وەرزشكارانی شارەزوور بۆچی نیگەرانن؟

یاریگایەک لە شارەزوور هەیە و کەم و کوڕیی زۆرە

12:16 - 2024-07-16
وەرزش
210 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد تۆفیق نەورۆڵی


لە قەزای شارەزوور، نزیكەی 36 تیپی میللی تۆپی پێ هەیە، بەسەر ئاستەكانی پلەیەك، پلە دوو و پلە سێدا دابەش بوون، بەڵام قەزاكە خاوەنی یەك یاریگای گەورەیە و هاندەران و وەرزشکاران، نیگەرانن لە كەموكورتییەکانی یاریگاکە و نەبوونی یاریگای زیاتر.
چۆمان عەبدول رەحیم، وەرزشكار و چاودێری یاریگای (خالی كاكەم) لە قەزای شارەزوور، بە كوردستانی نوێی وت: لە قەزای شارەزوور یەك یاریگای گەورە هەیە، كە یانەی وەرزشی شارەزوور سەرپەرشتی دەكات، ئەویش یاریگای (خالی كاكەم)ە، ساڵی 2011 - 2012 دروستكراوە، دواتر ساڵی 2021 لە لایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بەشێوەیەكی زۆر باش نوێژەن كراوەتەوە.
چۆمان وتیشی: لەم یاریگایەدا زۆربەی هەرە زۆری وەرزشکارانی شارەزوور كار و چالاكییە وەرزشییەكانیان ئەنجام دەدەن، جیا لەوەش یانەی شارەزوور پشتیوان و هاوكاری لیژنەی تیپە میللییەكانی قەزای شارەزووریشە، چونكە لیژنەكە هیچ یاریگایەكی نییە بۆ چالاكییەكانی، بۆیە پشتی بەیاریگای یانەی وەرزشی شارەزوور بەستووە.
شوێنی شیاو بۆ هاندەران لە یاریگاکەدا نییە
باسی لەوەشكرد: یاریگای (خالی كاكەم)، گرفتێکی گەورە بەرۆكی گرتووە و تائێستاش چارەسەر نەكراوە، ئەویش نەبوونی شوێنی شیاوە بۆ دانیشتنی هاندەران، بۆیە بەداخەوە هاندەران بۆ تەماشاكردنی یارییەكان لەسەر بەرد و بلۆك دادەنیشن، ئەمەش لە وەرزی زستان و هاویندا دەبێتە گرفتی گەورە بۆ هاندەران، هەروەها نەبوونی ڕوناكی و ئاوپرژێنی یاریگاكە بەهۆی خراپبوونی دینەمۆكانەوە گرفتی دیكەی بۆ یاریگاکە دروست کردووە.
ئەو وەرزشكارە، لە كۆتایدا ئەوەشی وت: داواكارم لایەنی پەیوەندیدار بەدەم كێشە و گرفتی وەرزشکاران و وەرزشدۆستانی قەزای شارەزوورەوە بێن و گرفتەكان چارەسەر بكەن، لەپێناو زیاتر گەشەكردن و پەرەدان بە بواری وەرزش لە قەزاكەدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان