوورەکانی خۆرهه‌ڵاتی ئیمپراتۆریەتەکە لە بەرامبەر لەشکرکێشیی ساسانییەکاندا.
سنووری جیاکەرەوەی  دوو ئیمپراتۆرییەت
شارەکە لە سەردەمی رۆمەکاندا پێگەیەکی سەربازیی گرنگ بووە و دوا خاڵی جیاکەرەوەی سنووری ئیمپراتۆریەتەکە بووە لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتی ساسانییەکاندا.
له‌ قۆناغه‌كانی مێژووی كۆندا، دارای شاری شوێنه‌واری، ناوەندێکی سەرەکیی ژیان و خۆشگوزەرانی و رێڕەوێکی بازرگانیی گەرم بووە لە کوردستان و خۆرهه‌ڵاتی ناوەڕاستدا بەگشتی. 
شارەکە بە دیزاینێکی پێشکەوتوو بەراورد بە سەردەمی خۆی لە شێوەی ڤێللادا دروستکراوە. 
دیوارەکانی بە بەردی بەهێز دەورەدراوە کە پێویستییان بە بەرگریکردن نەبووە لە کاتی هێرشی نەیارەکانیاندا. 
بەهۆی پێگە و باڵادەستیی شاری داراوە بە درێژایی مێژوو، ئیمپراتۆریەتی رۆم و ساسانیەکان جەنگێکی سەختیان له‌سه‌ر کردووه‌. 
جگە لەوەش شارەکە لە پێش زایین و قۆناغەکانی دواتردا، ناوەندێکی سەرەکیی شارستانیی مرۆڤایەتی بووە لە میسۆپۆتامیای كۆندا. 
رەچەڵەکی کورد و ئەخمینییەکان
هەروەها لە سەدەی شەشەمدا ناوەندێکی گرنگی بازرگانی بووە و پێگەیەکی گرنگی جوگرافیی لە چالاکییە بازرگانییەکانی باكووری کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئۆراسیادا هەبووە. 
هاوكات شارەکە شوێنی زۆرێک لە شارستانییەکانی وەک: ئەخمینى و هوری و میتانی و میدیا و ئاشووری بووە.
لەوبارەیەوە مێژوونووسی دیاری رۆژئاوای كوردستان ساڵح حه‌یدۆ به‌ كوردستانی نوێی راگه‌یاند: دارا پایتەختی ئیمپراتۆرییەتی ئه‌خمینی بووه‌ لە پارێزگای ماردین و شارێکی زۆر کۆنە لە باکووری کوردستان کە لە شوێنێکی زۆر هەستیاردا بنیاتنراوە و گرنگی و پێگەی کوردستان لە ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا دیاری دەکات، بەڵام بەپێی بەڵگەی مێژوویی نەتەوەیی، کورد و ئه‌خمینییه‌كان یه‌ك گه‌لن و ره‌چه‌ڵه‌كیان یه‌كه‌، چونكه‌ چه‌ندین گۆرانیی کوردی هەیە دەربارەی تاجی شا دارای شانشینی ئیمپراتۆرییەتی ئه‌خمینی، هه‌روه‌ها لەنێو نەتەوەی کورددا ناوی دارا زۆرە. ئەمە ناوی پاشا دارای ئیمپراتۆریەتی هەخامەییەکانە.
وتیشی: ژێر زەوی و سه‌ر زەوییەکەی خاكی كوردستان کەشوهەوای کوردستان زۆر دەوڵەمەند و لەبارە، بۆیە هەمیشە بۆ زلهێزەکانی جیهان گرنگییەکی زۆری هەبووە.
هاتنی ئەسکەندەری مەکدۆنی 
کاتێک ئەسکەندەری مەکدۆنی لە ساڵی 400 -ی پێش زاییندا هاتووەتە خۆرهه‌ڵاتی ناوەڕاست و سەردانی شاری دارای کردووە، ئەمەش بەڵگەی گرنگیی شوێنەواری دارایه‌ لە باکووری کوردستان. 
بێگۆمان كوردستان هەمیشە بڕبڕەی پشتی سەرەکیی شارستانیی جیهان بووە.  
جێی ئاماژەیە، شاری مێژوویی دارا بە دووریی 30 کیلۆمەتر لە باشووری خۆرهەڵاتی ناوەندی پارێزگای ماردین و 20 کیلۆمەتر لە شاری نسێبینەوە دوورە. هه‌روه‌ها بە دووریی 3 کیلۆمەتر لە شاری عاموودای رۆژئاوای کوردستان دووره‌ و له‌ بناری چیای هۆزی ئۆمەریان له‌ ده‌شتی ماردین هه‌ڵكه‌وتووه‌.
 هاوكات پارێزگای ماردین دەوڵەمەندە بە چەندین شوێنەواری دێرین و ده‌ستپێكی سەرهەڵدانی شارستانییەتی مرۆڤایه‌تییه‌.

ئەم لاپەڕەیە ئەیاز هەرکی ئامادەی کردووە

بابەتە پەیوەندیدارەکان