یەکێتی، ئاوی خواردنەوە بۆ چەند گەڕەكێکی هەولێر دابین دەكات

12:01 - 2024-07-16
کوردستان
331 جار خوێندراوەتەوە
دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ژمارەیەك گەڕەكی هەولێر لەلایەن یەکێتییەوە

تەها عەبدوڵڵا

ژمارەیەک ئەندام و كادری یەكێتی، بە تانكەر ئاوی خواردنەوە بۆ ژمارەیەك گەڕەکی هەژارنشین دابیندەکەن.
فەهیمە سابیر لێپرسراوی ئیدارەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە هەولێر بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: وەك هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە خەڵك لە هەولێر و دەوروبەری، ئەندام و كادرانی یەكێتی، ئاوی خواردنەوەیان بۆ ژمارەیەك گەڕەكی شارەكە دابینكردووە كە گرفتی كەمئاوییان هەیە، وتیشی: ئە‌و گەڕەكانە لە خێزانە كەمدەرامەتەكانن‌ و توانای كڕینی ئاوی خواردنەوەیان نییە و هەڵمەتەکەش بەردەوام دەبێت.
فەهیمە سابیر ئاماژەی بەوەشكرد کە هۆكاری كەمی ئاو لە شاری هەولێر كەساڵانە دووبارە دەبێتەوە، بۆ نەبوونی كارەبای بیرەكانی ئاو دەگەڕێتەوە،  بۆیە لەگەڵ كەمبوونەوەی سەعاتەكانی پێدانی كارەبا ئاوی ئەو گەڕەكانەش نامێنێت.
 پێیوابوو: ناكرێ شارێكی وەك هەولێر كە پایتەختی هەرێمی كوردستانە خەڵكەكەی بێ ئاوبن،  بەڵكو پێویستە رێگەچارەی بنەڕەتی بدۆزرێتەوە، هەروەها كاربكرێت بۆ بەفیڕۆنەدانی ئاو‌و نۆژەنكردنەوەی بۆڕی ئیفرازەكان، ئەمە جگە لەوەی پێویستە لەكاتی دروستكردنی یەكەیەكی نیشتەجێبوون یان باڵەخانەی بەرز، بیر لە چۆنیەتی دابینكردنی ئاو بكرێتەوە، نەوەك لەسەر حسابی خەڵكی هەژار‌و گەڕەكە كەمدەرامەتەكان ئاو بۆ ئەو شوێنانە دابین بكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان