قیرتاوكردنی رێگەی بالیسان لە كۆتاییدایە

11:46 - 2024-07-16
کوردستان
249 جار خوێندراوەتەوە

جێگر خدر

ئەو دیارییە داراییەی سەرۆكی یەكێتی كە لە یادی كیمیابارانكردنی دۆڵی بالیسان بە دانیشتووانی سنوورەكەی بەخشی، چەندین پرۆژەی گرنگی پێ جێبەجێكرا، ئێستا قیرتاوكردنی رێگەی بالیسان-شكارتە لە قۆناغی تەواوبووندایە.
مەهدی مستەفا بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەسەر راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بە هەوڵی راستەوخۆی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، پرۆژەكانی ناحیەی بالیسان كە ماوەیەكی زۆر بوو پەكیانكەوتبوو، كەوتوونەتەوە كار و كاركردنیش بەردەوامە، رێگەی بەستنەوەی بالیسان بە شكارتە، كە ماوەیەكی زۆر بوو بێكەڵك ببوو، ئێستا كاركردن لە قۆناغی كۆتاییدایە، وتیشی: رێگەكە، ستراتیژی و گرنگە، پارێزگاكانی سلێمانی بە هەولێر و دهۆك، هەروەها ئیدارەی راپەڕین بە ئیدارەی سۆران دەبەستێتەوە، 23 كیلۆمەتر و نیو درێژییەكەیەتی و بودجەی تەرخانكراویش بۆی حەوت ملیار و 698 ملیۆن دینارە.
ئەمساڵ لە یادی كیمیابارانكردنی دۆڵی بالیساندا، بە بڕیاری سەرۆك بافڵ، بڕی زیاتر لە یەك ملیار دینار بۆ تەواوكردنی چەند پرۆژەیەك، وەك دیارییەك پێشكەشی دانیشتووانی دۆڵی بالیسان كرا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان