میانڕەویی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی

10:21 - 2024-07-09
کەلتور
222 جار خوێندراوەتەوە

د.عومەر عەلی ئەحمەد 

لەم ساڵانەی دواییدا، هزری پەڕگیریی و توندئاژوەكان هەرێمی كوردستانییان تەنییوە، بەجۆرێك لە تێچن و نووسین و ڤیدیۆ و بڵاوكراوەكانییاندا،  هێرشی ناڕەوا و تانە و تەشەر بەرامبەر هەموو ئەو كەسانە بەكاردەهێنن، ‌وەكو ئەوان بیرناكەنەوە. زۆرجار ئەم كارە سەریكێشاوە بۆ كوشتن و تیرۆركردن. لە بەرامبەردا بڵاوكردنەوەی هزری ناتوندوتیژی و نێوەندگەرایی و میانڕوەیی لە ئاستێكی نزمدایە و لە راستیدا برەودان بەمە ئەركی سەرەكی حكومەت و دامودەزگا رەسمیی و نارەسمییەكان لەلایەك و خەمی زانكۆ و رۆشنبیر و ناوەندە رۆشنگەرەكانە لەلایەكی ترەوە.

كاری حكومەت دەبێت دابینكردنی ئارامیی و سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئایینی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە بێت

كاری حكومەت دەبێت دابینكردنی ئارامیی و سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئایینی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە بێت، لەنێو سەرجەم چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكاندا، لەم بارەوە دەبێت رێگربێت لە هەر كەس و لایەنێك كە پرسی پێكەوەژیان و قبوو‌ڵكردنی یەكتری دەخەنە ژێر مەترسییەوە. جیا لەوەش پێویستە لەسەر حكومەت لەبەرامبەر توندڕەوییدا كەلتوریی لێبوردەیی و ناتوندوتیژی لەلای تاكەكانی بچێنێت لە رێگەی سیستمی پەروەردەوە،‌ هەوەك (نجیب میقاتی) دەڵێت:(لێبوردەیی و نێوەندگەرایی و میانڕوەیی، رێگەی گەیاندنی نیشتمانە بە كەناری ئارامی). زیاد لەوەش میانڕەوی دەبێتە هۆی زیادكردنی رێزگرتن لەبیروباوەڕی یەكتر و دادپەروەریی و بڵاوبوونەوەی ئاسایشی كۆمەڵایەتی چونكە سەقامگیریی كۆمەڵایەتی بە توندئاژویی و پەرگیریی و یەكتر قبووڵنەكردن بەدی نایەت.
لەسەر ئاستی تاك و دەرووندروستی، بەڕێوەبەری سەنتەری عەون بۆ راوێژی دەروونی (د. عماد العون) پێی وایە:(پەیوەندییەكی بەهێز لەنێوان نێوەندگەرایی و میانڕەویی و دەرووندروستی هەیە، لە رێگەی ئەو پەیوەندییە ئەرێنیانەی تاك لەگەڵ خۆی و ئەوانیتر دەیبەستێ).
هەروەها ئەو لەو باوەڕەدایە كەسە میانڕەوەكان رەفتاری ئەرێنی و هەست و سۆزی ئەرێنی ئەنجامدەدەن و جیاوازییەكانی كەسانی تر قبووڵ دەكەن و لەم رێگەیەشەوە هەستی رازیبوون لەخۆیان بەدەستدەهێنن كە هۆكاریكە بۆ دەرووندروستی. 
دەگەینە ئەو باوەڕەی هەركات ئەو هەستەمان لادروست بوو كە بوونی ئەوانی تر بە جیاوازییەكانیانەوە بۆ ئێمە پێویستە، ئیدی وردە وردە پرسی پێكەوەژیانی ئاشتییانە و یەكتر قبوڵكردن چێ دەبێت، هەروەك هیگڵ دەڵێت:(بوونی ئەویتر بۆ من بنەڕەتی و گرنگە، ناتوانم  نە بە تەنیا ئازاد بم، نە بە تەنیا هۆشیار بم، نە بە تەنیا مرۆڤ بم). كەواتە بوونی ئەوانیتر و ئازادییەكانیان و بیروباوەڕییان گرنگ و پێویستە. هەربۆیە (دیفسۆن) دەڵێت:(مرۆڤی میانڕەوی كۆمەڵایەتی تاكێكە زیاتر بە ئاڕاستەی ئەوانیترە وەك لەخودی خۆی)، ئەمەش هۆكارێكی گرنگە بۆ دوركەوتنەوە لەخودپەرستی و هەوڵدانە بۆ پێكەوژیان و كاری دەستەجەمعی و یەكتر قبووڵكردن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان