سەرژمێریی و کوردستانیبوونی کەرکوک

10:37 - 2024-07-16
کوردستان
215 جار خوێندراوەتەوە
کەرکوک لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا

محەمەد هەمەوەندی

دوای ئەوەی لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا، کورد هێزی یەکەمی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان بوو، بەوەش کوردستانیبوونی بۆ هەموو عیراق دەرخست، بەڵام بەڕای من خاڵێکی گرنگتر هەیە کە دەبێت بیری لێ بکەینەوە و هەوڵی بۆ بدەین، ئەویش سەرژمێرییی گشتییە لەمانگی یانزەدا. لەئێستادا هەموو هەوڵێک دەدرێت کە ژمارەی دانیشتووانی عەرەب لە کەرکوک زیاد بکرێت و کورد ببێت بە دووەم پێکهاتە لەپارێزگاکە. 
سەرژمێرییی دانیشتوان
لە زۆربەی وڵاتاندا، ھەر 10 ساڵ جارێک سەرژمێریی دانیشتوان دەکرێت، تا ئێستاش لە عیراق ھەشت سەرژمێریی گشتیی ئەنجامدراوە کە دوایینیان ساڵی 1997 بوو، ھەشت سەرژمێریی گشتیی لە عیراق ئەنجامدراوە، ئەوانیش سەرژمێرەکانی ساڵانی 1927، 1934، 1947، 1957، 1965، 1977، 1987، 1977.
بەپێی دوایین ئامار کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عیراق بڵاوکرابوویەوە، ژمارەی دانیشتوان گەیشتووەتە، 42 ملیۆن و 248 ھەزار و 883 کەس، بە بۆچوونی شارەزایان لە عیراق، سەرژمێرییەکەی ساڵی 1957، سەرکەوتووترین پرۆسەی سەرژمێرییە کە تا ئێستا ئەنجامدرابێت، ئەوەش لەبەر ژمارەیەک ھۆکار لەنێویاندا، تاقیکردنەوەی ئەزموونی بۆ پرۆسەکە لە رۆژی 14 حوزەیرانی 1957، بەشداریکردنی نوێنەر و شارەزایان نەتەوە یەکگرتوەکان لە پرۆسەکە، ھەروەھا ئەنجامدانی خولی راھێنان بۆ فەرمانبەرانی فەرمانگەی رەگەزنامەی گشتیی و ھەڵمەتی فراوانی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بانگەشەکردن بۆ بەشداریکردنی ھاووڵاتییان لە پرۆسەکەدا، دابەشکردنی فۆرمی سەرژمێرییەکە بەسەر ھاووڵاتییاندا، بۆ ئەوەی خۆیان فۆرمەکە، پڕبکەنەوە.
ھەر لەبەر ئەوە، تا ئێستا لە عیراق کار بە سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٥٧ دەکرێت، بەڵام لەمەشدا چەند مەسەلەیەک پشتگوێ دەخرێت و کاری پێناکرێت ئەوانیش: 
1- کۆچی گەنجان.
2- ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە.
3- شەڕی داعش.
ئەم هۆکارانە وایان کردووە ژمارەی هاووڵاتی کەم بکات بەڕێژەیەکی بەرچاو.
هەروەها دوو سەرژمێریی لەو ھەشت سەرژمێرییەی کە لە عیراق ئەنجامدراون، دانیان پێدا نەنراوە، یەکێکیان سەرژمێرییەکەی ساڵی 1965، ئەوەی دیکەیش سەرژمێرییەکەی ساڵی 1997.
بەڵگەیەکی تری کوردستانیبوونی کەرکوک
بەڵگەیەکی تری کوردستانیبوونی کەرکوک، سەرژمێریی دانیشتوانەکەیەتی لە (1957) دا بۆ نمونە: ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای کەرکوک بەکورد و عەرەب و تورکمان و کلدوئاشورەوە لە ساڵی (1957) (279000) کەس بووە کە (178000) ی کورد بووە، بەڵام لە سەرژمێریی ساڵی (2003) ژمارەی دانیشتوان دەکاتە (756000) کەس کە زیاتر لە (400000) یان کورد بوونە، ئەمە جگە لەو کوردە ئاوارانەی کە بێلانەو دەربەدەرن و تا ئێستاش نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی باووباپیرانیان. 
لەکۆتایی ئەمساڵدا هەلێکی زێڕینترمان لەبەردەستدایە، بۆ ئەوەی بەتەواوەتی کوردی بوونی کەرکوک بسەلمێنین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان