«دەستپێكردنەوەی پێشینەی خانوبەرە و گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان»

كۆمەڵەی كرێنشینان: دابەشكردنی زەوی كێشەی كرێنشینانی چارەسەر نەكردووە

12:04 - 2024-07-16
کوردستان
273 جار خوێندراوەتەوە

 تەها عەبدوڵڵا


لەگەڵ هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران كە ئێستا فۆڕمی وەرگرتن ئاراستەی وەزارەتەكان كراوە، كۆمەڵەی كرێنشینان پێشنیار دەكات لەگەڵ ئەو هەنگاوە پێویستە پێشینەی خانوبەرە دەستپێیبكرێتەوە كە ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی قەیرانی دارایی وەستاوە، پێشیانوایە دابەشكردنی زەوی لە رابردوو كاریگەریی نەكردۆتەسەر نەهێشتنی قەیرانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی كوردستاندا.
كارزان رەسوڵ وتەبێژی لقی هەولێری كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەهۆی ئەوەی تائێستا نزیكەی 500 هەزار كرێنشین لە هەرێمدا هەیە، پێمانوایە دابەشكردنی زەوی نیشتەجێبوون بەسەر فەرمانبەران هەنگاوێك دەبێت، لەپێناو كەمكردنەوەی قەیرانی نیشەجێبوون و باشتربوونی ئابووریی هاووڵاتیان بەتایبەتی مووچەخۆران، وتیشی: لە رابردوودا رێژەیەكی زۆر زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دابەشكرا، بەڵام بەشی زۆری فەرمانبەران و چینوتوێژەكان نەیانتوانی سوود لەو زەویانە وەربگرن بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون، كە هۆكارەكەی نەبوونی پێشینەی خانوبەرە و نەگەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بوو بەو جێگایانە، یان دوورەدەست بوون، یان مۆڵەتی رێگەپێدان بەو كەسانە نەدەدرا و زەوییەكانی هەشتی حەسارۆكیش لە هەولێر، نموونەیەكی زۆر ئاشكرایە.
ئاماژەی بەوەشكرد: بۆئەوەی ئێمە بتوانین كێشەی نیشتەجێبوون چارەسەربكەین، پێویستە حكومەت هەرێم لەگەڵ دابەشكردنی زەوی، پێشینەی خانوبەرە دەستپێبكاتەوە، تا لەلایەك مووچەخۆران زەوییەكانیان هەرزان فرۆشن نەكەن، لەلایەكی تر ئەو هەنگاوە ببێتەهۆی كەمكردنەوەی رێژەی كرێنشینان.
كارزان رەسوڵ پێشنیاری ئەوەشی كرد كە زۆرجار لەجیاتی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا كە ئەزموونێكی باشمان لەگەڵیدا نییە، باشتر دەبێت ئەگەر حكومەت خۆی یان لەڕێگای كەرتی تایبەتەوە خانو‌و و شووقە دروست بكات‌ و بەسەر فەرمانبەران ‌و كەمدەرامەتاندا دابەشیبكات، بەمەش رێژەی كرێنشینان كەمدەبێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان