ژنێک لە هەزاران ژن... گێڕانەوەی دیوێکی ئەنفال!

10:30 - 2024-07-10
کەلتور
228 جار خوێندراوەتەوە

رانانی: تەها سلێمان
ئامادەکردنی: گوڵناز عەزیز





لە نزیکەوە گوڵناز عەزیز (گوڵاڵەی گەرمیان) دەناسم، دەزانم ئەوان چەند عەوداڵی ئەوەن لەهەر شوێنێک خەمی کەسێکی بەجێماوی تاوانەکانی ئەنفال و جینۆساید هەبووبێت، بیگاتێ و تۆماری بکات. یان ببێتە بەشێک لە خەمی بەرامبەر و هاوکات هەمووانی لێ بەئاگابێنێتەوە.
(چیرۆکی ژنێک لە هەزاران ژن) کتێبێکە بە قەبارەی نیو(A4) و لەدوو توێی (98) لاپەڕەدا، ساڵی 2020 بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە بچووکە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا نووسینەوەی بەشێک لە (مێژووی زارەکیی جینۆسایدی ئەنفالە، دەتوانین بێژین یەکێک لە گرنگترین بەڵگەنامەکان و قورسترین  پرۆسەی تۆمارکردنە، چونکە ئاسان نییە لەناو کۆمەڵگەیەکی داخراودا (کەلتور و ئاین و دابونەرێتە جۆراوجۆرە کۆنخوازییەکاندا) بێیت و چیرۆکی دەربازبوونی ژنێک لەناو هەزاران ژندا لەزاری خۆیەوە تۆماربکەیت، کە هەر لەسەرەوە و لەبەر زۆر هۆکار، نەتوانیت بە ناوی راستەقینەی خۆیەوە چیرۆک و ئازارەکانیت بۆت باس بکات و بگێڕێتەوە.
گوڵناز دەڵێت:( لەکاتێکدا من ئەم باسە دەنووسم 30 ساڵ بەسەر ئەم رووداوەدا تێپەڕدەبێت، بەڵام بۆ قوربانییەکان و بۆ منیش کە لەنزیکی پارچەیەک لەو خاکە سووتماکە دەژیم، لە رۆژانی ڕووداوەکەدا ئاوەزی ئەوەم بوو، چی روودەدات و بەشێک لە خزمان و ناسیاوەکانمان بەر شاڵاوی ئەو تاوانە کەوتن)!
بەم دەربڕینە گوڵناز دەیەوێت پێمان بڵێ (30 ساڵە جینۆسایدی ئەنفال و کاریگەریی ژانی برینەکانی لەناومادا دەگەڕێ، 30ساڵە ئەم خاکە پارچەیەک سووتانە. 
ئەو باسی 1988 بۆ 2018 دەکات، بەڵام دڵنیاشە لەوەی  30 ساڵی تریش ئەو خاکە بە ئاگری جینۆسایدی ئەنفال دەسووتێ و پشکۆیەکە لەسەر هەناومان.
ئەو چیرۆکە ئەگەر بهاتبا و بکرایەتە رۆمان و لەسەر بەرگەکەی (کوردبوون بسڕدرابایەتەوە) دڵنیام دەکەوتە پێش خەڵاتی نۆبڵ و مرۆڤایەتی لە ئاست ئازارەکانیدا بۆ هەمیشە دەچوونە کڕنۆشەوە، بەڵام لەبەرئەوەی چیرۆکی ژنێکی جینۆسایدی ئەنفالە، بە فەقیری لەناو خۆماندا دەستاو دەست دەکات.
با لەو باسە گەڕێین، بەچی دەردیسەرییەک گوڵناز دەستی دەگاتە چیرۆکی ئەم ژنە جینۆساید زەدەیە، ئەوەتا دوای ئەوەی دەستی بەسەرە داوی چیرۆکی ئەنفالکردنی ژنێک دەگات و دەیەوێ چیرۆکی ئازارەکانی تۆمار بکات، گەورەترین گرفت و خەمی ئەوەیە، ناتوانێ بەناوی راستەقینەی خۆیەوە چیرۆکەکەی تۆمار بکات، چونکە لە کۆمەڵگایەکدایە سەرباری جینۆساید و ئەنفالکردنی، ناتوانێ بەناوی راستەقینەی خۆشییەوە ئازارەکانی بگێڕێتەوە؛ بۆیە بەناچاری و نابەدڵی بەدوای ناوێکی خوازرودا دەگەڕێ، بۆئەوەی ئەم بەڵگەنامە گرنگە لەفەوتان بپارێزێت.
بۆیە ئیتر ناوی راستەقینەی ئەو دەبێتە مەراقی هەموومان، بەڵام گوڵناز دێت و (خەندە) دەکاتە ناوی خوازراوی ئەو، کەواتە ئێمە سەرەڕای مەراقمان بۆ زانینی ناوی راستەقینەی ئەم ژنە، تەنیا خەندە دەناسین و گوێ لە چیرۆکی خەندە دەگرین و هەر خەندەش دەمانباتەوە بۆ سەر خەرمانی یادەوەرییەکی تفت و تاڵ، کە ئاسان نییە مرۆڤ بتوانێت لەئاستیدا هەست بە بەرپرسیارێتی نەکات. لە هەموویشی پڕئێشتر، ئەوەیە ئیتر ناوی هەموو ئەندامانی خێزانەکەی (خەندە) دەبێتە ناوی خوازراو، چونکە ناوهێنانی هەریەکێک لە خێزانەکەی دەبێتە هۆکاری ئاشکرابوونی ناوی راستەقینەی.
خەندە ژیانی هاوسەری لەگەڵ بەختیاری خوشکەزای باوکی پێکدەهێنێت، چیرۆکی هاوسەرگیری خەندە لەگەڵ خوشکەزاکەی باوکی، دنیایەک قسە هەڵدەگرێت و باشترە خۆت، لەگەڵ تەواوی چیرۆکی ئەنفالکردن و دواتر هەڵگرتنەوەی لەلایەن کەسێکی عەرەبەوە و پاشان بردنی و ئازار و ئەشکەنجەدانی لە کتێبەکەدا بخوێنیتەوە.
بۆ نموونە (دوای ئەوەی لە ئەمنی عامەی بەغا لە رەحمان مارەکرام، سەربازی ترمان لەگەڵ نەما، رەحمان سەیارەیەکی پەیداکرد، تەکسی بوو، منی هێنا بۆ ماڵی خۆیان)
تا ئێرە و ئێوە بڕۆن کتێبەکە بخوێننەوە؛ ئەوکات تێدەگەن (خەندە) کێیە و چی بەسەرهاتووە و چۆن لە زیندانەکان ئازاری چەشتووە و دواتر ئەفسەرێکی عیراقی هەڵیگرتۆتەوە و پاشان ئەو قۆناغە سەختەی ژیانی چۆن گوزەراندووە؟
تاوانی جینۆسایدی ئەنفال؛ هەزاران چیرۆکی خەندەکانی تێدایە و باوەڕیشم وایە هەر ئەم هۆکارەیە وای لە گوڵناز کردووە ناوی چیرۆک و گێڕانەوەکانی خەندە بنێ (ژنێک 
لە هەزاران ژن).

بابەتە پەیوەندیدارەکان