پێشمەرگەی سلێمانی لە قۆناغی پلەی ئۆفدایە

یارییەكانی ئاڵۆز بوون

12:18 - 2024-07-16
وەرزش
173 جار خوێندراوەتەوە

تیپی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بۆ سەركەوتن بۆ خولی ئەستێرەكانی عیراق ئەركی سەرشانی قورس بووە و چەند یارییەكی سەخت چاوەڕوانی دەكات.
ئەم تیپەی شاری سلێمانی، توانی بگاتە دوا قۆناغی یەكلا كەرەوەی یارییەكانی خولی نایابی یانەكانی عیراق تا لەم قۆناغەوە بگاتە خولی ئەستێرەكانی عیراق، بەڵام بەهۆی دۆڕاندن و یەكسانبوونێك لە یاریگای خۆیدا ئەو هەلەی لەدەست خۆیدا و نەیتوانی راستەوخۆ بگاتە ئەو خولە.
لە هەفتەی پێشكۆتایی قۆناغی دووەمدا لە یاریگای خۆیدا میوانداریی لە تیپی یانەی مەسافی كرد، لەم یارییەدا دوو خاڵی گرنگ و ئاسانی لەدەستی خۆیدا و 2-2 لەگەڵ مەسافی یەكسان بوو، ئەم یەكسان بوونە چووە پاڵ دۆڕاندنی یەكەم یاریی ئەو قۆناغەی یارییەكان، كاتێك لە هەفتەی یەكەمی یارییەكانیشدا بەهەمان شێوە هەلی یاریگا و هاندەرانی لەدەستی خۆیدا و 0-1 بە ئیتیساڵات دۆڕا، لەدەستدانی  ئەم 5 خاڵە، وایكرد بكەوێتە گێژاوێكی سەختەوە بۆ سەركەوتن بۆ خولی ئەستێرەكانی عیراق.
ئێستا پاش تەواو بوونی یارییەكانی قۆناغی دووەم و یەكلاكەرەوە، پێشمەرگە دووەمی گروپەكەیەتی، دیالە بەیەكەمی راستەوخۆ گەیشۆتەخولی ئەستێرەكانی عیراق، مەرجی سەركەوتنی پێشمەرگەش بۆ ئەو خولە ئەوەیە:
*دووەمی گروپەكەی بووە.
*ئێستا چۆتە قۆناغی پلەی ئۆف و یارییەكی یەكلا كەرەوە لەگەڵ رومادی دووەمی گروپی یەكەم دەكات، ئەم یارییەش بڕیار دراوە رۆژی هەینی ئایندە 19/7 لە بەغدا بكرێت.
*براوەی ئەم یارییەش ئەگەر پێشمەرگە بوو، جارێكی تر دەچێتەوە یارییەكی تری پلەی ئۆف لەگەڵ دۆڕاوی یاریی نێوان 17 یەم و 18 یەمی ریزبەندیی كۆتایی خولی ئەستێرەكانی عیراق، واتە چەند یارییەكی قورس چاوەڕوانی پێشمەرگەیە بۆ سەركەوتن بۆ خولی ئەستێرەكانی عیراق، ئەمە لەكاتێكدا ئەگەر یەكەمی گروپەكەی بوایە، ئەوا نەدەكەوتە ئەم گێژاوەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان