سەرۆک بافڵ: دروستکردنی بەربەست لە بەردەم هەڵبژاردن، کوردستان بەرەو دۆخێکی نەخوازراو ئاڕاستە دەکات

04:53 - 2024-07-16
کوردستان
233 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە وەفدێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەرۆکایەتی کلاودیۆ کۆردۆن، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق بۆ کاروباری سیاسی و هاریکاریی هەڵبژاردن کرد.

لە دیدارەکەدا پرسی هەڵبژاردن، ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوەکرا، بەردەوامیی گفتوگۆی بونیادنەرانەی لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور و پاراستنی مافی هەموو لایەک جەختیلێکرایەوە.

لەبارەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و بەڕێوەچوونی لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، پابەندین بەو وادەیەی کۆمسیۆن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریکردووە و پێویستە هەموو لایەنەکانیتریش پابەندبن، دواخستن و دروستکردنی بەربەست لە بەردەم پڕۆسەکە نەک خزمەت ناکات، بەڵکو هەرێمی کوردستان بەرەو دۆخێکی نەخوازراو ئاڕاستە دەکات.

دۆخیی ئەمنی و هەوڵەکان بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە تەوەرێکیتری دیدارەکە بوو و لەوبارەیەوە سەرۆک بافڵ وتی، هەڵوێستی ئێمە روونە و پشتگیریی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن دەکەین وەک باشترین بژاردە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاڵۆزترنەبوونی دۆخەکە، رێز لە سەروەری و ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ دەگرین و پێشوازیی لە هەر هەوڵێکیش دەکەین کە ئامانجەکەی بەرقەرارکردنی ئاشتی و کاری پێکەوەیی بێت لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان، سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەکرد، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سیاسەتێکی نیشتمانی و پابەند پاراستن و بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان هەنگاوی ناوە، بڕوای تەواومان بە کاری پێکەوەیی و هاوبەشیی راستەقینە هەبووە لە بەڕێوەبردنی وڵات و ویستوومانە هەموو لایەک لە چوارچێوەی دەستوور مافەکانیان پارێزراو بێت. پێویستە هەموو لایەکیش ئەو راستییە بزانن تاکڕەوی لە بەڕێوەبردن و سیاسەتی فەرزکردنی ئیرادە بەسەرچووە و ئەوەی وڵات پێویستی پێیەتی، ئاشتی و ئارامی و فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستەترە بۆ خەڵکە خۆڕاگرەکەی نەک ململانێی ناڕەوا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان